هەولێر: مەراسیمێکی تایبەت بە ناساندنی یاداشتەکانی مامۆستا مەلا عەلی بێتواتەیی یەکەم سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوە چوو

ئەمرۆ 4ی2ی2020 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و بەرێز کمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و مامۆستایانی بەرێزی ئایینی و بنەماڵەی مودەریس مەراسیمێکی شایستە بۆ ناساندنی کتێبی (حوجرەنامە) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یاداشته‌كانی ((مامۆستا مه‌لا عه‌لی مه‌لا عبدالله مه‌لا موحه‌ممه‌دئه‌مین بێتواته‌یی المدرس)) یه‌كه‌م سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان بەرێوە چوو.


سەرەتای مەراسیمەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکردو دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا باسی لە کەسایەتی دیاری ئایینی و نەتەوەیی مامۆستا مەلا عەلی مەلا عبدالله بێتواتەیی کرد، کە یەکەم سەرۆکی یەکێتی زانایان بووەو خزمەتێکی بەرچاوی ئایین و نیشتمان و زانایان کردووە.


لە بەشێکی تری قسەکانی ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکێتی زانایان بە چاوی رێزەوە لە هەڵوێست و خزمەت و مێژووی زانایان دەڕوانێت و لەو بارەشەوە هەنگاوی گرنگ بۆ زیندوو هێشتنەوەی خزمەتەکانیان دەنێت.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: دەستخۆشی لە بەرێز مامۆستا فەتحی مەلا عەلی دەکەم، کە توانیویەتی لەرێی ئەم کتێبەو بڵاو کردنەوەی یاداشتەکانی مامۆستای رەحمەتی کۆمەڵێک لایەنی شاراوەی ژیانی مامۆستا بە خوێنەرو زانایان ئاشنا بکات.


هەروەها گوتی: جێی شانازیە کە یەکێتی زانایان خاوەن سەدان زانای گەروەی وەک مامۆستا مەلا عەلی بێتواتەییە، لە خزمەتی ئایین و نەتەوەی هەڵوێستی نیشتمان جێدەستیان دیارو بەرچاوەو لە قۆناغەکانی مێژوو دەوری بالایان هەبووە.


لە کۆتایی وتارەکەی سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی خۆی ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆش بوو مامۆستا مەلا عەلی کرد لەسەر بەردەوامیان لەسەر رێبازی ئاینپەروەری و کوردپەروەری و خزمەت بە زانست و نیشتمان.


دواتر بەرێز مامۆستا فەتحی مەلا عەلی بەر نوێنەرایەتی بنەماڵەو وەک کوڕی مامۆستای رەحمەتی و نووسەری کتێبی حوجرەنامە وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا سوپاسی یەکێتی زانایان و سەرۆکی یەکێتی زانایان کرد بۆ رەخساندنی ئەو مرەاسیمە شایستەیەو پیشاندانی وەفاداری بۆ مامۆستا مەلا عەلی وەک یەکەم سەرۆکی یەکێتی زانایان.


دواتر تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی کتێبەو چەند لایەنێکی ژیان و وێستگەو مێژوو و هەڵوێست و خزمەتەکانی مامۆستا مەلا عەلی مەلا عبدالله بێتواتەیی مودەریس بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو، وە باسی لە چۆنیەتی و ئامانجی کتێبی حوجرەنامە کردو لە کۆتاییشدا کتێبەکەی وەک دیاری بەخشیە ئامادەبووان.