شاندێکی زانایانی سودان سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ دووشەممە 16ی12ی2019 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا ئازاد کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازیان لە شاندێکی زانایانی کۆماری سودان بەسەرۆکایەتی بەرێز شێخ عوبێد کەڕار کرد.


لەدانێشتێکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای دەبڕینی خۆشحاڵی بەو سەردانە، بەگەرمی بەخێرهاتنی کردن بۆ کوردستان و یەکێتی زانایان و کورتەیەکی لە مێژوویی زانایانی کوردو کاری رێکخراوەیی یەکێتی زانایان باس کردو هەماهەنگی و پەیوەندی دۆستانەو دوولایەنەی نێوان زانایانی کوردو کۆماری سودانی تەئکید کردەوە.


لە بەشێکی تری قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە پێکەوەژیانی ئایینی و بایەخدان بە پرسی میانڕەوی و نەهێشتنی هزری توندڕەوی لە کۆمەڵگە کردو ئاماژەی بەوەدا کە هەموومان لەو هەنگاوە هاوبەشین و پێویستمان بە یەک بەرەیی هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی گیانی یەکتر قبوڵکردن و بنبڕکردنی تیرۆر.


هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە کوردستان ماڵی ئێوەیەو لەپێناو قوڵکردنەوەی پوەیەندیەکانمان ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگیەکین و خوازیارین ئەو ماوەی لە کوردستانن بەئاسودەیی بەسەری بەرن.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز شێخ عوبێد کەڕار بەناوی شاندەکەوە سوپاسی پێشوازی گەرمی یەکێتی زانایانی کردو خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانیان بۆ کوردستان و بەتایبەت دیداری زانایان دەربڕی و تەئکیدیان لە هەماهەنگی و پەیوەندی برایانەی بەردەوام کردەوە.