ڕونکردنەوەیەک لە لقی ڕانیەی یەکێتی زانایان

ڕونکردنەوەیەک لە لقی ڕانیەی یەکێتی زانایان دەربارەی گیرانی بەڕێز مامۆستا ملا ایوب سکتانی: بەڕێز مامۆستا ملا ایوب وەکو هەر مامۆستایەکی تری ئاینی بەشداری دەکات لە مەڕاسیمی (ژن مارەکردن =عقد زواج)ێک بە ئامادەبونی وەلی، و شاهید، و ڕەزامەندی کچەکە و لە مەجلیسی ئاشکرادا بەشێوەیەکی شەرعی عەقدەکەیان بۆ ئەنجامدەدات، دوای ئەوە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، کە هیچ پەیوەندی بە مامۆستاوە نییە و لایەنەکان سکاڵا لەسەر یەکتر تۆمار دەکەن، مامۆستاش بەتۆمەتی زەواج لە دەرەوەی مەحکەمە دەگیرێ. بۆیە ئێمە وەکو لقی ڕانیە ی یەکێتی زانایان ڕایدەگەیەنین: ١ـ تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی مامۆستایانی ئایینی ئاگادار نەکراون کە نەچن بۆ عەقدی زەواج. ٢ـ هیچ مامۆستایەک حەزناکات بۆ ژن مارەکردن هەر شەوە و بۆ ماڵێک بڕوات! بەڵام ئەوە واقیعێکە و خەڵک بە عەقدی مەحکەمە دڵی ئاو ناخواتەوە، و حاکمە بەڕێزەکانیش بۆ خودی خۆیان لای مامۆستایانی ئاینی ژن مارە دەبڕن!


بۆیە ئەگەر ئەمە هەڵە و تاوانە دەبێ حکومەت و پەڕلەمان ڕێگە چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە. ٣ـ یەکێتی زانایان بۆ بەرگرتن لەم جۆرە حاڵەتانە لە خولی پێشوی پەڕلەمان بە پڕۆژە یاسایەک داوای دیاری کردنی مەئزونی شەرعی کرد لە شارو شارۆچکەو گوندەکاندا بۆ کار و باری نیکاح و تەڵاق بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەبووەتە بڕیاری پەڕلەمان. ٤ـ ئێمە وەکو لق پشتیوانی و خزمەتی زانایانی ئاینی بە ئەرکی سەر شانی خۆمان دەزانین هەربۆیەش لەیەکەم ڕۆژەوە بە جددی لەسەر خەتین و هەم سەردانی مامۆستامان کردووە لە سجن، هەمیش لە ڕێگەی یاساناسانی دڵسۆز و خەمخۆر چاودێری کەیسەکە دەکەین و دڵنیاین بێ تاوانی مامۆستا دەردەکەوێت، و دەمانەوێت دۆسیەکە بەیاسایی کۆتایی پێ بهێنرێ. لێرەوەش سوپاسی بەڕێزان دادوەر و داواکاری گشتی و پارێزەرە خۆبەخشە دڵسۆزەکان دەکەین. ٥ـ مامۆستا لە سجن زۆر ڕێز لێگیراوە و لە شوێنی تایبەتە، بۆیە سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی گرتوخانەی ڕاپەڕین دەکەین. ٦ــ هەر شتێکی تر بڵاو بکرێتەوە دەربارەی مامۆستا لە سەر ئەم دۆسیەیە نا دروستە، و خاوەنەکەی بەرپرسیار دەبێ.


لەگەڵ ڕێزمان.


لقی ڕانیەی یەکێتی زانایان. ٢٧ ی ٨ ی ٢٠١٩