هەولێر: بەڕیوەچوونی مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی

رۆژی ۲ی۷ی۲٠۱۹ لە شارۆچکەی بەحرکەیی سنووری پارێزگای هەولێر بەئامادەبوونی بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف کاروباری ئایینی بەوەکالەت و بەڕێز د.عبدالله مەلا سەعید گرتکی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د. حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەی باڵای فەتواو ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و بەشێکی بەرچاو لە شێخانی تەریقەت و زانایانی ئایینی و فەقێ و قوتابی زانستە شەرعیەکان و بەرپرسی حزبی و حکومی و کەسایەتی سنوورەکە مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی بۆ شەش مامۆستای ئایینی بەڕێوەچوو.


سەرەتای ئاهەنگەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکردو ئینجا وتاری بەخێرهاتن لە لایەن مامۆستا مەلا تاهیر بەحرکەیی پێشکەش کراو، پاشان د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف بە وەکالەت وتەیەکی پێشکەش کردو رۆڵی ئەو جۆرە مەراسیمانەی بەرز نرخاند.


دواتر لەوتارێکدا بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و پیرۆزبایی لەو شەش مامۆستایەی بڕوانامەی زانستیان وەرگرت، دەستخۆشانەی ئاراستەی هەردوو مامۆستای رێزدار مامۆستا مەلا تاهیرو مامۆستا مەلا تەییب بەحرکەیی کرد لە ئاست ئەو خزمەتە گرنگ و گەورەی لەبواری زانست و پێگەیاندنی مەلاو مەدرەسەی علومی شەرعی پێشکەشیان کردووە.


دواتر تیشکی خستە سەر رۆڵ و پێگەی زانایانی ئایینی کورد لەخزمەتکردنی ئیسلام و پەروەردەو پێگەیاندنی موسڵمانان و زانستەکانەوەو نمونەی وەک مامۆستا مەلا عبدالکریمی مودەریسی وەک شانازیەکی درەوشاوەی ئەو مەیدانە خستە روو، کە پێشەنگێکی دیاری سەر ئاستی کوردستان و عیراق بوو، کە تەنها بڕوانامەی مەلایەتی هەبوو ئەو خزمەتە سەنگین و زۆرەشی پێشکەش کرد.


هەروەها گوتی: چەندەی بە رێڕەوی گەورە زانایان و مەنهەجی رەسەنی زانستە شەرعیەکان بدرێت، ئەوەندە زیاتر خزمەتی شایستەی لێ دەکەوێتەوە دوور لەهەر توندی و تێک گیرانێک.


پاشان مامۆستا مەلا تاهیر بەحرکەیی ناوەڕۆکی ئیجازەنامەی زانستی خوێندەوەو بڕوانەمەشی بەخشی بەهەر یەک لە بەڕێزان( مەلا یاسین تەحسین ئاغا زراری و مەلا احمد مەلا عوسمان گەزنەیی و مەلا سەعدون عبدالله سورچی و مەلا رابەر سەلام سنجاوی و مەلا تاریق اسماعیل بۆتانی و مەلا شیڤان کەریم سورچی) کە مەراسیمەکەیان بۆ رێکخرابوو.


دواتریش بەخویندنەوەی چەندین سروودو پارچە پەخشان و دابەشکردنی شیرینی مەراسیمەکە کۆتایی هات.


شایەنی باسە مەدرەسەی بەحرکە یەکێکە لەو مەدرەسانەی جێدەستی لە خزمەتکردنی زانست و پێگەیاندنی مامۆستای ئایینی هەیە لە کوردستانداو تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری مامۆستای ئایینی لەو مەدرەسەوە بروانامەیان وەرگرتووە.