هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیەوە دەکات ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەڕێز/ سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان
بەرێزان/ ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی ئیسلام
بەبۆنەی تێپەڕبوونی یۆبیلی زێڕین بەسەر دامەزراندنی یەکێتی زانایان، کە لە ناوچە رزگارکراوەکانی کوردستان و لەژێر راسپارد و رێنمایی سەرۆکی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا، گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم لە پێشەنگایەتیتان بۆ کاری چاکە و رێنوێنی کردنی خەڵک بە بیری نەتەوەیی و نیشتمانی و لێبوردەیی بەردەوام بن. زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، هەمیشە لە پێشەنگی خەباتی نەتەوایەتی بوون و سەرەڕایی فێرکردن و شیکردنەوەی بنەما ئاینییەکان، چەکیشیان لە شان بووە بۆ بەرگریکردن لە وڵات. وێڕایی ئەوەش لە کوردستان بە هیممەتی دیاری زانایان، هەمیشە کولتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان گرنگی زۆری پێدراوە،و بووەتە ناسنامەی هەر دیاری وڵاتەکەمان، وپێویستە هەموومان زیاتر دەستی پێوەبگرین و پەرەی پێ بدەین.
دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هەمیشە هەر سەرفراز و سەرکەوتوو بن.
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠/٩/٢٠٢٠