مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان دەکات

ئەمرۆ 17ی5ی2021 بەرێز د. عبداللا مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی پێشوازیان لە شاندێکی لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەرێزان مامۆستا مەلا ئیحسان رێکانی جێگری سەرۆکی لێژنەی ئەوقاف و مامۆستا وەیسی مەلا سەعید بڕیاردەری لێژنەو فەیسەڵ عەباس ئەندامی لێژنەی ئەوقاف کرد.


لە دانیشتنێکدا شاندەکە وێڕای جەژنە پیرۆزەو سوپاسی یەکێتی زانایان بۆ رۆڵی دیاریان لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەو هاوڵاتیان بەتایبەت هۆشیاری خۆپارێزی و پابەندی بە رێنماییەکان لە نێو مزگەوت و نوێژخوێنان، باسیان لە چەند پرس و بابەتێکی پەیوەست بە هەردوولا کردو لەو چوارچێوەدا رۆڵی یەکێتی زانایان بە گرنگ وەسف کرد، بەتایبەت لەو پرسانەی رەهەندی ئایینی و راوێژی هەمەلایەنەی هەیە، دواتر گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای ھەمواری پیادەكردنی یاسای بەرێوەبەردنی ئەوقاف ژمارە-(٦٤)ی سالی ١٩٦٦ی ھەمواركراو لەھەرێمی كوردستان كرا كە ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ھەرێمی كوردستان كراوە، بەو پێیەی پرۆژەكە رەھەندێكی شەرعی تایبەتی ھەیە.


لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین، جەختی لە پێویستی هەماهەنگی و هەبوونی راوێژو گفتوگۆی نێوان دام و دەزگا فەرمی و پەیوەستەکان کردەوەو راشیگەیاند، کە پێویستە لە پێناو کاراترکردنی یاساکان و زیاتر خزمەتی زانایان و رەوشی ئایینی لە هەرێم هەمووان رۆڵی زیاتر ببینن.