یه‌كێتی زانایان پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان توانرا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی ئێراق له‌ هه‌ولێر كۆبكرێنه‌وه‌‌و، هه‌ر له‌سه‌ر ده‌سپێشخه‌ریه‌كه‌ی به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دوای چه‌ندین مانگ توانرا حكومه‌تی ئێراق ته‌شكیل بكرێته‌وه‌، یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان نامه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌‌و میهره‌بان
به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

به‌خته‌وه‌رین به‌ناوی سه‌رجه‌م زانایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستخۆشانه‌‌و پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێزتان بكه‌ین، بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ مه‌زنه‌ی ئه‌نجامت دا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ ئێراقیه‌كان له‌ هه‌ولێر‌و، پاشانیش پێكهێنانی حكومه‌تی هاوبه‌شی نیشتیمانی له‌ ئێراقدا، بێگومان ئه‌و هه‌وڵه‌ی به‌ڕێزتان ئه‌و كاره‌ مه‌زن‌و پیرۆزه‌یه‌ كه‌ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانه‌‌و، ئاشتكردنه‌وه‌ی حزب‌و كوتله‌‌و لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی ئێراقه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری‌و ئه‌من‌و ئاسایشه‌ له‌ ئێراقدا، كه‌مكردنه‌وه‌ی رشتنی خوێنه‌ له‌ ئێراقدا.

بۆیه‌ وێڕای ده‌ستخۆشیمان پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م گه‌لی كورد ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وتی تێكڕای گه‌لی كورده‌.

مه‌كته‌بی ته‌نفیزی
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
‏12‏/11‏/2010