مامۆستا مەلا عبدالله ئاکرەیی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات

 ئەمرۆ 15ی3ی2021 مامۆستا مەلا عبدالله ملا احمد الامام زاناو کەسایەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی دەڤەری ئاکرێ و کوردستان وایی ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا كۆچی دوایی كرد، بەو بۆنەوە یه‌کێتی زانایان پرسه‌نامه‌یه‌ک ئاراسته‌ی خانه‌واده‌که‌ی ده‌کات، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:


به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان


(كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ ثُمَّ إِلَيْنَا تُرْجَعُونَ)


بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا عبدالله ئاکرەیی


برای بەرێزمان مامۆستا مەلا محمد ئاکرەیی سەرۆکی پێشووتری یەکێتی زانایان


بەرازی بوون بە قەدەری خوای پەروەردگار، بەداخەوە هه‌واڵی وه‌فاتی زاناو کەسایەتی دیاری کوردستان (مامۆستا مەلا عبدالله ئاکرەیی) ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان و بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایانمان پێگه‌یشت، کە ئەمرۆ بە هۆی نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دوایی کردو لەناخەوە خەفەتباری کردین.


مامۆستا وێڕای ئەوەی لە بنەماڵەیەکی دیاری زانستی و ئاینپەروەرو نیشتماندۆست لەدایک بووە، لەهەمان کات خزمەتێکی زۆری لەناو ریزی یەکێتی زانایان هەبوو و کەسێکی زاناو شارەزاو دڵسۆزو دیندارو سادەو قسەخۆش و هەڵکەوتووی دەڤەری ئاکرێ بوو. مامۆستا هەمیشە خاوەن هەستی نیشتمانی و کوردپەروەرێکی دڵسۆز بوو، لە هەموو بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکان هەڵوێستی خۆی هەبوو، خزمەتێکی زۆری قوتابیانی ئایینی و تەدریس و زانستی کردووە، بۆیە لەدەستدانی خەسارەت و بۆشاییەکی گەورە بوو.


به‌و بۆنه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی یەکێتی زانایان بەتایبەت مەکتەبی تەنفیزی لە خۆمان و بەرێزتان و خانه‌واده‌و که‌س و کاری ره‌حمه‌تی و زانایانی ئایینی بەگشتی و دەڤەری ئاکرێ بەتایبەتی ده‌که‌ین، له‌خوای گه‌وره‌ داواکارین سه‌برو ئارامی به‌ خزم و دۆستانی ببه‌خشێت و جێگه‌ی مامۆستای ره‌حمه‌تی به‌هه‌شتی به‌رین بێت.


 انا لله وانا الیه راجعون


یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


15ی3ی2021