دوای 86 ساڵ له‌ گۆڕینی مزگه‌وتی ئه‌یا سۆفیا بۆ مۆزه‌خانه‌ کرایەوە مزگەوت

رۆژی هه‌ینی رابردوو دوای 86 ساڵ له‌ گۆڕینی مزگه‌وتی ئه‌یا سۆفیا بۆ مۆزه‌خانه‌، بۆ یه‌كه‌مجار نوێژی هه‌ینی له‌ مزگه‌وته‌كه‌ به‌رپا ده‌كرێت و وتاری هه‌ینی تێدا ‌خوێنرایه‌وه‌.


سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی كێڵسه‌ی كاسۆلیكی و ئه‌رسۆدۆكسی و یه‌كێتی ئه‌وروپا، وەک گوته‌بێژی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا گوتی: ئه‌یاسۆفیا بۆ هه‌ردوو ئایینی ئیسلام و مه‌سیحی به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و ئێمه‌ نیگه‌رانین له‌ بڕیاری ئه‌نقه‌ره‌ بۆ گۆڕینی ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ به‌ مزگه‌وت.


بەڵام سه‌رۆكی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، بڕیاری كردنه‌وه‌ی ئه‌یا سۆفیا به‌ مزگه‌وت، بڕیارێكی ناوخۆیی توركیایه‌و ده‌بێت وڵاتان رێزی لێ بگرن و رێگه‌ ناده‌ین هیچ وڵاتێك ده‌ستوه‌ردان له‌و بڕیاره‌مان بكات.


راشیگەیاند: ئەمڕۆ کۆتاییمان بە ٨٦ ساڵ چاوەڕوانی ھێنا، بەھۆی ھەوڵەکانی ھاوپەیمانی نیشتمانی لەگەڵ بەڕێز باھچەلی و بە ھاوکاری دادگاش ئەم راستیەمان بینی. ئایا سۆفیا ئێستا گەڕێندراوەتەوە بۆ بنەچەی خۆی، کە مزگەوت بووە و ئێستاش ھەر مزگەوتە".


والی ئه‌سته‌نبوڵ، عه‌لی یرلیقایا، رایگه‌یاند، ئه‌یاسۆفیا یه‌كێكه‌ له‌ جوانترین مه‌زارگه‌ و شوێنی ئاینی له‌ جیهاندا و ره‌مزێكه‌ بۆ فاتحی ئه‌سته‌نبوڵ (قوسته‌نتینیه‌) له‌ 29ی ئایار/ مایۆی 1453دا.


ئه‌یاسۆفیا له‌ ساڵی 537ی زاینی وه‌ك گه‌وره‌ترین كڵێسه‌ی ئیمپراتۆریای بێزه‌نتینی درووستكراوه‌ و دوای ئه‌وه‌ی له‌ 1453 سوڵتانی عوسمانی محه‌مه‌د فاتح، قوسته‌نتینییه‌ی كۆنترۆڵ كرد، ئه‌و شوێنه‌ی گۆڕی بۆ مزگه‌وت و سنان پاشای ئه‌ندازیاری ناوداری عوسمانییه‌كان، ده‌ستكاری دیزاینی شوێنه‌كه‌ی كرد و مۆركی ئیسلامی پێ به‌خشی و به‌رده‌وام وه‌ك گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی ئایینی له‌ ئه‌سته‌نبووڵ ماوه‌ته‌وه‌، تا له‌ دوای رووخانی خیلافه‌تی عوسمانی و گۆڕینی توركیا بۆ ده‌وڵه‌تێكی سیكۆلار له‌ 1934 حكومه‌تی توركیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كه‌مال مزگه‌وته‌كه‌ی كرده‌ مۆزه‌خانه‌ و په‌رستشی تێدا قه‌ده‌غه‌ كرد.


رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌، دادگای باڵای ئیداری توركیا بڕیارێكی حكومه‌تی توركیای هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ له‌ 24ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 1934  ده‌ریكردبوو بۆ گۆڕینی ئه‌یاسۆفیا له‌ مزگه‌وته‌وه‌ بۆ مۆزه‌خانه‌.