شاندێکی لێژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 24ی8ی2020 بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی پێشوازیان لە شاندێکی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایین لە پەرلەمانی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە بەرێزان مامۆستا مەلا ئیحسان رێکانی و مامۆستا وەیسی مەلا سەعید کرد.


لە دانێشتنێکدا وێرای دەستخۆشی لە کارو هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان، چەند پرس و بابەتێکی پەیوەست بە زانایانی ئایینی و رەوشی مزگەوتەکان و خوێندنی ئیسلامی و وتاربێژان گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هاوکات بابەتی کۆرۆناو پرسی خۆپارێزی و پابەندی بە رێنماییە تەندروستیەکان تەوەرێکی تری دانیشتنەکە بوو.


شایەنی باسە لەو دانیشتنە جەخت لە هەماهەنگی پتری نێوان دەزگاو دامەزراوە ئاییینیەکان کرایەوە بەتایبەت لەو پرسانەی زەمینەی کارکردنیان هاوبەشەو لە رووی پیشەییەوە پێویستیان بە گەنگەشەو راوێژە.