هه‌ر جارێك جه‌ژنی قوربان دێته‌وه هه‌رزو بێ ده‌سه‌ڵاتی خۆمان یه‌كسه‌ر روداوی خانه‌واده‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم مان به‌بیر دێته‌وه (د.خ.) تاوای لێهاتوه هه‌ركات جه‌ژن هاته‌وه هه‌مو خه‌ڵك ده‌زانن مامۆستا له مزگه‌وت ڕۆژی هه‌ینی چیڕۆكو به‌سه‌رهاتی سهربڕینهكهمان بۆ باس ده‌كات، بۆیه وتاره‌كان ئه‌وه‌نده دوباره‌ن ده‌گێڕنه‌وه له وتارێكی جه‌ژنی قوربان ده‌بێت مامۆستا سهربردهكه ده‌گێڕێته‌وه خه‌ڵك ده‌ست ده‌كه‌ن به‌گریان تا ده‌گاته كاتی سه‌ربڕینه‌كه هاوار دهكاتو ده‌فه‌رموێت:{ئیبراهیم ئیسماعیلی هێناو له‌سه‌ر ڕوو درێژكردو چه‌قوه‌كه‌ی له‌سه‌ر ملی دانا‌و.....} خه‌ڵكه‌كه زیاتر ده‌ستیان كرده گریان‌و موسڵمانێكیش ده‌ستێكی له‌وه‌ی ته‌نیشت خۆیداو پێی‌گوت كوره سهرینابڕێت نا ئه‌دی پاریش نهیگێراوه.
لێره‌دا مه‌به‌ستم تانه‌دان نیه له كهسو هه‌رگیز ناشڵێم دوباره‌كردنه‌وه شتێكی خراپه چونكه قورئان فه‌رمویه‌تی {وذكر فان الذكر تنفع المؤمنين} زۆر له ئایه‌ته‌كانی قورئان دوباره‌ن، به‌ڵام ده‌مه‌وێ له‌خزمه‌تتاندا بڵێم با ئه‌ودیوی دیمه‌نی به‌سه‌رهاته‌كان به خه‌ڵك ئاشنا بكه‌ین فه‌لسه‌فه‌و حیكمه‌تی ڕوداوه‌كان فێری بینهرانو بیسهرانو خوینه‌ران بكه‌ین كه ئه‌وه ئامانجی چیڕۆكه قورئانیهكانه {لقد كان في قصصهم عبرة لاولي الالباب}.
سه‌ره‌تا پێویستهبزانین جه‌ژنی قوربان ڕۆژی ڕزگاربونه نه‌ك سه‌ربڕین،بۆیه كرایه جه‌ژن چونكه مرۆڤێك له مردن ڕزگاری بو {ومن أحياها فكأنما أحيا الناس جميعاً} بۆیه بوه جه‌ژنێكی جیهانی، به‌ڵكو ڕۆژی نزیكبونه‌وه‌یه له شته پێرۆزه‌كان چونكه (قربان)له (قرب)وه‌رگیراوه وه‌كو له قورئان هاتوه {قربانً اْلهه}، كه‌واته جه‌ژنی قوربان ڕزگار بونه له ماتهمینیو ڕۆژی نزیكبونه‌وه‌یه له خوا.
ئێستا كاتی ئه‌وه هاتوه گه‌شتێك بۆ ئه‌ودیوی وشه‌كان بكه‌ین،به‌نده هه‌ندێك شتم له‌و به‌سه‌رهاته هلێنجاوه له‌وانه‌یه له‌وه زیاتر لای جه‌نابت هه‌بێت:-
1- بزانه له هه‌ر پله‌یه‌كی ئیمانیدا بیت ئه‌وا له بازنه‌ی تاقیكرنه‌وه‌ی خوایی بهدهرنیت په‌روه‌ردگار هه‌موو به‌نده‌كانی خۆی تاقی ده‌كاته‌وه تاوه‌كو ئه‌ندازه‌ی ئیمانی خۆیان بزانن نه‌ك خوا چونكه ئه‌و عالیمی غه‌یبه، چونكه هه‌مو شتێك به‌ڵگه هه‌یه بۆ سه‌لماندنی كرده‌وه‌ی چاك‌و ده‌رچون له تاقیكردنه‌وه خواییه‌كان نیشانه‌ی پته‌وی ئیمانه،چون باوه‌ڕ له‌ناو دڵه‌و دیارنیه هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ ئاوێنه‌ی ئیمانه‌كه‌یه‌تی وه‌كو فه‌رمویانه (الایمان ماوقره فی القلب وقرره اللسان وصدقه العمل) ئه‌ندازه‌ی كرده‌وه چاكه‌كانی ئه‌و مرۆڤه ڕادده‌ی ئیمانهكیمان پێ نیشانده‌دات وه‌كو گێچ وایه،ئه‌مه‌یان له‌وه فێرده‌بین كاتێك كه ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ره‌و ئولولعهزمهو خهلیلولڵایه به‌و هه‌مو تاقیكردنه‌وه‌ی دهربهدهریو ههژاریوئاگرو بێ منداڵی تێدهپهڕێَ هێشتا ههرتاقیدهكرێتهوه ئه‌و جاره‌یان زۆر گه‌وره‌تر .
2- ده‌بێت خۆمان له فه‌رمانه‌كانی خوا نه‌دزینه‌وه، به‌ڵكو ملكه‌چانه به‌رامبه‌ر ئهمرو فه‌رمانی خوا ده‌ست له‌سه‌ر سنگ ڕاوهستینو دروشممان (لبیك وسعدیك والخیر كله فی یدیك) .
3- له‌به‌امبه‌ر خۆشه‌ویستی خوادا هه‌مو خۆشهوستیهكانی تر هه‌ره‌س دێنن‌و بچوك ده‌بنه‌وه، هه‌مو شتێك ده‌بێ فیدا بكرێت كاتێ فه‌رمانی خوا دێته پێشێ، ئیبراهیم ئاسا ڕۆله‌كه‌ی خۆشده‌وێت به‌ڵام نابێته ڕێگر له‌به‌رده‌م گه‌یشتنی به مه‌عشوقی ڕاسته‌قینه‌ی.
4- پرس‌و ڕاوێژ یه‌كێكه له بنچینه هه‌ره گرنگ‌و گه‌وره‌كانی ئیمان، تاده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی سوره‌تێكی قورئانی به‌ناوه، وپێغه‌مبه‌ریش(د.خ.) مژده ده‌دات به‌و كه‌سانه‌ی كه ڕاوێژ ده‌كه‌ن قه‌ت نادۆڕێن(ماخاب من استشار) ئینجا كاره‌كه بچوك بێت یان گه‌وره بۆ دونیا یا قیامه‌ت، سه‌یركه ئیبراهیم چه‌ند جوان فێرمان ده‌كات{فانظر ماذا تر‌ى}
5-بزانه هه‌ركاتێك نیه‌تی خێرت هێنا شهیتانو نه‌فس ڕێت پێده‌گرن، چونكه ڕێگای چاكه‌و به‌ده‌ست هێنانی به‌هه‌شت تهختو ڕاخراو نیه، به‌ڵكو پڕه له كۆسپ‌و ته‌گه‌ره وه‌كو شه‌یتان هاته سه‌ر ڕێی ئیبراهیمو ئیسماعیلوهاجهره خاتونیش.
6- دڵنیابه فێڵی شه‌یتان زۆر لاوازه ئه‌گه‌ر دروشمت {معاذ الله} بێت.
7- قوربانی فێری ئهولهویاتمان ده‌كات كه فه‌رمویانه (الكبیر للكبیر والصغیر للصغیر) چونكه {لن تنالوا البر حتی تنفقوا مما تحبون}
8- به‌سه‌رهاتی قوربانی فێری یاسای{ان مع العسر یسراً}مان ده‌كات، دواییش ده‌رسی ئه‌وه‌مان ده‌دات چاكه كردن پاداشتی تێدایه له دونیا پێش قیامه‌ت، وه‌كو له به‌پیره‌وه چونی فه‌رمانی له‌لایه‌ن ئیبراهیمه‌وه بوه مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئیسماعیل ببه‌خشێته‌وه به باوكی‌و ئیساحیقیشی بداتێ، نه‌كه‌ی تاقیكردنه‌وه خواییه‌كان بهچۆكت دابێنێ‌و كۆڵت پێبدات، به‌ڵكو بیانكه په‌یژه‌و پێان سه‌ركه‌وه به‌ره‌و به‌رزی.
9- وانه‌ی له هه‌موان گرنگتر‌و فه‌لسه‌فه‌ی له هه‌موان گه‌وره‌تر ئه‌ویه كه په‌روه‌ردگار ئه‌و شته‌ی لا گرنگ نیه كه ده‌یبه‌خشی به‌خوا،به‌ڵكو ئه‌و نیازه‌ی وا له‌پشتی كرده‌وه‌كانه ئه‌وه‌ی لامه‌به‌سته {لن ینال الله لحومها ولا دماوها ولكن یناله التقوی منكم}،بۆیه لای خوا ڕۆلهیكی پێغه‌مبه‌ر بێت كه ئیسماعیله یان به‌رانێك چونكه به نیاز پاكیه‌وه هاتۆته مه‌یدان پێی ده‌فه‌رموێت{قد صدقت الرۆیا}. |