لە دایكبوونی پێغەمبەر (د.خ) مژدە دەری ڕۆژێكی ڕووناكو نوراوی بوو بۆ سەر زەوی، دوای ئەوەی ئەم پیاوە مەزنو ڕەوشت بەرزو ئەمینە لەلایەن پەروەردگارەوە ڕاسپێردرا كە پێغەمبەری ئاخر زەمانە، مرۆڤەكان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرگی ئارامیو یەكسانیو ئازادییان پۆشی...لەم نێوەندەشدا ژنان مافو ئازادییان هەروەك پیاوان پێبەخشراوە لە دوو جاركۆیلە بوون ڕزگاریان بوو.
ژن، لە سەرجەم قۆناغو ساتەكاندا پشتیوانو خزمەتگوزاری ئاینو پێغەمبەری خوا بوو(د.خ)... هیچ هەنگاوێكی پێغەمبەر نەبووە ژن وەك (هاوسەر، كچ، پور، خزم، ژنانی موسڵمان...) هاوڕێی نەبووبن.
جێگەی خۆیەتی لەم بۆنە گەورەو مەزنەی مێژووی مرۆڤایەتی كە ڕەوڕەوەی مێژووی گۆڕیو گۆڕانكاری گەورەی دروستكردو دەستورێكی گشتگیری لێ لە دایك بوو، باسی كاریگەر بوونی ژنان لە نەخشاندنو سەرخستنی ئەو پرۆسە گەورەیەدا بكەین، كە پرۆسەی كۆچكردنی گەورەترین مرۆڤی سەرزەوی لە دەست زوڵمو ستەمو توندوتیژی بوو، بۆ بونیادنانی ئاشتیو ئارامیو ئازادیو یەكسانیو برایەتی..
هەروەها ئەم ڕۆڵ بەخشینە بە ژنانو ئافرەتان لەو كاتە ناسكو هەستیارەدا لە لایەن پێغەمبەرەوە نیشانەی كاریگەریو پێویستی ژیانە بە بوونی ژنان لە سەرجەم كایەو بوارەكانی ژیاندا بەبواری سیاسیشەوە.
لە هیجرەتتدا ژنانو ئافرەتان شانبەشانی پیاوان خۆیان كردە قوربانی، ئەویش كاتێك پێغەمبەری خوا دەیزانی ودەیبینی ئەزیەتەكانی قورەیش بۆ هاوەڵان ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبوندایە، لەلایەك هەوڵی ئەدا جێگەیەك بدۆزێتەوە وەك پەنایەك بۆ پاراستنیان لەو ئازارو ئەشكەنجەیەو لەلایەكی ترەوە بۆگەیاندنی بانگەوازەكەی، ئەوەبوو لە مەوسیمی زیارەتی ماڵی خودا، (یەسریبیەكان) هاتبوون بۆ زیارەت، پێغەمبەر لەگەڵیان گفتۆگۆی كرد لە عەقەبەداو پەیمانیاندا ساڵی داهاتوو بێنەوە....هتد، دوای ئەوە ساڵی دواتر هاتنەوە (75)كەس بوون (2) لەوانە ئافرەت بوون، لە عەقەبەی دووەمدا پەیمانیان بە پێغەمبەردا بە پاراستنی خۆیو ئاینەكەیو سەر و ماڵ بكەنە قوربانی، ئەو دوو شێرە ژنە (نوسەیبەی كچی كەعبو ام مەنیع) بوون، كە بۆ ئەكاتە لەو پەیمانە گەورەو مەترسیدارە، گەورەیی ژنو بوونی پێگەی تەواوی ژنان دەردەخات، پەیمانی عەقەبە، پەیمانی پشتیوانی كردنو خۆبەخت كردن بوو بۆ خواو پێغەمبەری خوا، ئەم ژنانە دوو ژنی خاوەن ئیرادەو ویستی سەربەخۆبوون، هەروەها بەهۆی ئەمانەوە ماڵو مناڵیان باوەڕیان هێنا، نوسەیبەی شێر بەردەوام چاوی لە ڕێگە بوو بۆ هاتنو قدومی پیرۆزی پێغەمبەری خوا (د.خ).
هەروەها ئەو دایكە بەڕێزەی هەواڵی كۆبونەوەی قورەیشو پلانە گڵاوەكەیاندا بە پێغەمبەر(د.خ) و پاشان پارێزگاری كردنی ئەو نهێنییە قورسە لە لایەن خاتوو ئەسماو عایشەو نەدركاندنی لای هیچ كەس تەنانەت دوای ئازاردانیشیان لەلایەن دڕندەترین پیاوی قوڕەیشەوە، بردنی خواردن بەو ڕێگە پڕ مەترسیە لە لایەن ئەسمائەوە بۆ پێغەمبەرو باوكی، كە لەو ساتەوەختەدا پیاویش نەیدەوێرا بەو ڕێگەیەدا بڕوات بۆیە لە لایەن پێشەوای مرۆڤایەتییەوە نازناوی (ژات النگاقین)ی پێبەخشرا، پەسەندكردنو ناسینی ڕەوشتی جوانی پێغەمبەر (د.خ) لە لایەن (ام معبد) لە چادرەكەیداو خزمەتكردن وەسفكردنی بە جوانترین شێوە بۆ هاوسەر و پاراستنی ئەم نهێنیە لای خۆیان ئەمانەو لە چەندان نموونەی تردا، بۆمان دەردەكەوێت كە ئافرەتان بۆ ئەم (كۆچە)
هەموو بوونی خۆیان پێشكەش بە پێغەمبەرو سەركەوتنی ئەم ئایینە كرد، بەبێ پاشكۆیەتیو چاوەڕوانی بۆ فەرمانی گەورەتر...لە هەمانكاتدا پۆلە ژنێكی تر دلێرانەو سەربەرزانە ماڵو حاڵی خۆیانو زێدی باوباپیرانیان بە ئومێدی سەركەوتنی ئاینی ئیسلامو پارێزگاری كردن لە بیروباوەڕی خۆیان بەجێهێشت، لەو لاشەوە چەندان ژنی تر لە لایەن كەسو كارو بنەماڵەكەیانەوە ڕێگریان لێكراو بەند كرانو لە مەككە هێڵرانەوە، ام سلمە نموونەی ژنێكی خاوەن باوەڕی بەتوانا بوو ئەو كۆچی كردبوو بۆ حەبەشەو پاشان گەڕابویەوە، لە كۆچی پێغەمبەردا بۆ مەدینە كەسو كاری ڕێگریان لێكردو نەیانهێشت لەگەڵ هاوسەریدا بڕواتو منداڵەكەشیان لێ سەندەوە، پاش یەك ساڵ لە چاوەڕوانیو شینوزاری لەسەر ئەو ڕێگەیە دڵی كەسوكار نەرم بوو بە تەنهاو لەگەڵ سەلمەی كچیدا كۆچیان كردوو (500) كیلۆمەتریان بەتەنها بڕی بەرەو لای پێغەمبەر(د.خ) و هاوسەرەكەی تا دڵی ئاسودەو ئارام بوو..ئەم سەربوردە مێژوویە بۆ پێگەی ژن لە كۆچی پێغەمبەری خوداو هاوكاریان بۆسەركەوتنی پرۆسەكە كە جێگەی نرخاندنو هەڵوێستە لەسەر كردنە لە چەند ڕویەكەوە..
* هەرچەندە لە ڕابردوودا ژنانو ئافرەتان كۆیلەی دەستی پیاوان بوون خاوەنی هیچ شتێكی خۆیان نەبوون، بەڵام بەشداریو پێگەدان پێیان لە ئیسلامدا، بە ئازایانەو دلێرانە وەرگرت، لەسەرو هەموو دەسەڵاتدارو گەورەكانیانەوە ئەژماردیان.
*هەرچەندە ستەمی زۆریان لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە لێ كرابوو، بەڵام بەهۆی دروستكردنی برایەتیو یەكسانیانو یەكتاپەرستی، ئەمجارە بوونە هاوكارو تەواوكاری ئەوان، كاری دەسپێكراوی ئەوانیان تەواو دەكرد، یان بوونە سەرەتای كاری دینداری بۆ كەسو كاری بنەماڵەكەیان.
*ژنان ئەو متمانەی كە ئەم ئایینە پێی بەخشین، زۆر خۆویستانەو هیمەت بەرزانە شانیان دایە ژێرو لەسەرجەم قۆناغەكاندا نەمرییان بۆ خۆیان تۆماركرد.
*ئامادەیی ژنان پێویستە بۆ سەركەوتن لە پرۆسەكاندا، چونكە گەر ڕەگەزی بەرامبەر نەبێت ئەوا ژیان بەردەوام نابێت، پێغەمبەرێك (د.خ) بۆ گەورەترینو هەستیارترین وێستگەكانی ژیانی بانگەوازەكەی ژن بەشداری جددی پێبكات كە پشتیوانی لە لایەن پەروەردگارەوە دەكرا، ئاخۆ ئێستا لە ڕاپەڕاندنی كارەكاندا زیاتر پێویست بە ئامادەییو بەشداری ژنان نییە!؟
*ئەوان ژن بوونیان نەكردە لەمپەر لە بەردەم بەدەمەوە هاتنی ئاینو خواپەرستیو خزمەتكردنی دینی خوا، بەڵكو بەشانازیەوە بە ژن بوونو مێینەی خۆیانو مرۆڤبوونیان لە كۆمەڵگەداو هەڵبڕینی دەنگی زوڵاڵی نەهێشتنی ستەمو بەكەم سەیركردنو داواكردنی مافو پاراستنی شوێنو پێگەی كۆمەڵایەتی خۆیانو لەخزمەتی پێغەمبەردا دەركرد، بەڵام ئەمڕۆ لەسەدەی بیستویەكدا، تازە ڕەوشی ژنان بەرەو خراپو خراپتر دەڕوات، متمانەی پێناكرێتو مافە سەرەتاییەكانی زۆر جار لێ زەوت دەكرێت، بەناوی ئازادیو یەكسانیەوە هەرزان بازاڕی پێدەكرێتو تاڵانفرۆشی دەكرێت، لەم ڕۆژگارەدا مێینە بوون بەكەمو عەیبە سەیر دەكرێت وەك پێش ئیسلام هەڵەو تاوانەكان كێشی لەخۆی زیادی پێدەدرێت، پێویستە ژنانو ئافرەتانی دونیا بێین وببیننو ببیستین كێ ڕزگاركەریانە، كێ خەمخۆرو چارەسازی برینو ساڕێژكاری هەتوانەكانیانە، كێیە ئەوان لەژێر ساباتەكەیدا مافی تەواویان پێ ئەبەخشرێو ئازادی مرۆییو یەكسانیو دادپەروەری لەمافوئەركدا، دابین دەكات؟!
لەسەرو بەندی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە سەبارەت بەتوندوتیژی، باساڵیادی كۆچی پێغەمبەر(د.خ) بكرێتە وێستگەیەك بۆ كۆتایی هێنان بە توندوتیژی و ژنانیش چیتر خۆیان بەدەستەوە نەدەن لەبەرامبەركێشەكان، بەڵكو ئازایانە مامەڵەیەكی دروستو تەواوی بكەنو، هەروەها هەوڵبدەن وەك مرۆڤ مامەڵە بكەن نەك وەك مێینە، تابتوانن ڕۆڵو پێگەی سەركەوتن لە دونیاو كۆچكردن لەتاوانو ناڕەحەتیو ناسۆری بەرەو خۆشیو ئاسودەیی دەرون لای پەروەرێنەری خۆیان بدۆزنەوە... |