سەرۆکی یەکێتی زانایان: لەدیداری زانایانی دەڤەری رانیە کۆمەڵێک پرس تاوتوێ دەکات

ئەمرۆ 2ی10ی2019 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێز مامۆستا مەلا عبدالله دەروکۆتری بەرپرسی لقی رانیەی یەکێتی زانایان و د. جعفر گوانی، لەدیداری لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی دەڤەری حاجیاوەو رانیە کۆمەڵێک پرس و بابەتی تاوتوێ کرد.


دیدارەکە لەلایەن ناوچەی حاجیاوەی یەکێتی زانایان بۆ سەرۆکی یەکێتی زانایان ساز کرابوو، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە زانایان ئاشنا بن بە پلان و بەرنامەی کارو هەنگاوەکانی ئێستای یەکێتی زانایان.


سەرەتای دیدارەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی خۆی ئاراستەی ئامادەبووان و بەتایبەت ناوچەی حاجیاوەی یەکێتی زانایان کرد، کە دەستپێشخەر بوون لە ئەنجامدانی چالاکیەکی گرنگی لەو شێوەو رۆلی زانایانی دەڤەرەکەی بە گرنگ و ئەرێنی وەسف کردو بەرز نرخاند.


دواتر سەرۆکی یەکێتی زانایان تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگی زانستی و ئایینی و پیشەیی، بە مەبەستی بەرچاو روونی پتری مامۆستایانی ئایینی بەتایبەت لە دۆخی ئێستاو روو بەڕوو بوونەوە لە گەڵ پێشهاتەکاندا.


سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە بابەتی هۆکارەکانی راجیایی زانایان و ئەو چوارچێوە زانستیانە کرد، کە گەورە زانایانی پێشوو بەو پەڕی ئەدەبەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، کە ئەمە پێشینەیەکی گرنگە بۆ قۆناغی ئێستا سەبارەت بە رێز لە یەکتر گرتن و قبوڵکردنی جیاوازیەکان و راگرتنی تەبایی و برایەتی و سەقامگیری لە ناو کۆمەڵگەدا.


لەبەشێکی تری وتەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە گرنگی بایەخدان بە خوێندنی ئایینی و حوجرەو توێژینەوەی زانستی کرد، کە گرنگە زانایانی ئایینی بایەخی پێ بدەن و وەک هەمیشە خەمخورانە لە خزمەتی ئەو بوارە دابن.


لەبەشێکی تری قسەکانی ئاماژەی بە ئەرکی مامۆتسایان و هاوکاریان لە پرۆژەو پێشنیارو بەدەمەوە چوونی پرسە گرنگ و نیشتمانیەکانەوە کردو جەختیشی لەوە کردەوە، کە یەکێتی زانایان هەموو توانایەک دەخاتە گەڕ بۆ پێشکەش کردنی پرۆژەی گرنگ بەئاراستەی خزمەتی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی، لەو نێوەشدا پرۆژە یاسای مەئزونی شەرعی وەک نمونە هێنایەوە، کە یەکێتی زانایان ئامانجیەتی کار لەسەر بکات بۆ ئەوەی رێگری لەو حاڵەتە نەخوازراوانە بکات، کە لە رووی کۆمەڵایەتی و باری کەسیەوە روو دەدەن.


دواتر بەرێز د. جەعفەر گوانی بابەتێکی پێشکەش کردو تیشکی خستە سەر پێگەو پیشەی زانایانی ئایینی بەتایبەت لەو دۆخەی ئێستا، کە پێویستی بە بەرچاو روونی و هۆشیاری زیاتر هەیە،


هەروەها باسی ڕۆڵی زانایان لە قۆناخی ئێستادا بەتایبەتی هەستكردن بە ڕۆحی پەیامداری بەوەی كاری بانگخوازی بكرێتە گەیاندنی پەیامی هەقویستی و قوڵكردنەوەی برایەتی و پاراستنی ئارامی مزگەوت و دووركەوتنەوە لەو ململانێ سەقەتانەی مامۆستایانیان دابەشكردوونە
سوپاس بۆ پێشوازی گەرمیان کرد.


لەلایەن خۆشیانەوە مامۆستایانی ئامادەبوو بە سەرنج و پێشنیار سیمینارەکەیان دەوڵەمەنتر کردو کۆمەڵێک پرس و پێشهات قسەو باسی لێوە کرا.