سەرۆکی یەکێتی زانایان: هاوکار دەبین بۆ بەرگریکردن لە مافی ئافرەتان

ئەمرۆ 15ی12ی2019 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی یەکێتی زانایان و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا پێشوازیان کرد لە شاندێکی پەرلەمانی کوردستان کە پێکهاتبوو لە نوێنەری هەرسێ لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و مافی مرۆڤ و ئافرەتان.


لە دانیشتنێکدا کۆمەڵێک پرس و بابەت بەتایبەتی بابەتی کاردانەوەکان لەسەر روونکردنەوەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا سەبارەت بە (حوكمی سه‌ركه‌وتنی ئافره‌ت به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری  ته‌كسی) کە لە بەرواری 4ی12ی2019 بڵاوکرایەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.


دوا بەدوای دانیشتنەکەش سەرۆکی یەکێتی زانایان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەو هەڵوێستی یەکێتی زانایان سەبارەت بە پرسی مافەکانی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو.


سەرۆکی یەکێتی زانایان لەو کۆنگرە رۆژانامەوانیە نیگەرانی خۆی بەرامبەر بەشێکی راگەیاندنەکان دەربڕی  سەبارەت بە گەورەکردن و بەلارێبردنی پرسەکەو گوتی: بەداخەوە لە دەزگاکانی راگەیاندن خوێندنەوەی زۆر هەڵە بۆ روونکردنەوەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کراو دڵنیام بەشێکیان هەر نەیانخوێندۆتەوە، چونکە ناوەرۆکی بابەتەکە پەیوەستە بە رێگری کردن لەو حاڵەتانەی گێچەڵ بۆ ئافرەتان دروست دەکرێ.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی:  ئەو هەنگاوە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و هەنگاونان نیە دژ بە یاساو مافە دەستوریەکان، بەڵکو یەکێتی زانایان هەموو کات هەوڵی داوە پێگەی ئافرەتان بەرز رابگرێ، لەرابردوو لە یاساکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و یاسای غسل العار و یاسای باری کەسی و خەتەنەکردنی ئافرەتان و هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی ئافرەتان رۆڵی دیارمان هەبووەو پشتیوانی دۆزی رەوای ئافرەتان بووینە، و لە ئایندەش هەماهەنگی زیاترمان دەبیت ..


لە بەشێکی تری قسەکانی گوتی: ئەو جۆرە روونکردنەوانە دەچنە چوارچێوەی ئامۆژگاری و رێنمایی شەرعی و بۆ خزمەتی هاوڵاتیانە، ئیدی ئەوە شتێک نیە ئیلزامی بێت، بەڵکو خەڵک ئازادە بۆ خۆی پابەند دەبێت یان نا.