کاردانەوەی دامەزراوە ئایینیەکان سەبارەت بە بڵاوبوونەوە هەواڵی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەپ سەرۆکی ئەمریکا رۆژی 27ی10ی2019 هەواڵی کۆژرانی گەورە سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی بڵاو کردەوە، کاردانەوەی جیا جیای دامەزراوە ئایینیەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.


لەو بارەوە بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی زانایان گوتی: کوژرانی بەبوبەکر بەغدادی مانای ئەوە نیە کە شانە خەوتووەکانی داعش کۆتاییان هاتبێ، بەڵکو پێوستە دامەزراوە ئایینیەکان لەرێی هەمانگی زیاتر هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو هزرە توندڕەوە ئیرهابیە لە رەگو ریشەوە دەربێنن.


رێکخراوی جیهانی دەرچووانی ئەزهەریش رایگەیاند: ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی رێکخراوی داعش گەیشتە سزای خۆی، چونکە خۆی و دارودەستەکەی لە ترساندن و کوشتنی موسڵمانان و ستەم و هێڕشکردنە سەر پیرو ئافرەت و منداڵ رۆڵی خراپیان بینی، بۆیە پێویستە هەموو موسمانێک ئەو راستەیە بزانێ کە ئەوانە وێنەی راستەقینەی ئیسلامیان شێواندووە، کە لە بنەڕەتدا ئایینی رەحمەت و ئارامی و سەقامگیریی تێکرای خەڵکە، بەڵام ئەوان بە خوێن رشتن و کوشتن و ستەم و داگیرکاری پیشانیان دا.


هەر لەو بارەوە رێکخراوی جیهانی دەرچوانی ئەزهەر لە بەیاننامەکەیدا رۆژی 27ی10ی2019جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە بەهەموو شێوەیەک بەرەگاری لە هزری تیرۆر بکرێت و بەهیچ شێوەو هۆکارێک پەردەپۆش و هاوکاری نەکرێن، چونکە ئەوەی هەماهەنگیان بێت شەریکی ئەوانە لەوەی ئەنجامی دەدەن.


لە کۆتایی بەیاننامەکەیان رێکخراوی جیهانی دەرچوانی ئەزهەر هۆشداری دەداتە گەنجان لە تەواوی جیهان، کە نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو گروپە تاوانبارانە، یان بخەڵەتێن بەهۆی خوێندنەوە هەڵەکانیان بۆ دەقە پیرۆزەکان، جەختیش لەوە دەکەنەوە، کە خزمەتی ئیسلام تەنها لەرێی زانست و کاری جوانەوە دەبێت، نەک بە کوشتن و وێرانکاری و تێکدان.


هەروەک بەشی چاودێری فەتوای توندو تەکفیری لە خانەی فەتوای میسڕ ئەوەی رایگەیاندووە، کە کوژرانی سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی دەرگای ناکۆکی و دووبەرەکی زۆر لەناو شانەکانی داعش دروست دەکات بەتایبەت لە ناوچە دوورەکان لە عیراق و سوریان.