موفتی ئوردەن: کورد برای ئێمەن و هیوام وایە پەیوەندی بەردەواممان هەبێت

لە درێژەی چالاکی و هەنگاوەکانی خولی زانستی و نێودەوڵەتی (نامەی عەممان) رۆژی 17ی12ی2019 لە پەیمانگای مەلیک عبدالله بۆ پێگەیاندن و شیاندنی بانگخوازان بەرێز شێخ عبدالکریم ئەلخصاونە موفتی وڵاتی ئوردەن توێژینەوەیەکی بەناونیشانی (گوتاری ئایینی.. چەمک و تایبەتمەندی و ئامانجەکانی) پێشکەش کردو تێیدا بە شێوەیەکی زانستی و هاوچەرخانە باسی لە گرنگی پێگەی گوتاری ئایینی و ناوەرۆک و تایبەتمەندی ئامانجەکانی گوتاری ئیسلامی بە گشتی و وتاری هەینی بەتایبەتی کرد.


لەبەشێکی بابەتەکەی ئاماژەی بەوەدا کە وتار پێگەیەکی گرنگ و هەستیاری هەیەو پێویستی بە تێگەیشتن و ئاگاداری واقع و فیقهی دەعوەو زانینی ئاستی ئامادەبووان هەیە، هەروەها دەبێ لەچوارچێوەی حیکمەت و ئامۆژگاری چاکەو کفتوگۆی هێمانەوە بێت، چونکە گرنگترین شت لە گەیاندن و شێوازی وتارەو بەو ئوسلوبە دەتوانی بزانی کاریگەری چەندە لە ئاراستەی کۆمەڵگەوە، باشترین پێشەنگ پێغەمبەرە کە وتارەکانی پڕ بوون لە دانایی و میانڕەوی و رەحمەت و لادانی ئەزیەت لەسەر خەڵک و ئاسانکردنی شتە قورسەکان.


شایەنی باسە لەکاتی وەرگرتنی سەرنج و پێشنیار بەرێز د. عومەر حسن مرۆ ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لە وتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی و گەیاندنی سوپاس و هەڵسەنگاندنی بابەتەکە، جەختی لە گرنگی بابەتەکە کردەوەو چەند خاڵێکی لەو بارەوە پێشکەش کرد.


دوای تەواو بوونی بابەتەکەش لە دیدارێکی کورتی شاندی کوردستان لەگەڵ موفتی ئوردەن، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتیشی: کورد دۆستی ئێمەن و خۆشحاڵ دەبین بە دیتنیان و بەشداری کارایان لە خولەکانی ئوردەن، هیواخوازم پەیوەندی بەردەواممان هەبێت و بتوانین لەرووی رۆشنبیری و زانستی و ئەزمونەوە سوودو دەرفەت ببینین، چونکە لە ئێستادا پێویستمان بە بایەخدانی زۆری وتاربێژان هەیە بۆ خزمەتی ئیسلام و کاری بانگەوازی، هەروەها گوتیشی: پێش پێنج ساڵ لە لایەن فەتوای کوردستانەوە پرسیارێکمان ئاراستە کرا، کە بووە خاڵی دەسپێکی پەیوەندیەکانمان، وە سڵاوو رێزی خۆی ئاراستەی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان کرد.


دواتر شاندەکە وێڕای گەیاندنی سڵاوی یەکێتی زانایان و جەخت کردنەوە لە پەیوەندی نێوان هەردوولا ئەوەیان پێ راگەیاند، کە زانایانی کوردستان بەو پەڕی تەقدیرەوە لە هەنگاوەکانی زانایانی ئوردەن و نامەی عەممان دەڕوانن و بە تەئکید بایەخی تەواویش بە پەیوەندیەکان دەدەن.