راگه‌یاندنێك له‌ یه‌كێتی زانایان ده‌رباره‌ی بابه‌تێكی به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب

به‌ناوی خوای گه‌وره‌‌و میهره‌بان
دوای ئه‌و هه‌وڵه‌ تیرۆریستیه‌ی كرایه‌ سه‌ر كه‌نیسه‌ی (سیده‌ النجاه‌) له‌ به‌غدا چه‌ندان كاردانه‌وه‌ی جیاجیا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان‌و ئێراق‌و جیهان ده‌ركه‌وتن، له‌وانه‌ یه‌كێتی زانایان به‌ ره‌سمی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ تیرۆریستیه‌ی كرد‌و، پێی وابوو ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌دینیكردنی كاری تیرۆریستیه‌ بۆ دروستكردنی كێشه‌ له‌ نێو ئایینه‌ جیاوازه‌كان هه‌نگاوێكی مه‌ترسیداره‌‌و، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ره‌نگاری ببنه‌وه‌.

كه‌چی (به‌دران ئه‌حمه‌د به‌بێ‌ گوێدانه‌ هیچ ئه‌و حساباتانه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ تیرۆریستیه‌ی بۆخۆی به‌ ده‌رفه‌ت زانی بێت تا لێیه‌وه‌ كه‌فی دڵی خۆی دابماڵێت، له‌ نووسینێكیدا به‌ناوی (ئیسلام ریسوامان ده‌كا) بڵاوی كردۆته‌وه‌، تێیدا نووسیویه‌تی: (هه‌ردووكیان "واته‌ مه‌لا و حزبی ئیسلامی" له‌ ڕه‌گدا هه‌مان شتن. ئه‌مان جیاواز نین له‌ كولتوور و بیركردنه‌وه‌یان كه‌ بێگومان ئه‌و كولتوور و بیركرنه‌وه‌یه‌ هی پێش هه‌زار و پێنسه‌د ساڵه‌ و ئه‌مڕۆ كراوه‌ته‌وه‌ زه‌وییه‌كی به‌پیت بۆ چاندنه‌وه‌ی بیری دینه‌وه‌ری و كینه‌وه‌ری).

ئه‌و نووسینه‌ی به‌رپرسی ده‌زگای ئاراس دووره‌ له‌ هه‌ستكردن به‌ مه‌سئولیه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ رابردوو‌و ئێستا‌و داهاتووی كوردستان، كه‌ پێمان ده‌ڵێت: ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ن به‌ری هه‌زار‌و پێنج سه‌د ساڵه‌ی ئیسلامن، كه‌ (مه‌لا‌و حزبه‌) ئیسلامیه‌كان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن‌و رق‌و كینه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌ كه‌سێك پێی وابێت له‌ژێر به‌یداخی رۆشنبیری دایه‌ به‌م ئه‌قڵیه‌ته‌ بیر بكاته‌وه‌، چونكه‌ تۆمه‌تباركردنی ئیسلام به‌ كاره‌ تیرۆریستیه‌كانی هه‌ر رێكخراوێكی تیرۆریستی، جگه‌ له‌ زوڵم‌و سته‌مێكی ئاشكرا چی دیكه‌ نییه‌، چونكه‌ ناكرێ‌ له‌به‌ر ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌، خودی ئیسلام تۆمه‌تبار بكرێت، چونكه‌ هیچ ئایین‌و رێكخراو‌و لایه‌نێك نییه‌ له‌ مێژوودا كه‌سانێكی تووندڕۆی تێدا هه‌ڵنه‌كه‌وتبن، ئایا ده‌كرێ‌ له‌به‌ر (35) ساڵ حوكمی عه‌لمانی سه‌دامی‌و عه‌لمانیه‌كانی ده‌وروبه‌رمان هه‌موو عه‌لمانیه‌كان تۆمه‌تبار بكه‌ین، یان له‌به‌ر تاوانه‌كانی ستالین‌و هاووێنه‌كانی ته‌واوی شیوعیه‌ت تۆمه‌تبار بكه‌ین، یان له‌به‌ر قه‌تڵ‌و عامی كه‌نیسه‌ بۆ خه‌ڵكانی دیكه‌، مه‌سیحیه‌ت تۆمه‌تبار بكه‌ین، بێگومان نه‌خێر.

پاشان تێكه‌ڵكردنی هه‌موو مه‌لا‌و حزب‌و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان به‌ كاری تیرۆریستی زوڵمێكی زۆر نامه‌نتیقی‌و نا عه‌قلانییه‌، جگه‌ له‌ ناهه‌قی هیچی دیكه‌ی لێ ناوه‌رێت، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن مامۆستایانی ئایینی پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد له‌ شاخ‌و پێكهێنانی حكومه‌ت‌و كیانی كوردی، هه‌میشه‌ رۆڵی بنیادنه‌رانه‌یان هه‌بووه‌، له‌ مه‌سه‌له‌ی پێكه‌وه‌ژیانیش، بێگومان ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ نێوان زانایانی ئایینی‌و مه‌سیحیه‌كان هه‌یه‌ له‌ نێو هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ نییه‌، له‌ دوای رووداوه‌كه‌ی كه‌نیسه‌ی سه‌یده‌تولنه‌جاتیش یه‌كێتی زانایان به‌ ره‌سمی ئیدانه‌ی كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی كرد‌و، پشتگیری خۆی بۆ پێكه‌وه‌ژیان دوپات كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن، كه‌ ته‌نها مه‌سیحیه‌كان ناكه‌ونه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كرده‌ تیرۆریستیه‌كان، شان به‌ شانی ئه‌و كه‌نیسه‌ ده‌یان مزگه‌وت‌و هه‌زاران خه‌ڵكی موسڵمان‌و زانای ئایینیش بوونه‌ته‌ قوربانی تیرۆر، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی موسڵمانان‌و مزگه‌وته‌كان ئامانجی تیرۆریستانن هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش ئایینه‌كانی دیكه‌ ئامانجن.

لێره‌دا جارێكی دیكه‌ نارازیبوونی خۆمان بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ده‌رده‌بڕین، كه‌ له‌ په‌نای دیفاع له‌ مه‌سیحیه‌ته‌وه‌ ده‌یانه‌وێت فیتنه‌یه‌ك له‌ نێو موسڵمان‌و مه‌سیحیه‌كان دروست بكه‌ن‌و، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌رچی موسڵمانه‌ به‌ تیرۆریست وه‌سفیان بكه‌ن، له‌ كاتێكدا زانایانی ئایینی هه‌میشه‌ عامیلی خێربوونه‌ له‌ نێو موسڵمانان‌و خه‌ڵكی دیكه‌‌و، ئه‌و هه‌موو قسه‌ ناشیرینانه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ئیسلام‌و موسڵمانان‌و زانایانی ئایینی ده‌گووترێت، به‌ هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ بگووترابا قبوڵی نه‌ده‌كرد، بۆیه‌ زانایانی ئایینی به‌ شانازییه‌وه‌ رۆڵێكی كاریگه‌ریان هه‌بووه‌ له‌ پاراستنی ئه‌من‌و ئاساییشی كوردستان‌و، ئه‌و جۆره‌ هه‌وڵانه‌ش قه‌ت له‌ خۆشه‌ویستی خاك‌و نیشتیمانمان سارد ناكه‌نه‌وه‌‌و، دڵنیاشیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ قه‌ت مرازیان حاسڵ ناكه‌ین به‌وه‌ی تووشی گرفت ببین له‌گه‌ڵ مه‌سیحیه‌كانی كوردستان، كه‌ به‌ درێژایی مێژووی ئیسلامه‌تی له‌گه‌ڵمان ده‌ژین، ئیسلامیش ته‌نها سه‌ربه‌رزیمان ده‌داتێ‌‌و، وه‌ك هه‌میشه‌ پێی سه‌ربه‌رزین.

راگه‌یاندنی
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
‏4‏/11‏/2010