سەرۆکی یەکێتی زانایان: دەبێ حکومەت بایەخی زیاتر بە خوێندنی ئیسلامی بدات

رۆژی 22ی11ی2019 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان لە شاری هەولێر مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی بۆ شەش مامۆستای ئایینی لەلایەن بەرێز مامۆستا مەلا ئوسامە مەلا عبدالواحید بارەکی لە مزگەوتی موحەممەدیە بەرێوە چوو.


سەرەتای مەراسیمەکە بە خوێندنی قورئانی پیرۆز دەستی پێکردو پاشان وتەی بەخێرهاتن لەلایەن بەرێز مامۆستا مەلا ئوسامە بارەکی خوێندرایەوەو چەند وتارێکی تریش بەو بۆنەوە پێشکەش کران.


هەر لەو مەراسیمە بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، وێڕای پیرۆزبایی لە مامۆستایانی بڕوانامە وەرگر دەستخۆشی زۆری ئاراستەی مامۆستای بڕوانامەدەر کردو هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر لەو بوارە بۆ خواست.


دواتر تیشکی خستە سەر پێگەی حوجرەو زانست و رۆڵی زانایان لەبواری تەدریس و پێگەیاندنی مامۆستایان و خزمەتکردنی ئایین و نەتەوەو نیشتمان بە تێگەیشتن و بنەمای دروستی کوردپەروەری و راهێنان و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر ئایینداری و میانڕەوی دوور لەهەر گرژی و دەمارگیری و توندرەویەک.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: دەبێ بەهەمووان هاوکار بین بایەخ بە حوجرەوە تەدریس بدەین و بگەڕێینەوە سەر رێڕەوی زانستی و پەروەردەیی گەورە زانایان، وە دەبێ حکومەتیش لەو نێوەدا هاوکارو پالپشتی خوێندنی ئیسلامی و مەدرەسەی ئایینی بێت، چونکە ئەو هەنگاوە فاکتەری ئەدایەکی سەرکەوتووانەی ئایینداری و ئەهلی عیلمە لە کوردستان.


هەروەها گوتیشی: گرنگە لەگەڵ پرۆژەی چاکسازی گشتی بایەخ بە چاکسازی لە نێو ئەهلی عیلم بدرێتـ چونکە کەسانێک پەیدا بوون و خۆیان بە زاناو مەلا وەسف دەکەن، لەراستیدا شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەو بوارە نیەو لەهیچ ناوەندێکی مەعنی بەو پسپۆڕیە دەرنەچوون و نەیانخوێندووە، بۆیە دەبێ مەلا لە نامەلا جیا بکرێتەوەو رێگە نەدرێت لەو پەنایە کەسانێک ئیستغلالی دۆخەکە بکەن.


گوتیشی: ئێمە لە یەکێتی زانایان هەوڵی جددی و تەواو دەدەین بۆ خزمەتی رێبازی دروستی زانستخوازی و بایەخدان بە حوجرەو پاراستنی سەنگ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی، بۆ ئەوەی بتوانین بەجوانترین شێوە کاروانەکە بەرێوە ببەین.