بەئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف ،جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ مورشیدەكانی حەج كۆدەبێتەوە.

مەریوان نەقشبەندی – سعودیە

پێش یەك رۆژ لەدەستپێكردنی واجبات و مەناسكی حەج ،مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بەئامادەبوونی كامیل حاجی عەلی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئه‌كره‌م سه‌عید یاریده‌ده‌ری به‌رێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌، لەشاری مەككەی پیرۆز لەگەڵ سەرجەم مورشیدە ئاینیەكانی سەفەری حەجی ئەمساڵ كۆبۆوە، لەكۆبونەوەكەدا مامۆستا جەلال خەیلانی لەسەر ئەركی گرنگی مورشیدەكان و زەرورەتی پابەندبوون بەفەتوا و بڕیارەكانی لیژنەی باڵای فەتوای حەجی ئەمساڵ قسەی كرد،پاشان داوای لەمورشیدەكان كرد لەعەرەفەی پیرۆز لەگەڵ دوعاكردن و پارانەوە لەخوای گەورە بۆ ماڵ و منداڵ و موسڵمانان، دوعای خێریش بۆ هەریەكە لەسەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ بكەن ،یەكەمیان بۆ ئەو هەوڵ و هیممەتەی كەبۆ چەسپاندنی داواكانی كورد و یەكخستنەوەی ماڵی عیراقیەكان لەناو پەرلەمانی عیراقدا كردی، دووەمیشیان بۆ سەركەوتنی لەكاری نوێیدا كە ئەركی سەرۆكایەتیكردنی وڵاتێكی فرە نەتەوە و فرە مەزهەب و بیروباوەڕی جیاجیا و هەندێ‌ جاریش دژبەیەكە، وەزیری ئەوقافیش لەوتەیەكدا پشتگیری بۆ قسەكانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانی كوردستان دوپات كردەوە و تەئكیدی كردەوە كەساڵی ئایندە بەرنامەی هاوبەشی چڕوپڕ دەبێت لەسەفەری حەجدا و بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی زانایاندا دەكرێت.