شێخی ئەزهەر لەسەر پرسی نوێگەری لۆژیکیانە وڵامی سەرۆکی زانکۆی قاهیرە دەداتەوە

دوای ئەوەی لە رۆژانی 27و28ی1ی2020 لە وڵاتی میسڕ کۆنگرەی جیهانی ئەزهەر بۆ نوێسازی هزری ئیسلامی بە بەژداری گەورە زانایانی میسڕو مەشیخەی ئەزهەرو زانایانی پتر لە 46 وڵاتی ئیسلامی بەرێوەچوو، لە رۆژی دووەمی کۆنگرەکە دوای ئەوەی دکتۆر محمد عوسمان ئەلخوشت سەرۆکی زانکۆی قاهیرە توێژینەوەیەکی پێشکەش کرد سەبارەت بە پرسی نوێگەری، بەرێز د. ئەحمەد تەییب شێخی ئەزهەر لە موداخەلەیەکدا وڵامی چەند بۆچوونێکی سەرۆکی زانکۆی قاهیرەی دایەوە.


دکتۆر محمد عوسمان وێڕای ئەوەی سەرۆکی زانکۆی قاهیرەیە، لەهەمان کات بە یەکێ لەو کەسانە هەژمار دەکرێ، کە بەردەوام بانگەی نوێگەری دەکاو لەو پەنایەش زۆربەی شتەکانی لە نێو کلتوری ئیسلامی و تێڕوانینی مەزهەبەکان رەت دەکاتەوە.


ئەو لە توێژینەوەکەیدا باسی لەوە کرد: ئەرکە گوتارێکی تازە بنیات بنێین بۆ ئیسلام، چونکە نوێکردنەوە بە بۆیاغ نابێ بەڵکو بە داهێنان دەبێت، وە دەبێ سەرجەم کەلتوری ئیسلامی رەفز بکەینەوەو عەقڵ بێنینە پێشەوە بۆ دیارکردنی رێڕەوێکی تازەی نوێگەری بۆ ئاراستەکردنی ئیسلام بە مۆدێلێکی تازەو هاوچەرخ.


هەروەها رەخنەی توندی لە مەزهەبی ئەشاعیرە گرت بەوەی فەرمودەی ئاحادیان بۆ پرسە عەقیدەییەکان بەکار هێناوە، بۆیە دەبێ لەپێناو نوێگەری دەسبەرداری توراسی ئیسلامی و ئیجتیهاداتی زانایانی پێشین بین، بۆ ئەوەش پێویستمان بە پێشخستنی زانستەکانی ئایینە نەک زیندووکردنەوەیان. ئەمانەو چەندین رەخنەو تێڕوانینی تری سەبارەت بە پرسی نوێسازی خستە روو، کە جێی پەسندی بەژداربووان بەتایبەت مەشیخەی ئەزهەر نەبوون.


لەلایەن خۆیەوە گەورە زانای میسڕو سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر بەرێز (د. ئەحمەد تەییب) وەک هەست کردن بە بەرپرسیارێتی و رەتکردنەوەی ئەو تێڕوانینە ناواقعیانەو هەڵوێستە نارۆشنەکان، وڵامی بەشێکی بۆچوونەکانی دکتۆر محمد ئەلخوشتی دایەوەو رەخنەی توندی لێ گرت و گوتی: پەراوێزخستنی کلتوری ئیسلامی پێی ناگوترێ نوێسازی بەڵکو ئەمە خودی پەراوێزخستنە، ئەوانەی پێیان وایە لەبەرچاوگرتنی کەلتوری ئیسلامی جۆرێکە لە پاشەکشەو چەقبەستووی ئەوانە موزادەیە بەسەر کەلتورەوە دەکەن، چونکە چەمکی نوێسازی خۆی لەخۆیدا چەمکێکی کەلتوریە نە نوێگەرایی.


ئەو زیاتر گوتیشی: کێشەی ئێستای جیهانی ئیسلامی سیاسیە نەک کەلتوری، وە دان بە لاوازی ئۆمەتی ئیسلامی دەنێم لەبەرامبەر تەوژمی جیهانیدا، چونکە ئەوانەی سەرپەرشتی بەرێوەبردنی سیاسەتی جیهان دەکەن وڵاتە زلهێزەکانن تەنانەت یەک کەسی ئیسلامی و عەرەبی لەناو ئەو گروپە نیە کە دونیا هەڵدەسوڕێنن، بۆیە زۆر جار بەپارەی خۆمان شەڕو کوشتن لەناو خۆمان هەڵدەگیرسێنن.


ێخی ئەزهەر گوتیشی: رەخنە ئاراستەکردن بێ گەرانەوە بۆ دیراسەیەکی پێشوەختەو ورد نا لۆژیکیە، بۆیە دەڵێم: مەزهەبی ئەشاعیرە لە پرسە عەقیدەییەکان پشتیان بە فەرموودەی موتەواتر بەستووەو نەک ئاحاد.


شێخی ئەزهەر لە کۆی وڵامەکانی جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوانەی بانگەشەی نوێگەرایی و نوێسازی لە دین و هزری ئیسلامی دەکەن، ئەوانەن دەیانەوێ بە رووکەش و بۆیاغکردنی دەقەکان بەپێی عەقڵ و بەرژەوەندی دۆخ و رۆژگار وێنایەکی بێ ناوەرۆک بۆ ئیسلام بکەن و لە چوارچێوە زانستی و پەروەردەیی و ئەخلاقیەکان بیبەنە دەرەوە، بەڵام ئەو زۆر حەکیمانەو زانستیانە ولامی یەک بە یەکی بۆچوونە بێ بنەماکانی رەوتی نوێگەرایی دایەوە.


ئەو ولامانەی شێخی ئەزهەر لە میدیا جیهانی و تۆڕە کۆمەلایەتیەکان لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ناوەرۆکی خودی ئەو پەیامە گرنگانە بوو، کە شێخی ناوبراو بە شێوازێکی هێمنانەو لۆژیکیانەو زانستیانە سەرجەم تێڕوانینەکانی سەرۆکی زانکۆی قاهیرەو هەموو ئەوانەی پەیرەوی رەوتی نوێگەرایی بە مۆدێلێکی نازانستی و نا واقعی هەڵوەشاندەوە.


بۆ بینینی دەقی وڵامی شێخی ئەزهەر دەتوانن لەم لینکە کلیلک بکەن:


https://www.youtube.com/watch?v=dWCJur6v_Go