سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ۱٤ی۳ی۲٠۲٠ زاناو کەسایەتی دیاری کوردستان مامۆستا مەلا عبداللطيف بامۆکی کۆچی دوایی کرد، بەو بۆنەوە یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکی دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
خانەوادەی بەرێز مامۆستا مەلا عبداللطيف بامۆکی
بەڕازی بەقەدەری خوای موتەعال بەداخەوە ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی زاناو مودەریس و کەسایەتی و نووسەری دیاری گەلەکەمان مامۆستا ( مەلا عبداللطيف بامۆکی)مان پێگەیشت، کە دوایی ململانێی زۆر لەگەڵ نەخۆشی ماڵئاوایی کردو لەدڵەوە خەمبارو دڵگرانی کردین.
مامۆستا وێڕای ئەوەی شەرعزان و هەڵکەوتووێکی دیارو زانایەکی بەرز بوو، هەموو تەمەنیشی بۆ خزمەتی ئیسلام و موسڵمانان و هەستی بەرزی کوردایەتی تەرخان کردبوو، ماوەی پتر لە ۹ ساڵ ئەندامی سەرکرادیەتی و تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بووەو خزمەتەکانی هەمیشە دیارو بەچاوون، وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نێو کاروانی تەدریس و نووسین و رۆشنبیری وابوو، بەرهەم و خزمەت و نووسینەکانی سەرچاوەی گرنگی زانستی و جێی بایەخی زانستخوازانن.
مامۆستا دڵسۆزی و دینداری و هەڵوێستەکانی لەیاد ناکرێن و فەزڵی زۆرە لەبواری خزمەتکردن بەرامبەر شارێگەی دینداری و نیشتمانپەروەری و هەستی نەتەوەیی.
بەو بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە بەڕیزەکەی و سەرجەم زانایان و دۆست و کەس و کارو خزمانی دەکەین، لەخوای گەورە داواکارین جێگەی مامۆستای رەحمەتی بەهەشتی بەرین بێت و سەبرو ئارامی بە خانەوادەی ببەخشێت.
انا لله وانا الیه راجعون
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
۱٤ی۳ی۲٠۲٠ |