زانایانى ئاینى لە توركیا: پرسى كورد لە 4 وڵاتدا بوونى هەیە

دیاربەكر 25 تشرینى یەكەم/ئۆكتۆبەر (ئاكانیوز) – زانایانى ئاینى لە توركیا جەخت دەكەنەوە پرسى كورد لە چوار وڵاتانى وەك توركیا، ئێران، عێراق و سووریادا بوونى هەیە، بەڵام چارەسەركردنى پرسى كورد لە توركیا پێویستى بەپشتیوانیى وڵاتە هاوسێكان هەیە".

diyanetbildiriزانایانى ئاینى لقى دیاربەكرى وەقفى ئاینەكانى توركیا لە دوو رۆژى رابردوو كۆبوونەوەیەكیان لە ژێر ناوونیشانى "تێڕوانینى زانایانى ئاینى لەمەڕ پرسى كورد" ساز كرد و ئەمڕۆ راگەیەنراوى كۆتاى كۆبوونەوەكەیان بڵاو كردەوە.

لاى خۆیەوە عومەر ئێڤسەن سەرۆكى لقى دیاربەكرى وەقفى ئاینەكانى توركیا بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) راگەیاند پرسى كورد تەنیا پرسى توركیا نییە، بگرە پرسى ئێران، عێراق و سووریاشە. چارەسەركردنى پرسى كورد لە توركیا بۆ وادەیەكى دیاریكراوە، واتە دەرمانێكە بۆ چارەسەرى نەخۆشییەكى كاتى، بەڵام چارەسەركردنە گەورەكەى پرسى كورد لە هەر چوار وڵاتدا پێویست بەكارێكى زۆر دەكات.

زیاتر گوتى "بۆ چارەسەركردنى پرسى كورد چەند پێشنیازێكمان خستووەتە گەڕ، كە برێتین لە درێژەپێدانى وادەى ئاگربەست، بۆ ئەوەى هەردوولایەن دەرفەتێكى گونجاویان پێ بدرێ بۆ چارەسەركردنى كێشە كەڵەكەبووەكان. بەپراكتیكى خوێندنەوەى وتارى ئاینی و وتارى رۆژانى هەینى بەزمانى كوردى بێتە پەسندكردن و جەخت لە برایەتى و دۆستایەتى نێوان پێكهاتە نەتەوەییەكان بكرێ. هەروەها بەزووترین كات كار بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەى دەستوور بكرێ".

"پشتگیرییەكى تەواوى خوێندن بەزمانى زگماك دەكەم، چونكە مافێكى سرووشتییە كورد داواى خوێندن بەزمانى دایك بكات" سەرۆكى لقى دیاربەكرى وەقفى ئاینەكانى توركیا واى گوت.

لە ماشەڵا دەكاك، و: هێمن جەمال