سەرۆکی حکومەتی هەرێم ستایشی رۆڵی زانایان دەکات

لە پەیامەکەیدا بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزدار کاک مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایانی ئاینی کوردستان دەکات لەهەمبەر هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی. هەروەها ئاماژە بەوەشدا کە زانایانی ئایینی هاوکارن و رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن.


ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:


بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم . خوای مەزن و دلۆڤان، نوێژ و ڕۆژوو و نزاکانمان لێ قبوڵ بکات و هاتنی مانگی ڕەمەزان، ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامیی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان.


ئەم بۆنە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داوا لە کوردستانییان بکەم کە پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، کە باشترین ڕێگەیە بۆ خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا . سوپاسی مامۆستایانی ئاینی کوردستانيش دەکەم کە لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی، هاوکارن و ڕۆڵێکی گرنگییان هەیە .


خوای مەزن کوردستان لە هەموو نەهامەتییەک بپارێزێت .


مەسرور بارزانی


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان