سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا: فەتوا ئەركێكی زۆر مەترسیدارو قورسەو ناكرێت هەركەسە بۆ خۆی فەتوا بدات

لەدیمانەیەکدا لەگەڵ گۆڤاری (ژیان) بەرێز د. حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا پرسی فەتوا لە هەرێمی کوردستان گەنگەشە دەکات و چوارچێوەی زانستی فەتوادان دەخاتە روو، ئەو بنەمایانەش دەخاتە روو کە ئەنجومەنی باڵای فەتوا پشتی پێ دەبەستێت.


سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا دەڵێت: چونكە سیاسەت لەگۆڕانكاری بەردەوامدایە، بەڵام دینی خودا جێگیرەو ناگۆڕێت، فەتوادانیش ئاشكرایە ئەركێكی زۆر مەترسیدارو قورسەو مەرج‌و داڕشتەی تایبەتی خۆی هەیە لەئوسوڵی فیقهی ئیسلامیدا. ناكرێت هەركەسە بۆ خۆی لەسەر مینبەر فەتوا بدات، بەداخەوە هەندێك حاڵەتی نەخوازراوی نادروست لەو رووەوە هەیە پێویستە چارەسەر بكرێت.


هەروەها دەڵێت: فەتواكانی ئێمە پشت ئەستورە بەبەڵگەو بەستنەوەی فیقهی نوسراو لەتەك فیقهی واقیعدا لەدیارترین تایبەتمەندیەكانیەتی، ئەساڵەتی تێدایەو واقیع بینیشە.


لە بەشێکی تری دیمانە هاتووە: خەڵكێكی زۆر پرسیار دەنێرێت ئێمەش دانیشتنی بۆ دەكەین، واتە بەپێی موتەتەڵەباتی رۆژ‌و داخوازی خەڵكە، هەندێك جاریش ئێمە خۆمان دەزانین چ بابەتێك گرنگە‌و پێویستە خەڵك لەبارەیەوە حكومی شەرعی بزانن.


ئەمەی خوارەوە دەقی دیمانەکەیە:


 


 


د. حەسەن موفتی بۆ ماڵپەڕی ژیان: لەفەتواكانمان خاتری كەس ناگرین


ژیان: هەڤاڵ غالب


پرۆفیسۆر دكتۆر حەسەن موفتی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە، دەربارەی ناڕەزایەتی لەفەتواكان‌و دەڵێت، فەتواكانی ئێمەش لەبەر مەسڵەحەتی عەمر‌و زەید نییە، تەنها مەسڵەحەتی شەرعە.


ژیان: ئەو پایانە چین دەبنە بنەما بۆ فەتوادان؟


حەسەن موفتی: ئێمە بۆ فەتوادان پشت دەبەستین بەبەڵگەی شەرعی، یەكەم قورئانی پیرۆزە، دووهەمیان سوننەتی پێغەمبەرە (د.خ )، سێ یەم ئیجماعی زانایانی ئیسلامە، لەسەردەمی سەحابەوە(ڕ.خ ) ئیمامە موجتەهیدەكانی ئیسلام، چوارەمیش قیاسی روون‌و ئاشكراو دروستە، دواتر دەلیلەكانی تری شەرع وەك ئیستیصحاب‌و ئیستحسان ومەصڵەحەتی مورسەلە، هەروەها عورف‌و عادەتیش بەبەڵگە حیساب دەكرێـت بەمەرجێك لەگەڵ بنەماكانی شەریعەتدا یەك بگرێتەوە، ئەمە ئەو بەڵگانەیە ئێمە پشتی پێ دەبەستین ، بێگومان بەپێی پەیڕەوی فیقهی مەزهەبی ئیمامی شافعی‌و قەواعیدی ئوسوڵی‌و فیقهی‌و مەقسەدی ئەو مەزهەبە پیرۆزە كۆكەرەوەی تێكڕای میللەتی كوردە لەهەرچوار پارچەی دابەشكراودا، پاشان سێ پەیڕەوەكەی تری ئەهلی سوننەت لەكاتی پێویستی‌و زەرورەتدا. ئەگەر بابەتەكەش تازە بوو لەفیقهی نوسراودا وێنەی نەبوو، بێگومان لەسەر ئوسوڵی مەزهەب كۆششی تێدا دەكەین‌و بەتێكڕای دەنگ - یان زۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی باڵا(پازدە مامۆستایی ئاینی بەپسپۆڕیەكان)لەخۆ دەگرێت بڕیارەكە یان فەتواكە دەردەكەین.


 


ژیان: چۆن بابەتێك هەڵدەبژێرن‌و دەزانن گرنگە لەم كاتەدا فەتوای لەسەر بدرێـت؟


حەسەن موفتی: خەڵكێكی زۆر پرسیار دەنێرێت ئێمەش دانیشتنی بۆ دەكەین، واتە بەپێی موتەتەڵەباتی رۆژ‌و داخوازی خەڵكە، هەندێك جاریش ئێمە خۆمان دەزانین چ بابەتێك گرنگە‌و پێویستە خەڵك لەبارەیەوە حكومی شەرعی بزانن. لەو دوو سۆنگەیەوە بابەتەكان دیراسەت دەكەین‌و بەپێی پێویستی بابەتەكەو بەڵگەكانی فەتواكە دەنوسینەوە، لەئەنجومەن دوو جار خوێندنەوەی بۆ دەكەین‌و پاشان بڵاوی دەكەینەوە، فەتوای وا هەیە چەندین مانگ پێیەوە سەرقاڵ دەبین، بەڵام وەڵامدانەوەی سەرەكیمان لەسەر ئەو پرسیارە گرنگ‌و گشتگیرو هەنوكەیانەیە دێتە ئەنجومەنی فەتوا، چ بەئەلیكترۆنی ، چ بەنوسراو، چ لەلایەن دەزگا فەرمیەكان، یاخود لەلایەن هاوڵاتیان یانیش لەلایەن ناوەندە شەرعیەكان‌و لەلایەن لقەكانی لیژنەی فەتوای خۆمان لەسەنتەری پارێزگاكان‌و ناوچەكانی كوردستان.


 


ژیان: بۆچی زۆرجار فەتواكان ناڕەزایەتی یان قسەی هاوڵاتیانی بەدوادادێـت؟


حەسەن موفتی: پێمان وانیە زۆرجار بێت، بەپێچەوانەوە خەڵكی بەتایبەت زانایان بەسوپاسەوە گوێڕایەڵی فەتواكانن تەنانەت لەكوردستانی رۆژهەڵاتیش، بەڵام رێكدەكەوێت هەندێك فەتوامان یەكناگرێتەوە لەتەك بەرژەوەندی هەندێك كەس یان لەتەك باكگراوندو ئایدیۆلۆژیای هەندێك دەزگاو لایەنی سیاسی، تەبیعی لەوكاتانەدا ئەو كەسانە ناڕازین لەفەتواكان، كەسانێكیش هەیە لەناخدا بێباوەڕن بەئیسلام، ئەوانە لەخوای گەورە رازی نین، لەپێغەمبەرەكەی (د خ ) ڕەحمەتە بۆ هەموو خەڵك رازی نین، بۆیە چاوەڕوانی ناكەین لەفەتوای ئەنجومەنی باڵایش رازی ببن، پاشان وەك وتراوە( رەزامەندی گشت خەڵك غایەتێكە هەرگیز پەیدا نابێت‌و نایەتە جێگە)، فەتواكانی ئێمەش لەبەر بەرژەوەندی عەمر‌و زەید نییە، تەنها مەسڵەحەتی شەرع‌و شەرعڕەوان چۆن بێـت بەو شێوەیە دەبێت، چاوپۆشی لەهیچ كەس‌و لایەن‌و دەسەڵاتێك ناكەین، خاتری كەسی تیادا ناگیرێت، ناهێڵین هیچ لایەن‌و سیاسەتێك تەداخول لەكاری ئێمەدا بكات، بابەتی فەتواش وەهایە هەندێك كەس پێی رازین‌و هەندێكیش ناڕازی، بەڵام ئەوانەی شەرع ڕەو بن 100% رازی دەبن بەو فەتوایانە ، چونكە وەك گوتمان فەتواكانی ئێمە پشت ئەستورە بەبەڵگەو بەستنەوەی فیقهی نوسراو لەتەك فیقهی واقیعدا لەدیارترین تایبەتمەندیەكانیەتی، ئەساڵەتی تێدایەو واقیع بینیشە، لەكۆتایشدا گرنگ رەزامەندی خودایە نەك رەزامەندی خەڵك.


 


ژیان: دەوترێت لیژنەی فەتوا لەسەر بابەتە نەتەوەیی‌و نیشتمانییەكان هەڵوێستی جدییان نەبووە ، ئایا دەكرێـت ئاین بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی‌و نیشتمانییەكان بەكار بهێنرێـت؟


حەسەن موفتی: ئەو كەسانەی وا دەڵێن ئاگاداری فەتواو روونكردنەوەكانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا نین، ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەپاش ڕاپەڕینەوە كۆنگرەی دووەمی یەكێـتی زانایان بەستراوە لەو كاتەوە فەتوا دەدات‌و هەڵوێستی ئایینی‌و نیشتمانی لەهەموو بۆنەو كارەساتەكاندا دوژمنانی كوردو كوردستان بەسەر میللەتی ستەمدیدەی كورددا هێناویانە هەڵوێستی روون‌و ئاشكرای هەبووە، هەمووشی لەئەرشیفدا هەیەو تۆماركراوە، ئەو كەسانە ئاگاداری ئەرشیفی ئەنجومەنی باڵای فەتوا نیین، ئێمە چەند كتێبمان لەو ئەرشیفە دەركردووە زۆرێكیشیان لەبڵاوكراوەو گۆڤارو رۆژنامە‌و سایتی فەرمی یەكێتی زانایاندا بڵاوكردووەتەوە .


 


ژیان: دەربارەی بابەتی رۆژئاوای كوردستان هەڵوێستتان هەبوو؟


 حەسەن موفتی : ئێمە بەشێكین لەمەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان، من سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوام‌و ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێـتی زانایانم، ئێمە لەمەكتەبی تەنفیزی بەیاننامەی فەرمی ناڕەزاییمان دەركردووە‌و بەئاشكرا مەحكومی ئەو پەلاماردانەمان كردووە‌و بەلەشكركێشی ناومان بردووە، هەر لەسەرەتاوە داوای وەستانمان كردووە‌و داوای ئاشتیمان كردووە، وتومانە ئەو پەلامارە ئەنجامی نابێـت ئیلا بەزەرەر‌و زیان نەبێت‌و بەدەست درێژی‌و ستەم ناومان بردووە، لەبەرەی خەڵكی سڤیلی ستەم دیدەی رۆژئاوادا خۆمان بینیوەتەوە ، دەبێـت ئەوەش بزانرێت ئێمە ناوەندێكی سیاسی نیین، بەڵكو ناوەندێكی شەرعین، دەبێت لەهەر جێگەیەكی جیهانی ئیسلامیدا شەڕو كوشتارو ماڵوێرانی هەڵگیرسا ئاو بكەین بەئاگردا، نەك بەنزین بەئاگردا بكەین .


 


ژیان: بۆچی مامۆستایانی ئاینی یەك هەڵوێست‌و یەك وتار نین‌و لەمینبەرەكانەوە بەشێوەی جیاواز وتار دەدەن؟


حەسەن موفتی: ئەوە دەگەڕێـتەوە بۆ جیاوازی تەوەجوهی سیاسی‌و لێكدانەوەو خوێندنەوەی جیاوازی خودی مامۆستایان، ئێمە تەداخول ناكەین لەو بوارەدا، ئێمە پێمان باشە یەكڕیزی‌و یەك هەڵوێستی لەئەركە ئایینی‌و نەتەویەكاندا بپارێزرێت، لەڕووی ناڕەزای‌و ڕەخنەگرتنیشەوە پێمان باشە بەحیكمەت‌و پەندیاری بێت، دور لەتوندڕەوی‌و ئەوپەڕی‌و ئەمپەڕی. ئیختلافاتیش هەر هەبووە‌و هەر دەشمێنێت، هەموو ئیختلافێكیش دروست‌و باش نییە، پێویستە ئەوانەی بۆچونێكیان هەیە‌و دروست نییە‌و لەگەڵ بنەماكانی ئیسلام‌و بەرژەوەندی واقیعی ژیانی ئەم هەرێمەدا ناگونجێت‌و یەك ناگرێـتەوە لێی دوربكەونەوە بۆ ئەوەی نەبنە سەرچاوەی فیتنە، هەروەها پێویستە مامۆستایان خۆیان دوربگرن لەفەتوادان‌و مینبەر بەكارنەهێنن بۆ بەرژەوەندی هیچ تاك‌و لایەن‌و سیاسەتێكی نا شەرعی، بابەتیانەو هەستیارانە مامەڵە بكەن لەتەك روداوەكاندا، تەنها بۆ دینی خودا‌و بەرژەوەندی گشتی تێبكۆشن، چونكە سیاسەت لەگۆڕانكاری بەردەوامدایە، بەڵام دینی خودا جێگیرەو ناگۆڕێت، فەتوادانیش ئاشكرایە ئەركێكی زۆر مەترسیدارو قورسەو مەرج‌و داڕشتەی تایبەتی خۆی هەیە لەئوسوڵی فیقهی ئیسلامیدا. ناكرێت هەركەسە بۆ خۆی لەسەر مینبەر فەتوا بدات، بەداخەوە هەندێك حاڵەتی نەخوازراوی نادروست لەو رووەوە هەیە پێویستە چارەسەر بكرێت.