سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری مەراسیمی نه‌خشه‌سازیی نوێی دروستكردنی مزگه‌وتی له‌ ھه‌رێمی كوردستان دەکات

ئەمرۆ 13ی10ی2020 به‌ ئاماده‌بوونی بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و  بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی و پارێزگاری هه‌ولێر د. فه‌رسه‌ت سۆفی، ژماره‌یه‌ك مامۆستایانی ئایینی له‌ رێوره‌سمێكدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی نه‌خشه‌سازیی نوێی دروستكردنی مزگه‌وتی له‌ ھه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند دیزاینێك پێشكه‌ش كرابوو و دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ بابه‌تێكی نه‌خشه‌سازیی نوێ ھه‌ڵبژێردرا.


سێ نه‌خشه‌سازیی ھه‌ڵبژێردراوه‌ كه‌ مۆركی كورده‌واری له‌سه‌ر نه‌خشه‌سازیی و دیزایینی مزگه‌وته‌كان ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ و له‌كاتی دروستكردن یان نۆژه‌نكردنه‌وه‌دا، یه‌كێك له‌و سێ دیزایین و نه‌خشه‌سازییه‌ ھه‌ڵده‌بژێردرێت.


پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌م دیزاینه‌ نوێیه‌ ده‌توانێت مۆركی كورده‌واری تیاییدا ره‌نگبداته‌وه‌ و گوتی: له‌مه‌ودوا ده‌مانه‌وێت دیزایین و نه‌خشه‌سازیی مزگه‌وته‌كان مۆركی كورده‌واری تیادا ره‌نگبداته‌وه‌ و له‌ نه‌خشه‌سازیی ھیچ وڵاتێكی دیكه‌ نه‌چێت، چونكه‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بیش وایه‌ دیزایین و نه‌خشه‌سازییه‌كان له‌یه‌كتر نزیكن.


هەروەها گوتیشی: له‌مه‌ودوا بڕیاری نوێ ده‌رچووه‌ تایبه‌ت به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و دروستكردنی مزگه‌وت و ره‌چاوی مه‌ودای نێوان دوو مزگه‌وت كراوه‌ و رووبه‌ری مزگه‌وته‌كانیش به‌پێی بڕیاری نوێ فراوانتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌چاوی شوێنی ئافره‌تان كراوه‌ كه‌ پێشتر ئه‌وه‌ نه‌بوو، دیزایینه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ له‌گه‌ڵ چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ناو مزگه‌وت موسڵمانان ھه‌ست به‌ بۆنێكی خۆشی گوڵ و گوڵزار بكه‌ن و سیمایه‌كی جوانتر به‌ مزگه‌وت ده‌به‌خشێت.


نه‌خشه‌سازییه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ گومبه‌زی مزگه‌وته‌كه‌ له‌ شێوه‌ی كڵاو و جه‌مه‌دانی كورده‌واری ده‌چێت و مناره‌ی مزگه‌وته‌كانیش به‌ دیزاین و شێوازێكی تازه‌وه‌ دروست ده‌كرێن، ھه‌روه‌ھا شێوازی ناوه‌وه‌ی نزیك ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و خشت و دیزاینه‌ی كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ بۆ خانووه‌كانی قه‌ڵای ھه‌ولێر به‌كارھاتووه‌.


فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری ھه‌ولێر، تیشكی خسته‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان و رایگه‌یاند، پێویسته‌ له‌مه‌ودوا مامۆستایانی ئایینی زیاتر پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن، چونكه‌ ده‌رگای مزگه‌وته‌كان كراوه‌ته‌وه‌ و سوپاسی مامۆستایانی ئایینیشی كرد كه‌ له‌ میانی كه‌ره‌نتیندا رۆڵێكی باشیان بۆ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و پاڵپشتی خۆیشی بۆ مامۆستایانی ئایینی دووپاتكرده‌وه‌.


له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا، سێ ئه‌ندازیاری بیناسازی كه‌ دیزایین و نه‌خشه‌كانیان كێشاوه‌ له‌لایه‌ن پارێزگاری ھه‌ولێر، فرسه‌ت سۆفی و وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، پشتیوان سادق و سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی د.عه‌بدوڵڵا مەلا سه‌عید خه‌ڵاتكران.


به‌پێی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆ نه‌خشه‌ی تازه‌ی مزگه‌وت، سێ نه‌خشه‌ ده‌ستنیشان كراون بۆ دروستكردنی مزگه‌وتی تازه‌، یان دووباره‌ دروستكردنه‌وه‌یان له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان و له‌نێوان ئه‌و سێ نه‌خشه‌ و دیزایینه‌دا به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی و مۆركی كورده‌واری یه‌كێكیان ھه‌ڵده‌بژێردرێن.