ئوردەن: رۆڵی راگەیاندن لە گەیاندنی ئیسلام و پرسی گەنج و جیهانگیری

ئەمرۆ 21ی12ی2019 لە چوارچێوەی چالاکیەکانی خولی چل و یەکەمینی نامەی عەمان، کە پەیامانگای مەلیک عبدالله بۆ پێگەیاندن و شیاندنی بانگخوازان رێکی خستووەو نزیکەی 15 وڵات تێیدا بەژدارن، دوو سیمیناری تایبەت بەرێوە چوون.


یەکەمیان بە ناونیشانی (رۆڵی راگەیاندن لە گەیاندنی هەقیقەتی ئیسلام) بۆ بەرێز د. علی ئەلحجاحجە راهێنەری بواری گەشەپێدانی مرۆیی و ئەندامی پەرلەمانی ئوردەن، کە تێیدا باسی لە گرنگی راگەیاندن و راستگۆیی لە گەیاندن کردو جەختی لەوە کردەوە کە ئەمرۆ راگەیاندن بۆتە بەشێکی هەستیارو گرنگ لەناو خەڵک و کاریگەری راستەوخۆی بەسەر کۆمەڵگەوە هەیە، بۆیە دەبێ ئەو راگەیاندنە ورد بین و دانا بێت، وە مینبەری راگەیاندن زۆرن وەکو تەلەفزیۆن و ماڵپەڕو رادیۆو رۆژنامەو مینبەری مزگەوت هتد. بۆیە زۆریش گرنگە وتاربێژان ئەوە بزانن کە وتار بۆ خەڵکی ئامادەبووە، نەک خەڵکی دەرەوە، چونکە جاری وایە خەتیب رووی لە ئامادەبووانە بەس قسە ئاراستەی خەڵکێکی ئامادەنەبوو دەکات.


هەر لەسەر ئەو بابەتە چەندین خاڵی گرنگی سەبارەت بە مەهارات و چۆنیەتی خۆپێگەیاندن و هونەری گوتاربێژی و شێوازی گەیاندن خستە ڕوو، کە بووە جێی سەرەنج و پێزانینی بەشداربووان.


پاشان بەرێز دکتۆر محمود سەرحان نووسەرو گەورە بیرمەندو مامۆستای زانکۆ بەناونیشانی (گەنج و پێشهاتەکانی جیهانگیری) سیمینارێکی پێشکەش کردو تێیدا بەجوانی و وردی تیشکی خستە سەر چۆنیەتی پەروەردە کردنی گەنج و ئاراستەکردنیان لەناو کۆمەڵگە، هەروەها باسی لە کاریگەری تەوژمی جیهانگیری و پێشهاتە نوێیەکان بەسەر گەنجانەوە کردو چەند خاڵێکی گرنگی لەمەڕ پێویستی هۆشیاری کۆمەڵگە لەو بارەوە خستە ڕوو.


لە میانی خولەکەدا بەرێز دکتۆر عومەر حسن مرۆ ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بە چەند سەرنجێک بەشداری کردو گوتی:  گرنگە لە کێشەی گەنجانمان تێ بگەین و ئامۆژگاری گونجاویان بکەین، چونکە خوای گەورە مرۆڤی بەشێوەیەک دروست کردووە هێزی وەرگرتن و فێربوونی هەیە، وە دەبێ بۆچوونی گەنجانمان لە ئێمە جیاوازە بەڵام ئەو جیاوازیە بەئاراستەی باش بەرین و بە هەستیاریەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، هەروەک گرنگە لەگەڵ دۆزینەوە گرفتەکان چارەسەکانیش دیار بکەین و بتوانین کۆمەڵگە بەرەو کەنارێکی هۆشیار ببەین.