ئوردەن: بە بەشداری کوردستان خولی زانستی نێودەوڵەتی چل و یەکەمینی نامەی عەممان بەڕێوە دەچێت

ئەمرۆ 15ی12ی2019 لە عەممانی پایەختی ئوردەن بە بەژداری هەریەکە لە بەرێزان دکتۆر شێخ محمد ئەحمەد ئەلخلایلە وەزیری ئەوقاف و کاروبارو موقەدەساتی ئیسلامی و ئەندازیار عبدالله ئەلعبادی ئەمینداری گشتی وەزارەتی ئەوقاف  و دکتۆر ماجد دراوشە موفتی گشتی هێزەکانی ئوردەن و دکتۆر خەلدون جوید پارێزگاری قویسمەو ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسی و ئایینی ئوردەن و وڵاتانی ئیسلامی، خولی 41مینی شرۆڤەی نامەی عەمان لە پەیمانگای مەلیک عبدالله ی دووەم بۆ پێگەیاندن و راهێنانی بانگخوازان بەرێوە چوو.


دەسپێکی کردنەوەی خولەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکردو دواتر بەرێز د. یوسف شبلی بە نوێنەرایەتی پەیمانگای مەلیک عبدالله دووەم وتەیەکی پێشکەش کردو وێڕای بەخێرهێنان تەئکیدی لە گرنگی ئەنجامدانی خولەکە و نامەی عەمان و بەرنامەی رۆژانی خولەکەی خستە ڕوو.


دواتر بەرێز دکتۆر ماجد دراویشە موفتی گشتی هێزەکانی ئوردەن وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا ئاماژەی بە رۆلی دیاری ئوردەن و هێزە ئەمنیەکان و حکومەت کرد، لە بەرنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی و خزمەتی ئیسلام و ئۆمەتی ئیسلامی، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی نامەی عەممان کرد، کە لە قۆناغێکی تایبەت هاتۆتە ئاراو رەنگدانەوەی زۆری هەبووە لەناوخۆی وڵات و دەنگدانەوەی ئەرێنی زۆریشی بەدوای خۆیدا هێناوە لە جیهانی ئیسلامی.


دواتر بەرێز دکتۆر محمد ئەحمەد ئەلخلایلە وەزیری ئەوقاف و کاروبارو موقەدەساتی ئیسلامی وتەیەکی پێشکەش کردو بەخێرهاتنی گەرمی بەشداربووانی کردو ئاماژەی بە گرنگی و ئامانجی دەورەکە کردو بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ ئوردەن و وەزارەتی ئەوقاف وەسفی کرد.


لەبەشێکی تری قسەکانی گوتی: نامەی عەمان پەیامێکی گرنگە بۆ ئوردەن و جیهانی ئیسلامی، چونکە رووداوەکان دەریان خست دەبێ بەشێوەیەکی زانستی و تێگەیشتنێکی هاوچەرخ بگەڕێینەوە بۆ ئیسلام و چەمکە بە بەهاو مرۆڤدۆستیەکان لەپێناو گەشەپێدانی شارستانیەت و نەهێشتنی هزری توندڕەوی و ئاژاوە.


هەروەها گوتی: نامەی عەمان کۆمەڵێک بنەمای گرنگی لەخۆ گرتووە، کە پەیوەستن بە خزمەتی مرۆڤایەتی و ئێستا هەموو دونیا پێویستیەتی، ئەویش بنەمای لێبوردەیی و یەکتر قبولکردن و دیالۆگ و رێزگرتن لە بەها کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکان.


گوتیشی: ئەو پەیامە زەمینەی گونجاوی بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی ئیسلامی بۆ ساز کردووین و بەو هۆیەوە تا ئێستا 41 دەورە لە ئاستی جیاوازو بە بەشداری چەندین وڵات بەرێوە چووە.


شایەنی باسە لەو خولەدا هەردوو بەرێز د. عومەر حسن مرۆ ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و مەلا عبدالله شێرکاوەی بەرپرسی راگەیاند وەک نوێنەری یەکێتی زانایان لەو خولە بەشدارن و بڕیار وایە خولەکە ماوەی هەشت رۆژ بخایەنێت.