ئەمرۆ 1ی10ی2019 بەرێز د. بەشیر خەلیل جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کردو بە گەرمیەوە لەلایەن بەرێز د. عبداللە مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی پێشوازی کرا.
لە دانیشتنێکی دۆستانەدا کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە هەردوولا قسەو باسیان لێوە کرا، بەتایبەت بارودۆخی ئێستای عیراق و ناوچەکەو پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداو پتەوکردنی ئاستی پەیوەندیەکانی نێوان دەزگاو دامەزراوە ئایینیەکانی کوردستان و عیراق.
جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە لەرێی کاری پەرلەمانی و لە چوارچێوەی دەستوورو یاسا کێشەکان چارەسەر بکرێن و کوتلە کوردیەکان بە تەبایی و یەک هەڵوێستی هەوڵی دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی کورد لە بەغدا بدەن.
لەلایەن خۆشیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق سوپاسی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانی کرد لەسەر ئەو هەست و هەلوێستە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانیانەی کاری لەسەر دەکەن. |