[فَإِذَا قَضَيْتُم مَّنَاسِكَكُمْ فَاذْكُرُواْ اللّهَ كَذِكْرِكُمْ آبَاءكُمْ أَوْ أَشَدَّ ذِكْراً]ألبقرة: 200
واتە: هەركات واجباتو مەناسكی حەجتان جێ بەجێ كرد یادی خوا بكەن هەروەك یادی بابو باپیرانتان دەكەن (كە لە ناو عەڕەب شتێكی باو بووە كە زۆر باسی بابو باپیرانی خۆیان دەكردو خۆیان پێ هەڵدەداوە) یان زیاتر لە بابو باپیرانتان یادی خوا بكەن.
* ئەو موسڵمانە بەڕێزانەی كە هێشتا ئەم سەفەرە پیرۆزەیان بە قسمەت نەبووە تكایە: كاتێ كە دەچنە لای حاجیان ڕەچاوی ئەم چەند خاڵانەی خوارەوە بكەن:
1- لێ بگەڕێن با حاجیەكان یەك دوو ڕۆژ ئیسڕاحەت بكەن ئینجا بڕۆن بۆ سەردانیو بەخێرهێنانەوەیان.
2- تكایە لەكاتی گونجاو بڕۆ بۆ سەردانی حاجیو هەروەها زووش هەڵسە، وەكو كوردەواری خۆمان گوتەنی: (تەشبیه نەبێت) مەیكەنە چایەخانە.
3- تكایە تەوقەكردن كیفایەتەو ئەوەندەی پێتان دەكرێت خۆتان لە ماچ كردن ببوێرن، لە فەرموودەی پێغەمبەرمان صلی الله علیەوسلم دا هاتووە: ((مامن مسلمین یلتقیان فیتصافحان إلا غفر لهما قبل أن یفترقا)) سنن أبی داود، واتە: هەر دوو موسڵمان بگەن بەیەكو تەوقە بكەن پێش ئەوەی لێك داببڕێن ئەوا خوا لێیان خۆش دەبێ پێشی ئەوەی یەكتری جێ بێڵن، نەیفەرمووە: (یەكتری ماچ كەن)! بەڵكو فەرموویەتی: (تەوقە لەگەڵ یەكتری بكەن).
4- ئافرەت لەگەڵ نامەحڕەم نەكەوێتە تەوقە كردنو دەستو شانو پیل ماچ كردن!.
5- تكایە گلەیی مەكەن لە هەدایا كە حاجی نەیبوو یا پێتی نەدا! چونكە گەر بزانی خێری سەردانی كردنی حاجیانو بەخێر هێنانەوەیان ئەندازەكەی چەندە ئەوەندەت بەسەو بە هیچ شێوەیەك چاوت لە دیاری نەبێت،
هەروەها لێژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستانیش لەبارەگای خۆیان لە مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان: بەر لە چەند رۆژێك لە بەڕێكەوتنی حاجیان بۆ ئەم سەفەرە پیرۆزە فەتوایان داو ئەم دیاری هێنانەی حاجیانیان (بەم جۆرو زێدەڕۆییەی كە ئێستا هەیە لەناومان) بە ناشەرعی وەصف كرد.
6- ئاوی (زەم زەم) بەدەستی ڕاستەو بەدەم (بسم الله الرحمن الرحیم) وتنەوەو بە نیەتێكی پاكو چاك بیخۆرەوە.
* سەبارەت بە خودی حاجیە بەڕێزەكانیشمان:
1- پێویستە خۆیان لە قسەو كردەوەی وا بپارێزن كە دەبێتە هۆی كەم بونەوەی خێریان یانیش دەبێتە مایەی گوناه بۆیان!.
2- هیچ پێویست بەمە ناكات پانی دەستیان رابگرنو خەڵكی ناچار بە ماچكردنی بكەن، كە ئەمە لە ڕوانگەی شەرعیەكەیو بگرە لە ڕوانگەی تەندروستیشەوە ڕەنگە باش نەبێت! بۆیە: ئەم دەست ماچ كردنە شتێكە حەقە وازی لێ بهێندرێت.
3- نەهێڵن (پیاو) یان (ئافرەت)ی نامەحڕەم دەستتان ماچ كەن چونكە گوناهە! ئینجا بۆخۆتان وریابن.
4- لەناو كۆمەڵێك میوان یەكێكیان تایبەت مەكە بە دیاری! بەڵكو دەتوانی پاشان بیدەیتێ یان بۆی ڕەوانە بكەیت.
5- خاڵێك بەهەمان شێوەی خاڵەكانی تر كە زۆر زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە:
كە لەسەر تەوبەكەت بەردەوام بیتو هیچ كات دەفتەری كردەوەكانت كە پاك بوەتەوە لە ژەنگی گوناهو (كە وەكو منداڵی ساوا پاك بویتەوە) نەهێڵی پیس ببێتەوەو نەفسو شەیتان لە خشتەت نەبەن، بەردەوام ئەمەت لە خەیاڵ بێتو پشتیشت بە خوای خۆت ببەستە.
* هیوای تەوبەو حەجێكی قەبوڵو، سەفەرێكی رووحیو جەستەییو، گوناهێكی لێ بوردراوو، خۆ ڕاگریەكی بەردەوام بۆتان دەخوازم.
* هەروەك داواكاریشم لە (پەروەردگار) كە هەر كەسێك ئارەزووی ئەم سەفەرە پیرۆزەی هەیە نەیباتە دەرێ لەم دونیایە تاوەكو ئەم ڕوكنە پیرۆزەی ئیسلامەتی جێ بەجێ دەكاتو، (زیارەالحرمین) بە نسیب هەموولا ببێت (إنشاو الله تعالی). |