ئوردەن: خولی زانستی و نێودەوڵەتی چل و یەکەمینی شرۆڤەی (نامەی عەممان) بەکۆتا هات

ئەمرۆ 22ی12ی2019 بە ئامادەبوونی بەرێز دکتۆر محمد ئەحمەد ئەلخلایلە وەزیری ئەوقاف و کاروبارو موقەدەساتی ئیسلامی وڵاتی ئوردەن و بەرێز دکتۆر ماجد ئەلدراویشە موفتی گشتی هێزە سەربازەکان و دکتۆر یوسف ئەلشبلی سەرۆکی پەیمانگای مەلیک عبدالله بۆ شیاندن و پێگەیاندنی بانگخوازان و ژمارەیەک لە کەسایەتی ئەکادیمی و ئیداری و بە بەشداری شاندی زانایانی کوردستان، مەراسیمی کۆتایی خولی زانستی و نێودەوڵەتی چل ویەکەمینی شرۆڤەی (نامەی عەمان) لە عەمانی پایتەختی ئوردەن بەرێوە چوو.


سەرەتای مەراسیمەکە بەخوێندنەوەی چەند ئایەتێک لەقورئانی پیرۆز دەستی پێکردو دواتر بەرێز د. ناسر دودوین فەڵەستینی بەناوی بەشداربووانەوە وتەیەکی پێشکەش کردو پاشان بەرێز دکتۆر یوسف شبلی سەرۆکی پەیمانگای ناوبراو وتەیەکی ئاراستەی ئامادەبووان کردو سوپاسی بەژداری و رۆڵی کارایان لە بەهێزکردن و زیادکردنی پاڵپشتی نامەی عەمان بەسەرنج و بەشداریەکانیان کردو هیواێ خواست لە ئاستی بەرپرسیارێتی دابن.


دواتر بەرێز دکتۆر ماجد ئەلدراویشە موفتی گشتی هێزە سەربازیەکان وتەیەکی پێشکەش کردو باسی لە گرنگی کردنەوەی خولەکەو رۆڵی ئوردەن لە دەرکردنی نامەی عەمان و هێزە ئەمنیەکان لە پاراستنی بەها دینیەکان کردو تیشکی خستە سەر پەروەردەو زانست لە بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگەو شارستانیەتی ئیسلامی.


دواتر بەرێز دکتۆر محمد ئەحمەد ئەلخلایلە وەزیری ئەوقاف و کاروبارو موقەدەساتی ئیسلامی وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا سوپاسی بەشداربووانی کردو رۆلی ئوردەنی لە جیهانی ئیسلامی و بایەخدان بە بەهێزکردنی هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە کردو گوتیشی: مەبەستمان ئێوەی بەشدار بوو وەک نوێنەری ئێمە لە گەیاندنی ناوەرۆک و پەیامی نامەی عەمان لەرووی ئایینی و ئینسانی و بایەخدان بە میانڕەوی و لێبوردەیی و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی وابن، چونکە ئامانجمانە جیهانی ئیسلامی و عەرەبی بێنینە سەر خەت بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بگەیەنین کە ئیسلام ئایینی ئاشتی و یەکتر قبولکردن و میانڕەویە نەک کوشتن و تیرۆرو توندڕەوی.


دواتر بڕوانامەی بەشداری و خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە بەشداربووان و خولەکە کۆتایی پێ هات، جێی ئاماژە پێدانە کە لە ئەنجامی پەیوەندی نێوان سەرۆکی یەکێتی زانایان و وەزیری ئەوقافی ئوردەنی ساڵانە ژمارەیەک مامۆستای ئایینی لە هەرێمی کوردستان بەشداری خولی زانستی و نێودەوڵەتی وڵاتی ئوردەن دەبن.