ئەمرۆ 15ی12ی2020 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی پێشوازیان لەبەرێز زێندین مەولود بریکاری ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد.
سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز زێندین مەولود خۆشحاڵی خۆی بە دیداری زانایان دەربڕی و سوپاسی پێشوازی گەرمی یەکێتی زانایان کردو باسی لە رۆڵ و پێگەی زانایانی ئایینی لەخزمەتکردنی رەوشی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کرد.
دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێرای خۆشحاڵی بەو سەردانەی بریکاری وەزارەت، جەختی لە رۆڵ و کارو هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان و خزمەتی زانایان لەبەرەو پێشبردنی کۆمەڵگەو پاراستنی سەقامگیری و گەیاندنی پەیامی ئیسلام و کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی بیری میانڕەوی کردەوە.
هەر لە دانیشتنەکەدا کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەردوولا لە چۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی و خزمەتی زانایان و کارکردن بۆ بەرەو پێشبردنی رەوشی مزگەوت و گوتاری ئایینی تاوتوێ کراو چەند پێشنیارو پەیامی تایبەت سەبارەت بە باشتر کردنی خزمەتی زانایانی ئایینی و دۆخی بەرێوەبردن و سەرپەرشتی کردنی مزگەوتەکان لە کوردستان خرایە روو.
|