Gander
ئه‌و زاراوه‌ی كه ته‌نها وشه‌یه‌ك نییه
جێنده‌ر
پێناسه‌و ئامانج
(1)
له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا، وشه‌ی "جێنده‌ر" له ڕۆشنبیری ئه‌وروپییه‌وه هاته نێو فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ڕێگای ڕێكخراوه ناحكومی و دامه‌زراوه ئه‌هلیه‌كان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناڕۆشنیهكی زۆر‌و پێناسه‌یه‌كی ڕوون و دیاریكراو بۆ ئه‌م وشه "جێنده‌ر" بوونی نه‌بوو ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌شه‌وه كه‌هه‌ڵگری ئه‌م وشهبوون، ته‌نها هێنده‌یان ده‌وت كه ئه‌م وشه "جێنده‌ر" كلیلی نهێنی و هاوكاری ڕێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی تری ڕۆژئاوایه بۆ وڵاته‌كانمان.
وشه‌ی جێنده‌ر كه‌له ڕۆشنبیری ئینگلیزییه‌وه به‌رهه‌مهاتووه، وشه‌كه له‌ئه‌سڵی وشه لاتینیه‌كه وه‌رگیراوه هه‌ندێك پێیان وایه به‌مانی جۆری به‌شه‌ریی دێت به "نێرومێ"، به‌ڵام دكتۆره نوره خالید سه‌عد پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچونهیهو پێی وایه مانای "جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی" بۆ جێنده‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌و "الجنوسه" یه‌كانگیر ده‌بێ له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی جێنده‌ر، ناوبراو له‌نوسینێكیدا به‌ناوی "الجندر ودوره في قضايا المرأة!" پێی وایه جێنده‌ر به‌مانای "جنس" دێت، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن (ئان ئۆكلی) خرایه نێو زانستی سۆسۆلۆجی و به‌مانای "جنس" پێناسه‌ی كردووه، به‌واتای دابه‌شكردنی بایلۆجی نێوان نێر‌و مێ.
جێنده‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه پێناسه ده‌كات كه‌له‌نێوان نێرومێدا هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشنبیری و ئاینی، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه كه به‌درێژایی مێژووی به‌شه‌ری باسیكراوه، به‌واتای ئه‌وه‌ی دیاریكردنی جنسی نێر‌و مێ له‌ته‌واوی مێژوی مرۆڤایه‌تیدا گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌و له كاتی له‌دایكبونه‌وه دیاری ده‌كرێ، به‌ڵام به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی جێنده‌ر ڕه‌گه‌زی نێر‌و مێ له‌كاتی له‌دایك بونه‌وه دیاری ناكرێ و گۆڕانیشی به‌سه‌ردا دێت به‌پێی پێكهاته‌و ڕۆشنبیری كاریگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.
هه‌رچه‌نده دكتۆره باس له‌وه ده‌كات ئه‌م زاراوه كاتێك وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی مانای وه‌ك خۆی نادات، بۆیه له‌كۆنگره‌ی په‌كین كه "254" جار وشه‌ی جێنده‌ر هاتووه وهرنهگێڕراوهو پێناسه‌ش نه‌كراوه وه‌ك خۆی دانراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌كۆنگره‌ی ڕۆما ساڵی (1998) كه بۆ دامه‌زراندنی دادگای نێوده‌وڵه‌تی به‌سرا، ده‌قی "هه‌ر جیاكاری و سزایه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ر بدرێ ده‌چێته خانه‌ی دژ مرۆڤایه‌تی" هاتووه، له‌كاتی وه‌رگیڕانی ئه‌م ده‌قه بۆ زمانی عه‌ره‌بی وشه‌ی جێنده‌ر به "سێكس" دانرا به‌ڵام وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تییان به‌رزكرده‌وه بۆیه وشه‌كه كرایه‌وه به "جێنده‌ر"و وه‌ك ئینگلیزییه‌كه‌ی دانرایه‌وه‌و وهرنهگێڕرایه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی.
وه‌ك موحه‌مه‌د شریخ لهلێكۆڵینهوهكیدا به‌ناوی "مفهوم 'الجندر' ودوره في نشاط المنظمات الدولية" ده‌نوسێ : ئه‌م وشه‌یه له‌كۆنگره‌ی دانیشتوان له قاهیره كه‌ساڵی (1994) سازكرا له‌نێو به‌یاننامه‌ی كۆتایی كۆنگره‌كه‌دا (51) جار وشه‌ی جێنده‌ریان به‌كارهێنابوو!
له‌كۆنگره‌ی لوتكه‌ی زه‌وی كه تایبه‌ت بوو به‌ئافره‌تان له په‌كین ساڵی (1995) سازدرا، وشه‌ی جێنده‌ر له‌به‌یانی كۆتاییكۆنگرهكهدا (254) جار به‌كارهێنرا هه‌رچه‌نده زۆرینه‌ی به‌شدار بووانی ئه‌و كۆنگره داوای پێناسه‌كردنێكی ڕۆشنی وشه‌كه‌یان ده‌كرد، بۆیه لیژنه‌یه‌ك له‌كۆنگره‌ی په‌كین دیاریكرا بۆ پێناسه‌كردنی وشه‌ی جێنده‌ر، به‌ڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا سوربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێناسه نه‌كرێ و بهناوهڕۆكه ڕاستهكهیهوه بمێنێته‌وه‌و ته‌نها وشه‌كه به‌كاربهێنرێ! بۆیه لیژنه‌كه گه‌یشته بڕیاری پێناسه نه‌كردنی جێندهرو هێشتنه‌وه‌ی وه‌ك خۆی به‌بێ لێدانه‌وه‌و ناساندن.
ڕێكخراوی "ته‌ندروستی جیهانی" پێناسه‌ی "جێنده‌ر"ی به‌وه‌كردووه كه زاراوه‌یه‌كه به‌كارده‌هێنرێ بۆ وه‌سفی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه پیاوان و ئافره‌تان هه‌یانه، په‌یوه‌ندی به‌جیاوازی ئهندامهكانیانهوه نیه.
به‌ڵگه‌نامه‌ی ئینمائی ڕێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌بڵاوكراوه‌ته‌وه تێیدا جێنده‌ر به‌وه پێناسه ده‌كات كه جۆری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و ئاماژه به‌تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شداری تاك له‌چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵێكی دیاریكراودا، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش شایه‌نی گۆڕانن، به‌پێی كات و شوێن و ڕۆشنبیری نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌م پێناسه مه‌ترسیداره‌و مه‌ترسییه‌كه‌شی له‌وه‌دایه كه نێرینه‌یی و مێیینه‌یی به‌مانا ئه‌ندامییه‌كه‌ی جیاده‌كاته‌وه له بونیادی نه‌فسی و ڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی تاك له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پێی وایه ئه‌و ڕۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تیانه چه‌مكی كۆمه‌ڵایه‌تی دهستكهوتوون، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به سروشتی ئه‌ندامیی لایه‌نی فسیۆلۆجی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه نییه، به‌ڵكو ئه‌وه په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌یه ڕۆڵ ده‌دات به‌و دوو ڕه‌گه‌زه، ئه‌م دوو لایه‌نه‌ش "په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگه" پێكهێنه‌ری لایه‌نی نه‌فسی نێرینه‌و مێینه دیاریده‌كه‌ن نه‌ك سروشتی ئه‌ندامی نێرینه‌و مێینه‌یان. جیاوازی په‌روه‌رده‌و چه‌مكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بنه هۆی پێدانی ئه‌و جیاوازییانه‌ی كه له ڕۆڵ بینینی نێر‌و مێدا ده‌بینرێ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ماندا له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا.
ئه‌مه‌ش به‌ڕونی له "برنامج الأمم المتحدة الإنمائي، مجموعة التعلم و المعلومات، تحليل النوع الاجتماعي، كانون الثاني 2000 ص 68" دا باسی لێوه‌كراوه.
له‌لایه‌كی تره‌وه مه‌وسوعه‌ی به‌ریتانی له‌مادده‌ی جێنده‌ردا پێناسه‌ی وشه‌كه‌ی كردووه به‌وه‌ی هه‌ستی مرۆڤ به‌وه‌ی نێره یان مێ ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی نێرینه‌ی هه‌یه یان مێیینه به‌ڵكو ناسنامه‌ی جێنده‌ریی له‌كاتی له‌دایك بوونه‌وه دیاری ناكرێ به نێرینه و مێینه به‌ڵكو لایه‌نی نه‌فسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بنه پێكهێنه‌ری ناسنامه‌ی جێنده‌ری ئه‌و كه‌سه كاتێك له‌منداڵیه‌وه گه‌شه ده‌كات.
به‌پێی ئه‌و پێناسه‌ی مه‌وسوعه‌ی به‌ریتانی: نێرنه‌یی و مێینه‌یی په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نی ئه‌ندامیی نێرنهو مێنه‌وه نییه به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه، ناسنامه‌ی ئه‌ندامیی بۆ تاك هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه هه‌ست بكات نێره یان مێ، به‌ڵام ئه‌م ناسنامه ئه‌ندامییه له‌گه‌ڵ سروشتی لایه‌نی نه‌فسی ڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی هاوتهرب نییه. ناسنامه‌ی جێنده‌ری هه‌ست كردن به‌وه نێری یان مێ، له له‌دایكبوونه‌وه نه‌چه‌سپاوه به‌ڵكو ده‌گۆڕێ به‌پێی گه‌شه‌و كاریگه‌رییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. هه‌روه‌ها شێوازی سلوكی جنسی چه‌سپاو نییه به‌پێی چه‌سپیوی ئه‌ندامه‌كانی نێرینه‌و مێینه به‌ڵكو شێوازی سلوكی جنسی گۆڕاوه به‌پێی گۆڕینی ناسنامه‌ی جێنده‌ریی.
له‌ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م پێناسه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه جێنده‌ر گه‌وره‌ترین گه‌مه به مه‌ترسیدارترین تایبه‌تمه‌ندییه نهفسیهكانی تاك ده‌كات به هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر‌و مێ.
بۆیه مه‌سه‌له‌ی جێنده‌ر له به‌ڵگه‌نامه‌و ئه‌ده‌بیاتی سه‌رجه‌م ڕێكخراوه جیهانیه‌كاندا په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌چه‌ند چه‌مكێكی تری مه‌ترسیداره‌وه هه‌یه وه‌ك مه‌سه‌له‌ی "ئاراسته‌ی جنسی" وه‌ك جنسی نێوان نێر‌و نێر مێ و مێ، له‌باربردن بۆ ئافره‌ت شوی كردبێت یان كچ بێت، چونكه لای ڕۆژئاواییه‌كان ژن و پیاو كه به پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ئه‌و ناوه وه‌رده‌گرن، به مه‌سه‌له‌یه‌كی ته‌قلیدی كۆنی ناوده‌به‌ن و شتێك لای ئه‌وان به‌و جۆره پۆلێنكردنه نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی دیاریده‌كرێ ئافره‌ت شوی كردووه یان پیاو ژنی هێناوه. هه‌ر بۆیه وڵاتانی "به‌ریتانیاو ئیسرائیل و كه‌نه‌دا و ئه‌مریكا" له كۆنگره‌ی په‌كین وشه‌ی هاوسه‌رگیرییان ڕه‌د كرده‌وه‌و له‌بری ئه‌وه وشه‌ی "كه‌پڵ"یان دانا، به‌مانای دووانیی یان پێكه‌وه‌ژیان، جگه له‌وه كۆنگره‌ی په‌كین خێزانی به‌م شێوازه‌ی ئێستا تێپه‌ڕاندوو به‌شێوازێكی كلاسیكی ناوبرد، له‌به‌رامبه‌ردا شه‌ش جۆری خێزانی ده‌ستنیشان كرد‌و به‌فه‌رمی ناساندی، جگه له‌مه یه‌كێك له‌بڵاوكراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كتێبێكه به‌ناوی "الاسره وتحدیان المستقبل" نزیكه‌ی (12) جۆری خێزانی باس كردووه كه بونیان هه‌یه به‌ڕه‌سمی، نمونه‌ی ئه‌وانه‌ی خێزانی هاوڕه‌گه‌زه له ژن و ژن، پیاوو پیاو.
(2)
له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا یه‌كێك له‌دیارترین زاراوه‌كانی كه‌هاته نێو فه‌رهه‌نگی بزوتنه‌وه‌كانی ژنان "جێنده‌ر" بوو، له‌ئه‌مریكای باكوره‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا له‌ساڵی (1988) ئه‌م زاراوه به‌دیاركه‌وت، پاش ئه‌وه‌ی ئافره‌تان له‌ڕۆژئاوا بوون به‌خاوه‌نی مافی ده‌نگدان و كار‌و وه‌ك هاوڵاتی مافه‌كانیان له‌زۆرینه‌ی وڵاتان كه‌وته بواری كردار، زۆرینه‌ی ڕێخكراوه ژنانییهكان بیریان له‌پاش ئه‌مه كرده‌وه ئه‌ویش بریتی بوو له ئازادی مامه‌ڵه‌كردن به‌لاشه‌و جه‌سته‌یانه‌وه! لێره‌وه چه‌مكی ئازادی مافی ژنان په‌یوه‌ست كرا به بزاڤه سیاسیه‌كانه‌وه، وه‌ك چۆن ئێسته بزوتنه‌وه‌كانی ژنان به‌شێكن له بزوتنه‌وه‌ی په‌ره‌پێدانی جیهانگه‌رایی!
یه‌كسانی نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز (نێرومێ) داواكارییه‌كی به‌رده‌وامی بزوتنهكانی ژنان بووه، بۆیه له‌زۆر شوێن ئه‌م بانگه‌شه‌ی یه‌كسانییه چۆته بوارێكی ڕادیكاڵانه‌ی لاده‌ر به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتانه كه به‌ریه‌ك كه‌وتن له‌گه‌ڵ بۆچونه‌كانیان هاتۆته پێش.
وه‌ك شه‌مخی جه‌بر له‌نوسینێكیدا به‌ناوی "الجندر : علم النوع الاجتماعي؛ هل نحتاج هذا العلم؟ ، وماذا يترتب على إهماله ؟" ده‌نوسێ جێنده‌ر هات بۆ ئه‌وه‌ی چه‌مكێكی نوێ ببه‌خشێ به "نێرینه و مێینه" له‌ڕوی بایۆلۆجی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌وه، له‌كاتێكدا هیچ یه‌كێك له‌م دوو ڕه‌گه‌زه به‌رپرسی ئه‌م دیارده نییه چونكه مه‌سه‌له‌یه‌كی خهلقییه، به‌ڵام جێنده‌ر دێت ده‌یه‌وێ ڕۆڵی نێر‌و مێ بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ گۆڕین و وه‌لانانی ڕه‌گه‌زه‌كانیان، به‌واتایه‌كی تر ده‌یه‌وێ ئیراده‌ی نێرومێ به‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه خهلقییهكانیاندا دروست بكات، بۆیه كێشه‌ی زۆر گه‌وره هاته ناو مه‌سه‌له‌ی جێنده‌ر، چونكه بهپپَی لێكدانه‌وه‌كانی جێنده‌ر، ئافره‌ت بۆی هه‌یه ڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی بگۆڕێ، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ندێك پێیان وایه "جێنده‌ر" مه‌سه‌له‌یه‌كی فیكری نییه، به‌ڵكو پێویستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌و پێشكه‌وتنی دونیا ئه‌و پێداویستییه‌ی هێناوه‌ته بوون، چونكه پێشكه‌وتنی دونیا له‌به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رخستنی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌یه، به‌ڵام به‌گشتی پێشكه‌وتنه‌كانی شارستانیه‌ت له‌به‌رژه‌وه‌ندی پیاوان بووه‌و ئافره‌تانی وه‌لاناوه، جیاكاری به‌رهه‌مهێناوه‌و توندوتیژی خستۆته سه‌ر ئافره‌تان وبێبهشی كردووه له‌سه‌ره‌تاییترین ماف، جگه له‌وه مه‌سه‌له‌ی پێشكه‌وتنی وڵاتانی ئه‌وروپا به‌وه لێكدرایه‌وه كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كن ئافره‌تان تێیدا وه‌ك پیاوان كار ده‌كه‌ن و توانیویانه سود له‌توانای ژنان وه‌ربگرن بۆ لایه‌نی پێشخستنی ئابوری، ئه‌وان پێیان وابوو له‌كۆمه‌ڵگاكانی جیهانی سێ كه ئافره‌تان نیوه‌ی كۆمه‌ڵگه پێكدێنن وه‌ك ژماره، به‌ڵام سود له‌توانای كاركردنیان وه‌رناگیرێ بۆیه پێشكه‌وتنی بواری ئابوری به‌وجۆره دروست نه‌بووه، واته ئه‌وروپا به‌هۆی كاركردنی ژنه‌وه پێشكه‌وتووه به‌ڵام جیهانی سێ به‌پێچه‌وانه‌وه بۆیه جێنده‌ر هات تاكو له‌ڕوی ئابورییه‌وه جیكاری له‌نێوان كاری ژن و پیاودا نه‌هێڵێ.
جگه له‌مانه‌ی باسكرا، جێنده‌ر ڕه‌دی "هێز"ی پیاو ده‌كاته‌وه‌و كۆمه‌ڵگای دایكایه‌تی ڕه‌د ده‌كاته‌وه‌و به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و باوكایه‌تی ته‌واو ده‌بات، به‌مانای ئه‌وه‌ی "هێز"ی جه‌سته‌یی "نێر" ڕه‌د ده‌كاته‌وه و ئافره‌تانیش دێنێته پێشه‌وه به‌هاوشانی پیاو بۆ مه‌سه‌له‌ی هێزی كار‌و پێی وایه له‌بری هێزی نێر پێویسته توانا‌و ئیراده وه‌ك یه‌ك ببه‌خشرێت به‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز، نێر‌و مێ هیچ ئه‌رزشێكی نه‌مێنێ، چونكه به‌پێی جێنده‌ر بێت "مێ" ده‌توانرێ به‌وه‌رزش توانای له"نێر" زیاتر بكرێ بۆیه پێویسته ئافره‌ت وه‌ك پیاو بخرێته ئیش، به‌پێی ئه‌م بۆچونه نێر له‌منداڵییه‌وه هێزی پێده‌به‌خشرێ و به‌سه‌ر مێدا زالێی ده‌كه‌ن بۆیه مێ كه گه‌وره ده‌بێ خاوه‌نی ئیراده‌و توانی خۆی نییه‌و نێر ئه‌و مافه‌ی زه‌وت كردووه. لێره‌وه به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ چه‌مكی "قه‌وامه"و به‌زاندنی سنوری كاری پیاو ده‌ستی پێكرد، چونكه جێنده‌ر ئه‌وه‌ی وه‌لای ده‌نێ "دین و كلتور‌و ڕه‌گه‌ز"ه.
ئه‌مه‌ش تاكو ئێسته نه‌گونجاو بووه چونكه ئه‌گه‌ر ته‌نها ته‌ماشای ڕێژه‌ی ئافره‌تان بكه‌ی له‌بواری سیاسی‌دا له‌وڵاتانی زۆر پێشكه‌وتووش كه دیموكراسیه‌ت تێیدا له‌ئاستێكی باڵادایه، به‌شداری ئافره‌تان له (%25) تێنه‌په‌ڕیوه، له‌وڵاتانی تر به سیسته‌می كۆتا ئافره‌ت ده‌برێته پێشه‌وه.
هه‌رچه‌نده وه‌ك له مونته‌دای زانستیدا هاتووه "ڕێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی" پێناسه‌ی جێنده‌ری له‌بواری په‌یوه‌ندی و جیاوازییه‌كانی ژن و پیاودا له‌بواری كار‌و وه‌سف كردووه، به‌وپێیه‌ی له‌نێوان كۆمه‌ڵگاكاندا ئه‌م مه‌سه‌له به‌پێی ئاستی ڕۆشنبیری جیاوازی زۆری تێدایه‌و له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر كار‌و په‌یوه‌ندی ژن و پیاو جیاوازی زۆری تێدایه، به‌ڵام له یه‌كسانی جێنده‌ردا ئه‌م جیاوازیانه به‌م جۆره‌ی لێدێت: یه‌كسانی جێنده‌ر پشت نابه‌ستێ به ڕگه‌زو به‌رپرسیارێتی و ماف له‌نێوان نێر‌و مێدا به‌پێی ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان نێره‌و ئه‌ویتر مێ، به‌ڵكو یه‌كسانی له‌دابه‌شكردنی به‌رهه‌می ئابوری‌دا ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر دابه‌شكردنی یه‌كسانی فرسه‌تی كار‌و توانا‌و كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ك نێریی و مێیی.
لێره‌وه دادگه‌ریی جێنده‌ر به‌وه پێناسه ده‌كات كه دادگه‌رییه له مامه‌ڵه‌كردنی یه‌كسان له‌گه‌ڵ ژن و پیاو بۆ پێداویستیه‌كانیان، ئه‌م مامه‌ڵه دادگهرانهش پشت به یه‌كسانی مافه مه‌ده‌نییه‌كان و ئازادییه سیاسیه‌كان ده‌به‌ستێ، جگه له‌وه له‌ئاراسته جیاوازه‌كانی جێنده‌ردا ئافره‌تان وه‌ك پیاوان ده‌برێنه بواره‌كانی یاسادانان و به‌ڕێوه‌بردن به‌بێ جیاوازی له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا.
توێژه‌ری لوبنانی "دكتۆره حوسن عه‌بوود" له‌نوسینێكیدا به‌ناوی "بحثاً عن تحديدات جديدة لمفاهيم الأنوثة والذكورة" ده‌نوسێ: كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی پێویستی به وه‌رگرتنی زاراوه‌ی نوێی بیانی نییه بۆ مه‌سه‌له‌ی یه‌كسانی ژن و پیاو، به‌ڵكو پێویستمان به‌گۆڕانكاری له‌تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ی پیاوانی كۆمه‌ڵگه‌كانمان هه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌و مافانه‌ی له‌ئیسلامدا بۆ ئافره‌تان دابینكراوه‌و پیاوان به‌تێگه‌شتنی كلتوری و عورفیی نادروست زه‌وتیان كردووه.
بۆیه جێنده‌ر ئه‌گه‌ر ئه‌مه پێناسه‌كه‌ی بێت " وسيلة لإلغاء الفروق البيولوجية ورفض الاختلاف بين الذكر والأنثى" واته جێنده‌ر هۆكارێكه بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی جیاوازییه بایلۆجییهكان و ڕه‌دكردنه‌وه‌ی جیاوازی نێوان نێر‌و مێ. به‌م بۆچونه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه جێنده‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ " وأنه خلق الزوجين الذكر والأنثى من نطفة إذا تمنى" النجم: 45 – 46. بۆیه زۆر له‌وڵاتانی ئیسلامی له‌ژێر فشاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا وشه‌ی جێنده‌ریان به‌وجۆره پێناسه كردووه كه‌جێی قبوڵ بێت و ناڕه‌زایه‌تی لێنه‌كه‌وێته‌وه، وه‌ك وڵاتی سعودیه وشه‌ی جێنده‌ری به "ئافره‌ت" لێكداوه‌ته‌وه.
(3)
بیرۆكه‌ی یه‌كسانی، بۆته بنه‌ما بۆ هه‌موو ئه‌و بزوتنه‌وه‌كانی ژنان، ئه‌م بزوتنه‌وانه‌ش قۆناغێكی گرنگیان له‌به‌ره‌و پێش چوون بڕی كاتێك له‌حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیستدا ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی دروست بوو بره‌وی به گرنگی ده‌دا به "ئافره‌ت له گه‌شه‌دا" واته ده‌رهێنانی ئافره‌ت له‌ماڵ بۆ كاركردن تاكو به‌رهه‌می هه‌بێتن ئه‌مه‌شی له‌رێگای به‌رنامه‌كانی "سه‌رپه‌رشتی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌ژاری و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌ندین به‌رنامه‌ی تری هاوكاری ئافره‌تان بۆ پرۆژه‌ی جۆراوجۆر له‌م به‌رنامانه‌شدا "جێندهرو گه‌شه" بویه بنه‌مای سه‌ره‌كی پرۆژه‌كان، له‌م نێوه‌نده‌دا بزوتنه‌وه توندڕه‌وه‌كانی ژنان به‌ناوی فیمینیزم گه‌شه‌یان كرد، لێره‌وه نزیكی له‌نێوان گه‌شه‌و جێنده‌ردا هاته ئارا، بۆیه ئێسته هه‌موو به‌رنامه‌كانی هاوكاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان په‌یوه‌سته به ئافره‌ت و لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌و بواره له‌ناو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه ناوی "لیژنه‌ی ناوه‌ندی ئافره‌ت"هو هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه له‌و كه‌سانه‌یه كه بۆچونی ئافره‌تانه‌ی لیبرالیانه‌ی توندهڕویان هه‌یه‌و بڕیار به‌ده‌ستن و نفوزی زۆریان هه‌یه له‌ناو ڕێكخراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا.
چه‌مكی جێنده‌ر یه‌كێك له‌و چه‌مكه مه‌ترسیدارانه‌یه كه ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌رێگا ڕێكخراوه ئه‌هلی و ناحوكومییهكانهوه ده‌یانه‌وێ له‌وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕه‌واجی پێبده‌ن و بڵاوی بكه‌نه‌وه،سه‌ره‌تاش به‌چه‌سپاندنی وشه‌كه له‌نێو چه‌ند یاسایه‌كدا پاشان بۆ شیكردنه‌وه‌و پێناسه‌كردنی، وه‌ك چۆن ئێسته له ده‌قه قانونییهكانی ڕێكه‌وتنی سیداو جێگایان كردۆته‌وه به‌ناوی "اتفاقية القضاء على كافة أشكال التمييز ضد النساء" و له‌هه‌مواركردنی یاسای مافی مرۆڤیش‌دا ده‌یانه‌وێ مافی هه‌موو شێوازێكی شزوزی جنسی بپارێزن به‌یاسا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هات كه "نیكۆلاس تۆنون"ی ئوستورالی خاوه‌ن شزوز ساڵی (1996) چووه به‌رده‌م لیژنه‌ی مافی مرۆڤ و ڕه‌خنه‌ی له په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گرت كه هیچ پاراستنێكی مافی ئه‌وانی تێدا نیه و داوای جێكردنه‌وه‌ی یاسایی مافی ئه‌و كه‌سانه‌ی كرد كه شزوزی جنسیان هه‌یه لهڕێكهتننامهو یاساكانیاندا، چونكه له‌یاسای ئوسترالیدا سزا بۆ ئه‌و كه‌سانه دانراوه، بۆیه ڕێكراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی وڵاتان بهێننه ناو ئیمزاكردنی ڕێكهوتتنامهكانی وه‌ك سیداو تاكو پابه‌ند بن به‌پاراستنی مافی ئه‌وكه‌سانه و ته‌داخول كردن له‌كاروباری ژیانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاكانیان وه‌له‌و دژ به‌یاساو دین و نه‌ریتی وڵاتهكانیشان بێت.
(4)
له‌كوردستان ئێسته دهویانهوێ ته‌نها وشه‌ی جێنده‌ر له‌یاسای وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و وه‌رزش ولاوان بچه‌سپێ به‌بێ پێناسه بۆیه ده‌ڵێن وشه‌یه‌ك ئه‌و هه‌ڵا گه‌وره‌ی ناوێ! بۆیه ده‌ستخۆشی بۆ هه‌ر مامۆستا‌و فراكسیۆنێك و ئه‌ندام په‌رله‌مانێك كهبهئاگاییهوه له‌گه‌ڵ ئه‌م وشه مه‌ترسیداره‌دا به‌ده‌نگ هات. |