سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێویستە لەم قۆناغەدا هەموو کارئاسانی و پاڵپشتیەکی حوجرە بکرێت

 ئەمرۆ 6ی12ی2020 شادێکی یەکێتی زانایان کە پێکهاتبوو لە بەرێزان د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و مامۆستا مەلا عزیز خەزنەیی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا بەشداری مەراسیمی بەخشینی بروانامەی زانستی لە مزگەوتی شێخ حمدامین خەیلانی لە شاری هەولێر کرد.


وێرای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، وتاری بەخێرهاتن لەلایەن بەرێز د. جمیل سورچی خوێندرایەوە، پاشان وتاری بەرێز وتاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە لایەن بەرێز شێخ ئیبراهیم بەرزنجی پێشکەش کرا.


پاشان بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا پیرۆزبایی یەکێتی زانایانی ئاراستە هەردوو مامۆستای بروانامە وەرگر کردو، دەستخۆشی ئاراستە هەریەک لە بەرێزان شێخ حمدامین خەیلانی و د.جمیل سورچی و مامۆستا مەلا دلشاد کرد لە سەرپەرشتی کردنی حوجرەو پێگەیاندنی فەقێ و بەخشینی بروانامەی زانستی.


سەرۆکی یەکێتی زانایان لە وتارەکەی بە گرنگیەوە باسی لە پێگەو رۆڵی حوجرە کردو ئاماژەی بەوەدا کە حوجرەو کورد لێک جیاناکرێنەوەو لەرابردووش ئەوە سەلماوە، کە حوجرە چ خزمەتێکی گەورەی بە کوردو کوردستان کردووەو رێڕەوی راستەقینەی زانست و دینداری پاراستووە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: لەم قۆناغەدا ئەرکی هەمووانە بەتایبەت حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف و خواپێداوان، کە کارئاسانی و پاڵپشتی تەواوی ماددی و مەعنەوی حوجرە بکەن، بۆ ئەوەی بتواندرێ لەو رێیەوە کەلێنی لەدەستدان و وەفاتکردنی زانایان پڕ بکرێتەوە، کە بەداخەوە ئەمساڵ رێژەیەکی زۆری زانایانمان لەدەستداو وەفاتیان کرد.


لەبەشێکی تری وتارەکەی سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتی: حوجرە ناوەندێکی گەورەی پێگەیاندنی زانایان و بڵاوکردنەوەی هزری میانڕەویە لە کوردستان دوور لە هەر ئاڵۆزی و توندی و کاردانەوەیەک، بۆیە گرنگە ئەو ناوەندە زانستیە پەرەی پێ بدرێت و وەک پێویستیەکی گرێدراو بە کۆمەڵگەی کوردی سەیر بکرێت.


شایەنی باسە دواتر لەلایەن مامۆستای بروانامەدەر ئیجازەی زانستی بەخشرایە هەریەک لە بەرێزان مامۆستا مەلا جاسم رازی و مامۆستا مەلا محمد خەیلانی و بەو بۆنەشەوە چەندین قەسیدەو پارچە شیعرو پەخشان پێشکەش کران.