وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و وەزیری تەندروستی سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکەن

ئەمرۆ 31ی3ی2021 بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری کاروباری تەندروستی و شاندێکی یاوەریان سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانیان کردو بە گەرمیەوە لە لایەن سەرۆک و جێگرو ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی پێشوازی کران.


لە دانیشتنێکی دۆستانەدا باس لە کۆمەڵێک پرس و بابەتی پەیوەست بە بارودۆخی ئێستای کوردستان بەتایبەت رەوشی تەندروستی و خۆپارێزی و چۆنیەتی جێبەجێ کردنی رێکارو رێنماییە تەندروستیەکان کراو هەر لەو سۆنگەشەوە هەردوو بەرێزان وەزیری ئەوقاف و وەزیری تەندروستی سوپاسی خۆیان ئاراستەی یەکێتی زانایان و مامۆستایانی ئایینی کرد، کە رۆڵی گرنگیان بینیوە لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و کۆمەڵگە لەو بارەوە.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێ د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانە، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن و پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن، چونکە هێشتا مەترسی کۆرۆنا ماوەو خۆپارێزیش ئەرکێکی پێویستە.


شایەنی باسە هەر لەو دانیشتنە چەند پرس و بابەتێکی تری پەیوەست جەختی لێ کرایەوەو ئامادەبووانیش بە چەند سەرنج و گەنگەشەیەک دانیشتنەکەیان دەوڵەمەنتر کرد.