لەساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەری کوردی یەکێتی زانایان پەیامێک ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن دەکات و دەڵێت: سوکایەتی بەرامبەر پیرۆزییەکان و شێواندنی پێکەوەژیان قابیلی قبوڵ نیە

بە بۆنەی ۲۲ی نیسان ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پایامەکەیە:


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


((وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا))


بە بۆنەی سەدو بیست و سێیەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری كوردی پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و دەزگا رۆژنامەوانیەکان دەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەرەو پێشچوون بۆ هەموو لایەک دەخوازین.


لەو سۆنگەوە گرنگە ئەو راستیە لای هەمووان روون بێت، کە راگەیاندن و کاری رۆژنامەگەری بەرپرسیارێتی و ئەمانەت و ئەخلاقە، ناکرێ بە شێوەیەکی ناتەندروست و بە مەرام و میزاجی تایبەتی و کەسی مامەڵەی پێوە بکرێت، بەڵکو پێویستە لە چوارچێوەی ئادابی گشتی و یاساو رەچاوکردنی بەهاكانەوە بێت، ئەرکی رۆژنامەنووسان ئەوەیە بەرپرسیارانە و پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ پرس و پێشهاتەکان بكەن و، هۆشیاری و زانیاريی دروست و هاوسەنگی و سه‌قامگيری و پاراستنی ئاشتەوايی كۆمەڵایەتی و بنەمای پێکەوەژیان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵات لەبەرچاو بگرن.


داوا لە لایەنی پەیوەندارو دەزگاو ناوەندە ئیعلامیەکان دەکەین، وردتر چاودێری دۆخەکە بکەن و رێگە نەدەن ئاراستەی راگەیاندن لەرێی بابەت و بەرنامەی نەشیاو و گوماناوی و بریندارکەری شعووری خەڵک بەرەو ئاقاری خراپ و تێکدان و ترازان بچێت و لەجیاتی پێدانی هۆشیاری ئاریشەو گرفت بۆ کۆمەڵگە زیاد بکات، چونکە زۆر جار هەندێ کەناڵ و بەرنامەو رۆژنامەوان بێ رەچاوکردنی بەهای پیشەیی و مۆڕاڵی رۆژنامەگەری، سوکایەتی بە ئیسلام و پیرۆزییەکان و هەستی موسڵمانان دەکەن و هەموو سنوورێک دەبەزێنن، ئەمەش زیان و مەترسی و کاردانەوەی خراپ بەدوای خۆیدا دێنێت و خزمەت بە ئاشتی و پێکەوەژیان ناکات.


مەعلومە کوردستان زۆرینەی موسڵمانەو کۆمەڵگەی کوردیش خاوەن تایبەتمەندی ئایینی و ئەخلاقی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەری و نەتەوەدۆستیە، هەر هەنگاوێک لە چوارچێوەی خزمەت و بەرەو پێشبردنی ئەو بوارە جێگەی تەقدیرە، بە پێچەوانەوە دەرچوون لە یاساو پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکان و مامەڵەی نابەجێ و بریندارکردنی شعوری خەڵک و تێکدانی شیرازەی خێزان و كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرەنسیپە کۆمەڵایەتیەکان و بێشەرمکردنی کۆمەڵگە، پێویستە رێگەی لێ بگیرێت و بەهیچ شێوەیەک مەجالی ئەو جۆرە سوکایەتی و هەنگاوانە نەدرێت.


ئێمە لە یەکێتی زانایانەوە پشتیوانی خۆمان بۆ راگەیاندن و ئازادی رادەبڕین دووپات دەکەینەوە، بەڵام لەسەر حیسابی مومارەسەی نابەجێ و پێشێلکردنی مافی خەڵک و سنووربەزاندن نا، دووپاتی دەکەینەوە سوکایەتی بەرامبەر ئیسلام و پیرۆزییەکان و بریندارکردنی شعووری موسڵمانان و شێواندنی پێکەوەژیان قابیلی قبوڵ نیە.


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


21ی4ی2021