سەرۆکی یەکێتی زانایان بە وتارێک بەشداری کۆنفرانسی (پاراستنی شکۆی خێزان) لەهەولێر دەکات

 ئەمرۆ سێشەممە 8ی12ی2020 بەێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئایسلامی کوردستان بەشداری کرد لە کۆنفرانسی پاراستنی شکۆی خێزان، کە لە لایەن کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەددین رێکخرا بوو.


لەدەسپێکی کۆنفرانسەکە چەند وتارێکی پەیوەست پێشکەش کران و لە چوارچێوەی بابەتی کۆنفرانسەکە تیشک خرایە سەر مافەکانی ئافرەت و روانگەی دروستی شەریعەت لەو بارەوە.


هەر لەو کۆنفرانسە بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای دەستخۆش لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بۆ سازکردنی کۆنفرانسەکە، تیشکی خستە سەر روانگەی ئیسلام و مافی ئافرەت هەر لە قۆناغی منداڵیەوە تا دوا تەمەنی، کە ئیسلام رێزو سەنگ و بەهای زۆری بۆ ئافرەتان داناوەو دژی هەر جۆرە توندی و ئاکارێکی ناتەندروستە بەرامبەر ئافرەت ئەنجام بدرێت.


هەروەها چەندین دەقی لەو بارەوە خستە روو، کە ئاماژە بوون بۆ بەرزی پێگەی ئافرەت و تێڕوانینی ئیسلام لە بارەیەوە، هەروەک ئاماژەی بە پێشەنگبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) هێنایەوە، کە چۆن رێزی خێزانەکانی خۆی گرتووەو خۆشەویستی بۆ دەربڕیون.


لە تەوەرێکی تردا سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بە رۆڵی دیاری زانایانی ئایینی کردو گوتی: زانایانی ئایینی فاکتەرێکی کاراو کاریگەر بوونە لە هەرێم سەبارەت بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەهەمبەر مافەکانی ئافرەتان و چۆنیەتی مامەڵەکردن بەرامبەریان، لەو نێوەشدا یەکێتی زانایان پاڵپشتی هەر پرۆژەو هەنگاوێک دەکات کە لە خزمەت دۆخی ئافرەتان و پاراستنی پێگەو سەنگ و تایبەتمەندی ئەوان بێت و هۆکاری کەمکردنەوەی ئاریشە کۆمەڵایەتیەکان و نەهێشتنی توندو تیژی دژی ژنان بێت.


شایەنی باسە ئەم کۆنفرانسە لەسەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سەلاحەددین بەرێوە دەچێت و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیار وایە چەندین توێژینەوە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ سەبارەت بە پاراستنی شکۆی خێزان پێشکەش بکرێت.