رۆژی 18ی11ی2019 شاندی زانایانی کورد کە بەشداربووی خولی چوارەمی زانکۆی ئەزهەرن لە وڵاتی میسڕ سەردانی یەکەی چاودێری ئەزهەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەویان کرد، بەمەبەستی بینینی هەوڵ و هەنگاوەکانی ئەو یەکەیە لە بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەوی و راستکردنەوەی چەمکە ئاڵۆزەکان و رەتکردنەوەی هەوڵە نەزۆکەکانی گروپە توندڕەوەکان و چاودێری کردنی کاروباری موسڵمانان لە جیهان.
شاندەکە تەواوی یەکەکانی دەزگای ناوبراویان بەسەرکردەوەو کە 13 یەکە لە خۆ دەگرێت و بە زمانی عەرەبی و زمانەکانی تر کاری تێدا دەکرێت، هەروەک شاندەکە ئاشنای کارو هەنگاوەکانی لێکۆڵەرانی ئەو دەزگایە بوو، لە هەڵوەشاندنەوەی هەوڵ و گومانەکانی گروپە توند ئاژۆکان، کە خزاونەتە نێو جیهانی ئیسلامی و هزری گەنجانەوە.
لەلایەن خۆشیانەوە شاندی زانایانی کورد وێرای دەستخۆشی و ئاراستەکردنی سوپاسیان بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانی دەزگای چاودێری ئەزهەر لە بڵاوکردنەوەی رووی جوانی ئیسلام و بیری میانڕەوی و بڵاوکردنەوەی ئاشتی و رێگری کردن لە توندوتیژی و ئیرهاب.
دواتر شاندی زانایانی کورد داوایان لە بەرپرس و سەرپەرشتیارانی یەکەی چاودێری ئەزهەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی کرد، کە زمانی کوردی لە پاڵ زمانەکانی تر بەکار بهێندرێت و لەچوارچێوەی کارو پرۆژەکانیان رەچاو بکرێت.
بۆ ئەو مەبەستە بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگیەکی دەربڕی و جەختی کردەوە کە پێویستە زمانی کوردی هاوشێوەی زمانەکانی تر لەو یەکەیە هەژمار بکرەت. |