ئەمرۆ ۲۵ی۷ی۲٠۱۹ بە مەبەستی گفتوگۆی پرسە گرنگ و پەیوەستەکانی نێوان هەردوولاو تاوتوێکردنی کارنامەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی شاندێکی باڵای یەکێتی زانایان لەگەڵ وەزیری ئەوقاف و ستافی وەزارەت کۆبویەوە.
لەو دانیشتنەدا بەڕێز دکتۆر عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان پرۆژە پێشنیاری یەکێتی زانایانی بۆ کاری ئایندەی وەزارەتی ئەوقاف پێشکەش کردو گرنگی و بایەخی خاڵە پێشنیارکراوەکانی ناو پرۆژەکەشی لەو کۆبوونەوە بەتێرو تەسەلی روون کردەوە.
سەرۆکی یەکێتی زانایان رایگەیاند: ئامانج لەو پرۆژەیە هاوکاری و پاڵپشتی وەزارەتی ئەوقاف و هەنگاوێکی تازەیە بە ئاراستەی باشترکردنی دۆخی ئایینی و ئیدارەدانێکیسەرکەوتوانەو چاکترکردنی رەوشی گوزەرانی زانایان و پاراستنی پتری رێزو پێگەی بەرچاویان لە گۆڕەپانی کوردستان.
لەو هەنگاوەیەدا یەکێتی زانایان دەیەوێ بابەتی گوتاری ئایینی و پرسی فەتواو خوێندنی ئیسلامی و کارئاسانی بۆ مامۆستایانی ئایینی بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵاو بایەخدان بە حوجرەو پێداچوونەوە بە ئیدارەی مزگەوتەکان و موڵک و مەوقوفاتی ئەوقاف و نەهێشتنی رۆتین و گەندەڵی و بەرەنگار بوونەوەی بیری توندڕەوی و تیرۆر بەجددی کاریان لە پێناو بکرێت.
یەکێتی زانایان دەیەوێ وەزارەتی ئەوقاف وەک وەزارەتێکی حکومی و موڵکی هەمووان فاکتەری تەعزیزکردنی ئیسلام و راگرتنی سەنگ و تایبەتمەندی زانایان بێت، لەهەمان کات کار بکات بۆ رێکخستنەوەی مزگەوتەکان و بەرنامەی دروستکردنی مزگەوت و رەچاوکردنی پێوەرە شەرعیەکانی وتاری هەینی لە کوردستان.
ئەوەی زۆریش بەلای یەکێتی زانایانەوە گرنگە ئەوەیە، کە وەزارەت کار بکات بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایانی ئایینی.
پاشان وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پاڵپشتی و خۆشحاڵی خۆی بەو پێشنیارانەی یەکێتی زانایان دەربڕی و پێزانینی خۆی لەهەمبەر دڵسۆزی و نیشاندانی هەماهەنگی ئاراستەی سەرۆک و جێگرو ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی کردو بەڵێنی دا تەواو هاوکار بێت بۆ جێبەجێ کردنی ئەو هەنگاوانە. |