نیوەرۆی ئەمڕۆ 7ی4ی۲٠۲٠ زاناو کەسایەتی دیاری کوردستان مامۆستا مەلا عبدالله هەرتەلی کۆچی دوایی کرد، بەو بۆنەوە یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکی دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
خانەوادەی بەرێز مامۆستا مەلا عبدالله هەرتەلی
بەڕازی بەقەدەری خوای موتەعال بەداخەوە ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی زاناو مودەریس و کەسایەتی و نووسەری دیاری گەلەکەمان مامۆستا ( مەلا عبدالله هەرتەلی)مان پێگەیشت، کە دوایی نەخۆش كةوتنی ماڵئاوایی کرد، لەدڵەوە خەمبارو دڵگرانی کردین.
مامۆستا وێڕای ئەوەی شەرعزان و هەڵکەوتووێکی دیارو زانایەکی بەرز بوو، هەموو تەمەنیشی بۆ خزمەتی ئیسلام و موسڵمانان و زانست و نووسین و فیقهی ئیسلامی تەرخان کردبوو، خەرمانێکی دەوڵەمەندی دوای خۆی جێهێشتووەو خزمەتەکانی هەمیشە دیارو بەچاوو بوونە، وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نێو کاروانی تەدریس و نووسین و رۆشنبیری وابوو، بەرهەم و خزمەت و نووسینەکانی سەرچاوەی گرنگی زانستی و جێی بایەخی زانستخوازان و مامۆستایانی ئایینین.
مامۆستا دڵسۆزی و دینداری و هەڵوێستەکانی لەیاد ناکرێن و فەزڵی زۆرە لەبواری خزمەتکردن بەرامبەر شارێگەی دینداری و نیشتمانپەروەری و کۆمەڵایەتیەوە هەیە.
بەو بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و زانایانی کوردستان و خانەوادە بەڕیزەکەی و سەرجەم و دۆست و کەس و کارو خزمانی دەکەین، لەخوای گەورە داواکارین جێگەی مامۆستای رەحمەتی بەهەشتی بەرین و فیردەوسی ئەعلا بێت و سەبرو ئارامی بە خانەوادەی ببەخشێت.
انا لله وانا الیه راجعون
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
7ی4ی۲٠۲٠ |