روونکردنەوەیەک لەسەر فەتوای تایبەت بە راگرتن و کوشتنی سەگ

دوا بەدوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە بەرواری 8ی10ی2019 لەبارەی راگرتن و کوشتنی سەگ فەتوایەکی بڵاو کردەوە، لێکدانەوەی جیا جیا و خوێندنەوەی هەڵە بۆ ناوەرۆکی فەتوایەکە کرا، لەسەر ئەم پرسە راگەیاندنی یەکێتی زانایان بە پێویستی زانی روونکردنەوە یان لێدوانی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای فەتوا وەربگرێت.


لەو بارەوە بەرێز د. عرفان رەشید وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای فەتوا بە سایتی زانایانی راگەیاند: ئەم فەتوایە یەکێکە لە فەتواکانی ئەنجومەنی باڵای فەتواو لە بەرواری 8ی10ی2019 له وڵامی پرسیاری هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدارە، کە لە رێی لقی شارەزووری یەکێتی زانایان بە نوسراويان ژمارە 20 لە بەرواری 24ی9ی2019 ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کراوەو ئێمەش وەک ئەرکی پیشەیی و خزمەتی هاوڵاتیان بەم کارە هەڵساوین، کە بەداخەوە بەشێکی زۆر لە ڕەخنەگران بێ گەرانەوە بۆ بەرواری دەرچوونی فەتواکە رەخنەی ئەوە دەگرن گوایە لەدوای رووداوەکانی ئەم دواییە ئەنجومەنی باڵای فەتوا سەرقاڵی بابەتی لەو شێوەیەو قسە لەسەر بابەتی لاوەکی دەکات.


هەروەها گوتیشی: بەشێک لەوانەی رەخنەیان گرتووە لەوە ئەچێ ناوەرۆکی فەتوایەکەیان نەخوێندبێتەوە، چونکە فەتوایەکە هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ئاژەڵی سەگی خستۆتە ڕوو، چونکە وەک ئاماژەی پێ کراوە، ڕاگرتنی سەگ بۆ بواری پاسەوانی و ڕاو كردن دۆزینەوەی تاوانبارو بەدەرخستنی ماددە هۆشبەرەكان هیچ گرفتێکی شەرعی نیە، بەڵام ئالوودە بوونی (إدمان) کەسێك بە راگرتنی سەگ بە جۆرێک دایببڕێت لە خوێندن و پێشکەوتن، دوور بکەوێتەوە لە پێشکەوتنە زانستیەکان ئەوە بۆ ئەم جۆرە کەسانە دروست نیە.


د. عیرفان رەشید گوتیشی: ئێمە باش ئەو ڕاستیە دەزانین کە بەخێوکردنی ئاژەڵان بەجۆرێک بپارێزرێن لە برسێتی و نەخۆشی ئەرکێکی پیرۆزەو ئایینی پیرۆزی ئیسلام جەختی لەسەر دەکاتەوە، چەندین نمونەشمان لە سوننەتی پێغەمبەر (درودى خوای لەسەر بێت) هەیە، کە بەهۆی رزگارکردنی سەگێک لە تێنوێتی پیاوێک دەڕواتە بەهەشتی بەرینەوە، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر سەگەكە سەگێکى دڕندەو بەرەڵا بوو و هەرەشەى هەبوو بۆ سەرگيانى خەڵك كە لە شەرعدا بە ( الكلب العقور) ناسراوە ئەوا پێویستە بە شێوازی تایبەت بە دەزگا تایبەتمەندەکانی حکومەتەوە بێتە چارەسەرکردن و رێکاری پێویست بگیرێتە بەرو لەناو ببرێت، کە بێگومان پارێزگاری كردن لە گيانى مرۆڤەکان لە پێشینەو بژاردەی یەکەمە لە ئیسلامدا..