له ژماره (61) ڕۆژنامه‌ی په‌یامدا سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان وته‌یه‌كی زێڕینی فه‌رمووبوو، نیشانه‌ی چاوكراوه‌یی و زانایی ده‌رخست، ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه: نابێت مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان بۆ فه‌توادان به كار بێت.
له ڕاستیدا من زۆر دڵخۆش بووم به‌م وته شیرینه، كه له ڕۆحی زانسته‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ، چونكه ئه‌گه‌ر فه‌تواكان یه‌ك نه‌خرێن ئه‌وا خه‌ڵكی نه‌خوێنده‌وار دووچاری ده‌یان فه‌توای دژیه‌ك ده‌بنه‌وه، كه نازانن ڕاستیان كامه‌یه، له شارێكدا دوو ئه‌ندامی خێزانێك ده‌چنه دوو مزگه‌وت، كه چی دوو جۆر فه‌توا ده‌هێننه‌وه، بۆ نموونه یه‌كێك له براكان له مزگه‌وتێك گه‌ڕابوویه‌وه وتبووی ده‌بێت به پاره سه‌رفتره بده‌ین چونكه سودی بۆ فه‌قیر هه‌یه، برایه‌كه‌ی تری له مزگه‌وتێكی تر بوبو كه گه‌ڕابوویه‌وه وتبوی: به پاره وه‌كو ئه‌وه وایه سه‌رفتره‌ت نه‌دابێت و ئه‌بێت قه‌زای بكه‌یته‌وه.
به‌م جۆره خێزانێك كه ناتوانن به دوای به‌ڵگه و ڕاست و دروستی فه‌توا بكۆڵنه‌وه دووچاری دوو فه‌توای دژ به یه‌ك ده‌بنه‌وه، وه هه‌ویره‌كه‌ش ئاو زۆر ده‌كێشێت، ئه‌گه‌ر به پاره ئه‌یده‌ن ئه‌ڵێن نابێت، ئه‌گه‌ر به خواردن ئهیدون، ئه‌ڵێن: ده‌ی فه‌قیره‌كه هیچ سودی لێ نه‌دیوه، كه‌وا بوو مانای سه‌رفتره به‌دی نه‌هاتووه.
ئێستا من لێره حه‌قم له تهرجیحدانی فه‌توایه‌ك نییه له‌م فه‌توا، ته‌نها به‌زه‌ییم به‌م خێزانه‌دا دێت وه‌كو ئه‌وه‌ی خێزانێكی خۆمان منداڵێكمان نه‌خۆش بكه‌وێت بیبه‌یته لای دكتۆرێك بڵێت: ئه‌م ده‌رمانه بخوا ئه‌مرێت و دكتۆرێكی تر بڵێت: ئه‌گه‌ر نه‌یخوا ئه‌مرێت!!! چیمان لێ به سه‌ر دێت و دونیامان چۆن لێ ده‌بێته چه‌رمی چاوی چۆله‌كه!!!
كه‌وابوو بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م دڵه‌ڕاوكێ ئه‌بێت مه‌رجه‌عێك هه‌بێت و حه‌سمی ئه‌م بارودۆخه نائه‌منییه بكات، وه ئاسایشی ماڵه‌كان به فه‌توایه‌ك حه‌سم بكرێت و له گه‌ڵ ئه‌وه كه‌سیش بۆ خۆی مولزه‌م نییه به‌و فهتوزایهی ده‌ری ده‌كه‌ن، به‌ڵام موفتی لاكۆڵان نابێت ته‌عمیمی فه‌توا بكات.
ئه‌گه‌ر مامۆستایه‌ك فه‌توایه‌ك لای راجح نه‌بێت ئه‌توانێت خۆی كاری پێ نه‌كات، به‌ڵام نابێت ئاسایشی ماڵانی پێ تێك بدات و براو برا یان باوك و كوڕ بداته گژ یه‌كتردا له سه‌ر ڕاست و دروستی فه‌توا یان ناڕاستی.
به‌ڵام ...
ئه‌مه هێشتا كاتی ماوه، نه‌ك له به‌ر ئه‌وه‌ی كه ناتوانرێت فه‌رزی كارێكی له‌م جۆره بكرێت، نه‌خێر ده‌توانین بڕیارێك ده‌ربكه‌ین هه‌ر كه‌س فه‌توای لاوه‌كی بدات ئیجرائاتی له گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ر كێشه‌ی گه‌وره‌ترمان بۆ ده‌كات و قه‌ناعه‌ت دروست ناكات و مه‌گه‌ر هه‌ر به‌ده‌م مه‌حكه‌مه و كێشه بین.
بۆ عیلاجی ئه‌م حاڵه‌ته ده‌بێت هه‌نگاو هه‌ڵبگیرێت بۆ كاراكردنی لیجنهكانی فه‌توا، سه‌یری چالاكی مامۆستای ئاینی و توانای گه‌ڕانی به دوای فه‌توا و عیلاجكردنی كێشه‌كان بێت، ئاگاداری مامۆستا له یاسای باری كه‌سێتی و وریایی له كێشه یاساییه‌كان... به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه هێشتا فه‌تواكان هی سه‌رده‌مێكن مه‌حاڵه له‌م سه‌رده‌مه ئیشی پێ بكرێت.
بۆ نموونه، كه‌سێك ته‌ڵاقی سێ به سێ ده‌كه‌وێت، لیجنه‌ی فه‌توا خۆی هه‌ر تێناگه‌یه‌نێت، خۆ ئه‌مه سه‌رده‌می سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێشوو نییه ماره به‌جاش بكرێت، مه‌جبور كابرا له زه‌لامێك بگه‌ڕێت كه بۆی به ته‌ڵاقێك حسێبی بكات، و له‌و هه‌موو قاڵ و سه‌رئێشه ڕزگاری بێت.
یه‌ك دوو سێ... به‌م جۆره میسداقییه‌تی لیجنه‌ی فه‌توا نامێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لیجنه‌ی فه‌توا خۆی له‌و ئاسته‌دا دابنێ كه له به‌ر پێویست بۆ قازانجی گشتی و پاراستنی مه‌قاسیدی شه‌ریعه فهوتاكان به پێی پێویست بۆ خه‌ڵكی بگۆڕێت وه‌كو پاره‌دان بۆ سه‌رفتره كه له مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعیدا نابێت به‌ڵام له به‌ر پێویست موته‌ئه‌خیرین فه‌توایان به جه‌واز داوه، ده‌با لیجنه‌ی فه‌تواكان خۆیان به كه‌م نه‌زانن و فه‌تواكانیان با ببێته سه‌رمه‌شق بۆ زانایانی پاش خۆیان و ئه‌مان ببنه موتهئهخیرینی زاناكان بۆیان.
هه‌ركه وابوو ئه‌وا خه‌ڵك له بری ئه‌وه‌ی داڵده‌ی ببا بۆ لاكۆڵان لیجنه‌ی فه‌توا هه‌موو كێشه‌كان عیلاج ده‌كه‌ن و به‌ده‌م كێشه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ن و به پێی پێویست فه‌تواكان بۆ خه‌ڵكی ئاسان ده‌كه‌ن.
ئه‌و كات ده‌توانین لیجنه‌ی فه‌توا بكه‌ینه مه‌ڕجه‌ع و هه‌ر كه‌س سه‌رپێچی له فه‌توایان بكات به‌وه‌ی ته‌عمیمی فه‌توای تر بكات و كێشه له خه‌ڵكدا دروست بكات، به كاری نائارامی و تێكدانی ڕه‌وشی ئه‌منی حسێب بكرێت و خاوه‌نه‌كه‌ی تووشی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ببێته‌وه.
بۆ گه‌یشتن به‌م قۆناغه پێویستمان به چه‌ند ڕێگه‌یه‌ك هه‌یه و هه‌وڵی جیددی ده‌وێت به تایبه‌تی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان ده‌بێت چه‌ند هه‌وڵێك بدات تا بگه‌ینه ئه‌م ئاسته، كه پشتیوان به خوا له چه‌ند وتارێكی تردا ڕوونی ده‌كه‌مه‌وه، خوا یارمه‌تیده‌رمان بێت.
* ئیمام و خه‌تیبی مزگه‌وتی شێخ عبد القادری گه‌یلانی و كارگێڕی ناوچه‌ی كه‌لاری یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی له كوردستان. |