بهمەبەستی پیرۆزباییكردن بهبۆنهی 49هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 2019/9/22 ، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و به یاوەریی شاندێكی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی پهرلهمان و ژمارەیەک لە ئەندامانی پهرلهمان له فراکسیۆنە جیاوازەکان سەردانی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستانی کرد و لەلایەن مەلا عهبدوڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان و ستافی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتییەکە پشوازیی لێکرا.
لەسەردانەکەیدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بهناوى سهرۆكایهتیی پهرلهمانهوه پیرۆزبایی 49هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستانى له سهرۆك و ستافی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتییەکە كردو رایگهیاند: ئهو یهكێتیی زانایانهی كه لەسەر دەستی رابەری کوردستان نەمر مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1970 دامەزراوە، جەختیشی لەسهر پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم ئاین و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان کردەوە کە یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە قوڵترکردنەوەی زیاتری ئەم پێکەوەژیانە.
داواشی لە یەکێتییەکە کرد رۆڵی خۆیان بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی کوردستان بگێڕن لەو زەمینەسازییە سیاسییەی کە ئێستا لە ئارادایە بۆ نووسینەوەی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان و پرسی چاکسازی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
لەلایەن خۆیانەوە سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان وێڕای سوپاسگوزارییان لە بەشداریکردنی پەرلەمانی کوردستان لە بۆنەی ساڵیادی دامەزرادنی یەکێتییەکەیان، هاوکات بەڵێنیاندا هەموو توانایەکیان بخەنەگەڕو هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بە پەیوەندیگرتن لەگەڵ وەقفی سوننەو شیعەو حەوزە شیعییەکانی عێراق بەمەبەستی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانیان و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. |