پەیامی پیرۆزبایی یەکێتی زانایان بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە

 بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ


((يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ))


به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی پڕ خێری ره‌مه‌زانی پیرۆه‌وه‌، پڕ به‌دڵ پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م موسڵمانان به‌گشتی‌و خه‌ڵكی كوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌كه‌ین..


مانگی پیرۆزی رەمەزان دەرفەتێکی تایبەتە بۆ خواپەرستی و نزاو لێبوردەیی و پاکبوونەوەو ئەنجامدانی کارو هەنگاوی خێرو چاکە، وە گه‌یشتن به‌ له‌ززه‌تی ئیمانی‌و ئاسوودەیی دەروونی و به‌رجه‌سته‌بوونی دروشمه‌ ئایینیه‌كان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا‌.


لە کاتێکدا پێشوازی لەو مانگە بەخێرە دەکەین، کە هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵکشان دایەو زۆرێک لە خۆشەویستانمان بەو هۆیەوە دەبنە قوربانی، بۆیە لەروانگەی هەستی بەرپرسیارێتی و ئیمانی و ئینسانیەوە داوا لە سەرجەم هاوڵاتیان بەگشتی و موسڵمانان بەتایبەتی دەکەین، کە پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن و رەچاوی سەلامەتی گیانی یەکتر بکەن، ئەمە خواست و بنەمایەکی گرنگی ئایینی ئیسلامە کە زیان بە یەکتر نەگەیێنین.


هەروەک دەخوازین هەمووان بەگیانی برایانەو هەستی مرۆییەوە رێز لەو مانگە بگرین و دەستی هاوکاری و کۆمەكی و کارئاسانی و بەهاناوەچوون بۆ هەژاران درێژ بکەین و لێبوردەیی و بەخشندەیی زیاتر بایەخ پێ بدەین.


دەخوازین حکومەت چاودێری گرانبوونی کاڵاکان بکات و برا بازرگان و دوکاندارەکانیش رەچاوی دۆخ و گوزەرانی خەڵک بکەن، نەک بە گرانکردنی کاڵاو کەل و پەل و خواردەمەنیەکان بازاڕو مانگی رەمەزان ئیستیغلال بکرێت.


گرنگە له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ره‌زامه‌ندی خوا‌و پاكبوونه‌وه‌ له‌ تاوان‌و هه‌ستی دینداری‌ و تاعەتکردن، ماڵەکانمان ئاوەدان بکەینەوەو بەنیەت و ئیخلاسەوە لە پێشوازی و خزمەتی مانگی قورئانی پیرۆز دابین و نزای خێرو سەلامەتی و نەمانی ئەم نەخۆشی و ناخۆشیە لەخوای گەروە بخوازین.


جارێكی تر پیرۆزبایی له‌گشت لایه‌ك و بەتایبەتی مامۆستایانی ئایین و نوێژخوێنان ده‌كه‌ین‌و، ئومێده‌وارین مانگی ره‌مه‌زان ببێته‌ مایه‌ی خێرو خۆشی بۆ تێكڕای موسڵمانان به‌گشتی‌و گه‌لی كورد به‌تایبه‌تی.  


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستات


12ی4ی2021