موفتی گشتی هێزی سەربازی ئوردەن: ئەو پێشمەرگانەی لەپێناو گەل و وڵات قوربانی بە گیانی خۆیان دەدەن شەهیدن

ئەمرۆ 22ی12ی2019 لە میانەی بەردەوامی چالاکیەکانی خولی زانستی و نێودەوڵەتی چل و یەکەمینی نامەی عەممان، سیمینارێکی بۆ بەرێز موفتی گشتی هێزی سەربازی وڵاتی ئوردەن عەمید د. ماجد ئەلدراویشە بەناونیشانی (پاڵپشتی شانیشینی ئوردەن لەنامەی عەمان و رۆڵی هێزە ئەمنیەکان لە بەرجەستەکردنیدا) بەرێوە چوو.


لەو بابەتەدا بە وردی تیشکی خستە سەر گرنگی ناوەرۆکی نامەکەو رۆڵی شانشینی ئوردەن لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی ناوەرۆکی نامەکەو دەوری هێزە ئەمنی و سەربازیەکان  لە پیادەکردنی ئەو نامەیەو رەنگدانەوەی بەسەر هێزەوە.


دواتر بەرێز دکتۆر عومەر مرۆ ئەندانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە وتەیەکدا باسی لە رۆڵ و کاریگەری فەتوا لە هەرێمی کوردستان کردو پوختەیەکی لەو بارەوە بۆ موفتی گشتی هێزە سەربازیەکان و بەشداربووان خستە ڕوو، هەروەها باسی لە رۆڵی پێشمەرگە لە پاراستنی کوردستان و گیانی بەرەنگاری بەرامبەر گروپی چەکداری داعش کە پتر لە هەزار شەهیدو نزیکەی 10 هەزار برینداری لێکەوتەوە کردو ئاماژەی بەوەشدا کە برا پێشمەرگەکان لەکاتی روو بەڕوو بوونەوە لەگەڵ داعش بەردوام لە پەیوەندی دابوونە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای فەتواو پرسیاری شەرعیان ئاراستە کردووە سەبارەت بە ئەنجامدانی نوێژو رۆژووەکانیان.


دواتر پرسیاری ئەوەی ئاراستەی بەرێز موفتی گشتی کرد، کە ئایا تا چەند ئاگادارن لەقوربانیدانی پێشمەرگەو هەڵوێستی گەلی کوردستان، کە لەکاتی جەنگی داعش دەرگای ماڵ و وڵاتیان بەرووی ئاوەرەکان کردەوەو هەرچیان لەدەست هات خزمەتی ئاوەرەو لێقەوماوانیان کرد، وە نمونەی قوربانی و شەهیدی سەردەمی داعش مەرحوم (هوجام سورچی) هێنایەوە کە دوای گەرانەوەی لە عومڕەو لەکاتی خەبات و بەرگری لە نیشتمان کەوتە دەست داعش و بێ رەحمانە سەڕی بڕدراو شەهید کرا؟


لە وڵامدا موفتی گشتی هێزە سەربازیەکانی ئوردەن گوتی: ئێمە دەزانین پێشمەرگە قوربانی داوە لە پێناو پارێزگاری وڵات و پاراستنی کەڕامەتی گەلەکەیان، ئەو پێشمەرگانەی بەو هەست و هەڵوێستەوە پارێزگاری دەکەن لە خاکی کوردستان و دەبنە قوربانی ئەوانە شەهیدن، چونکە لە فەرمودەی پێغەمبەر (د.خ) هاتووە: " ئەوەی لە پێناو ماڵ و سامان و خاکەکەی بکوژرێ ئەوە شەهیدە.


پاشان مەلا عبدالله شێرکاوەیی لە وتەیەکدا وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ پەیمانگای مەلیک عبدالله و وەزارەتی ئەوقافی ئوردەنی لەهەمبەر ئەو رێزو بایەخدانەیان بە شاندی کوردستان، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی هاوبەشی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و تیرۆرو گوتیشی: ئەو خولە گرنگی خۆی هەیەو لەراستیدا هەموو جیهان پێویستی بەناوەرۆکی نامەی عەمان هەیە، چونکە کۆمەڵێک بنەمای ئیسلامی و ئینسانی لەخۆ گرتووە، کە لە چوارچێوەی گەنگەشەکردنی بابەتی خولەکە ئالوگۆڕی چەند پرسێک کراوەو بۆتە مایەی سوود بۆ بەژداربووان.