یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پەرلەمانی کوردستان دەکات

ئەمرۆ 24ی5ی2021 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایان و د. حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتواو ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی پێشوازیان لە شاندێکی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پەرلەمانی کوردستان کرد.


شاندەکە پێکهاتبوو لە هەر یەک لە بەرێزان مامۆستا مەلا ئیحسان رێکانی جێگری سەرۆکی لێژنەو مامۆستا وەیسی مەلا سەعید بریاردەری لێژنەو د. ئیسماعیل سگێری و مامۆستا مەلا جیهاد بێسفکی و کاک هێرش فقێ حسن ئەندامانی لێژنە.


دانیشتنەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن سەبارەت بەچەند پرسێکی هاوبەش و رێکخستنەوەی موڵکەکانی وەقف و بەتایبەت پرۆژە یاسای هەمواری پیادەکردنی یاسای بەرێوەبردنی ئەوقاف و وەرگرتنی سەرنج و پێشنیارو رای یەکێتی زانایان، بەوردی گەنگەشەی بابەتەکەو بڕگەو بابەتەکانی پەیوەست بە وەقف کرا.


لەو بارەوە بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەرێز د. حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا روانگەی شەرعی و بنەماو چوارچێوە پەیوەستەکانی شەرعی و تێڕوانینی یەکێتی زانایان لەسەر پرۆژەکەو چۆنیەتی هەموار کردنەوەکە خستە روو، هەروەها ئامادەیی هەماهەنگی و پاڵپشتی هەر کارو پرۆژەو هەنگاوێکیان بۆ خزمەتی یاساو خەڵکی کوردستان دووپاتکردەوە.


لەلایەن خۆیانەوە لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی کوردستان سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی یەکێتی زانایان کردو رایانگەیاند، کە ئەوان بە تەقدیرەوە لە بڕیارو پێشنیاری یەکێتی زانایان دەڕوانن و بەهەندی وەردەگرن.


شایەنی باسە بڕیار وایە لە پێناو زیاتر وردبینی کردنی پرۆژەکە بە رەچاوکردنی رەهەندی ئایینی لەهەماهەنگی زیاترو باشتر دابن و لە گفتوگۆی پەیوەست بەردەوام بن.