په‌یامێكی مه‌ولوود له‌ رۆژنامه‌ی په‌یامدا

بێَگومان رۆژی له‌دایك بوونی پێشه‌واو سه‌ردارمان (محمد) درودی خودای له‌سه‌ر بێت، جێگه‌ی دڵخۆشی هه‌موو موسڵمانێكه‌، له‌ هه‌ر گۆشه‌یه‌كی زه‌ویدا بێت. به‌و مانایه‌ی كه‌ له‌م رۆژه‌دا رابه‌رو مامۆستای مرۆڤایه‌تی تێیدا هاتوته‌ كایه‌وه‌، كه‌ واته‌ له‌جێی خۆیه‌تی كه‌ هه‌مومان به‌چاوێكی گه‌وره‌ تێرامان بۆ ئه‌م كاته‌‌و ساته‌ بكه‌ین. كاتێك ده‌لێم به‌چاوێكی گه‌وره‌ سه‌یری ئه‌م رۆژه‌ بكه‌ین به‌وماناو مه‌دلوله‌ی بزانین كێ له‌م رۆژه‌دا بووه‌؟

وه‌بوونی ئه‌و چ كاریگه‌ری هه‌بوه‌‌و، ده‌شبی له‌سه‌ر ژیان‌و ژیارو شارستانیه‌تی مرۆڤ‌و جیهاندا، چونكه‌ جیهان‌و مرۆڤه‌كان هه‌مویان مه‌خلوقن، وه‌هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ریشمان درودی خودای له‌سه‌ر بێت یه‌كێكه‌ له‌م مه‌خلوقانه‌ به‌ڵام جیاواز ، جیاوازتره‌ له‌هه‌موو بونه‌وه‌ر‌و، پێك هاته‌كانی ئه‌م گه‌ردوونه‌ هه‌روه‌ك‌و شاعیر ده‌لێت ( محمد بشر ولیس كالبشر بل هو یاقوته‌ والناس كالحجر)، مادام وابێت رۆژێكی ئاسایی نیه‌‌و به‌هه‌نده‌ ئاسانیش تێپه‌ڕ ناكرێت له‌ ته‌ك یاده‌كاندا.

وه‌لێ‌ هه‌موو موسڵمانان له‌م رۆژه‌دا دڵخۆش‌و كه‌یف شادن، هه‌شه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ڵكو دڵته‌نگه‌‌و حه‌ز به‌م كه‌شه‌ ناكات، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ وا حاڵی بوون, یاخود گوناهبارنین له‌به‌ر ئه‌‌وه‌ی واتێگه‌یشتوون, كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی باش نیه‌‌و نابێ‌ بكرێت چونكه‌ له‌لای ئه‌‌وان غه‌یر‌و جائیزه‌.
كه‌‌واته‌ هیچ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆڕێت ئه‌گه‌ر بۆچوونێك یاخوود ساده‌تر بڵێم چین‌و توێژێكیش له‌ موسڵمانان پێیان كارێكی داهێنرا‌وبێت به‌ نه‌كردنی دڵیان ئۆقره‌ ده‌بێ‌؟

پێویسته‌ رێز له‌ لافیته‌‌و نوسینه‌كانی تایبه‌ت به‌ مه‌ولود
بگرێ‌و له‌ دوای مه‌ولودیش به‌هه‌مان شێوه‌‌و نه‌كه‌ونه‌ سه‌ر جاده‌‌و شه‌قامه‌كان

به‌ڵام من پێم ‌وایه‌ هه‌ر ‌واشبووه‌ موسڵمانان له‌م ڕۆژه‌دا زۆر دڵخۆش‌و شادن به‌م یاده‌ پڕ شكۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی‌و به‌تایبه‌تی موسڵمانانی كوردستان‌و تایبه‌تمه‌نتریش له‌ كوردستان شاری هه‌‌ولێره‌, كه‌‌وا ساڵانه‌ به‌ بۆنه‌ی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به‌ جۆش‌و خرۆشه‌‌وه‌ پێشوازی له‌م یاده‌ ده‌كه‌ن به‌ چه‌ندایه‌تی جۆر ‌وه‌ك هه‌فته‌ی ڤیستیڤاڵی یادی مه‌‌ولود, كه‌ هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێن له‌ مزگه‌‌وتی جه‌لیل خه‌یات به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ‌وه‌ چه‌ندین به‌رنامه‌‌و ته‌‌وه‌ری گرینگیش له‌خۆ ده‌گرێت.
‌وه‌ هه‌ر‌وه‌ها ساڵنامه‌ی یادیش به‌ هه‌مان ڕیتم‌و شێوه‌ چاپخانه‌ی مناره‌ جێ‌ به‌جێی ده‌كات تایبه‌ت به‌ پڕۆسه‌ی مه‌‌ولود‌و ڕۆژی له‌ دایك بوونی سه‌ر‌وه‌رمان, جگه‌ له‌مه‌ش ڕۆژنامه‌ی په‌یام‌و هه‌ره‌ها له‌ كه‌ناڵه‌كانی نا‌وه‌خۆ‌و ئاسمانیه‌كانیش له‌م ڕۆژه‌دا ڕه‌نگدانه‌‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌بێ‌.


‌وه‌ لایه‌نی په‌یوه‌نی داریش له‌‌و ڕۆژه‌دا زۆرتر‌و به‌رچا‌وتر ده‌ڕژێنه‌ نێو جه‌ما‌وه‌ر‌و له‌ ناخی خه‌ڵكه‌‌وه‌ نزیك ده‌بنه‌‌وه‌, هه‌ر له‌م سۆنگه‌‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ خاڵێكی ترده‌ده‌م بۆ ئه‌‌وه‌ی ‌وه‌ك پیشه‌‌و ئه‌ركێكی ئاینی هه‌م ‌وه‌زاره‌تی ئه‌‌وقاف‌و كار‌وباری ئاینی شان به‌شان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان پێكه‌‌وه‌ بتوانن هۆشیاری خه‌ڵك بكه‌نه‌‌وه‌, له‌ ڕووی چۆنایه‌تی كردنی مه‌‌ولود‌و به‌ڕیكردنی یادی ئه‌م ڕۆژه‌ پیرۆزه‌.
له‌به‌ر ئه‌‌وه‌ی هه‌نده‌ك شت له‌هه‌نده‌ك شوێنان ده‌كرێت به‌نا‌وی مه‌‌ولود دوور‌و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ مه‌‌ولود كردن نیه‌, یاخود تێكه‌ڵا‌وی له‌ هه‌نده‌ك ماڵان ده‌كرێت له‌ ئه‌نجامی مه‌‌ولود كردن به‌بێ‌ ئه‌‌وه‌ی مه‌رجی مه‌‌ولود كرنی تێدابێت؟


كه‌‌واته‌ نه‌ك ئه‌ركی ئه‌م دوو لایه‌نه‌یه‌, كه‌ ئاماژه‌م پێدا, به‌ڵكو ئه‌بێ‌ مامۆستایانی ئایینی, كه‌ زمانحاڵی ئیسلامن‌و خه‌ڵكانی شاره‌زا له‌ ئاین هۆشیاری به‌رپا بكه‌ن له‌ ڕووی چۆنیه‌تی‌و چه‌ندایه‌تی مه‌ولود كردن دوور بێت له‌ شتی خوڕافیات‌و، ناشه‌رعی. یاخود له‌ رۆژانی پێش مه‌ولود زۆر جۆره‌ لافیته‌‌و نووسین ( لا إله الاّ الله محمد رسول الله)، یان چه‌ند نوسراوێكی تر كه‌ له‌گه‌ڵ باوو باران‌و دوای مه‌ولود ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، پێویسته‌ به‌ شێوازێكی جوان هه‌ڵبواسرێن، نه‌وه‌كو خوانه‌خواسته‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر جاده‌كان‌و په‌رت‌و بڵاو ببنه‌وه‌‌و به‌ شێوه‌یه‌كی سووك له‌سه‌ر رێگه‌كان ببیندرێن‌و خه‌ڵك به‌سه‌ریانه‌وه‌ بڕوات.


له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ ماوه‌ بڵێم مه‌ولود كردن بۆه‌ته‌ به‌شێك له‌ كه‌لتوورو فه‌رهه‌نگی ئه‌م وڵاته‌ هه‌رگیزاو هه‌رگیز ناكرێت ئه‌م یاده‌ له‌ یاد بكرێت.