رۆژی له دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)
روناكی و تیشكی ئه‌و شیعره‌ی جه‌نابی مه‌حوی ده‌كه‌مه سهردێرِی بابه‌تی ئهمرِۆ و لێه‌وه دێمه نێو بابه‌ته‌كه‌م، كه ده‌فه‌رموێت:
وصلى الله على ئه‌و به‌حری عیلم و عیرفـــــــــــــــــانه
كه ده‌ركی غه‌وری ناكا غه‌یرو عیلمی الله سوبحـــانه
چ مهدحێكت بكه‌م لائیـــــــــــق به‌تۆ (یاخیرخلق الله)
منی بێ خێری نالائیق كه جیبریلت سه‌نا خوانــــــه
به‌یانی گه‌وره‌یی خولقی كه‌سێ ئایه‌ت لهشهئنی بێ
نه مهقدوری من وتۆیه، نه ئیشی(قس)و(سحبان)ـــه
ئهمرِۆ به پێی رۆژژمێری ئایینی، ده‌كاته16ی ره‌بیعی یه‌كه‌می ساڵی 1432كۆچی، واته پێنج رۆژ دوای یادی له دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام، موحه‌ممه‌د(د.خ)، كه سالاَنه زۆرێك له كوردستانیان و جیهانی ئیسلامی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، ده‌یكه‌نه رۆژی خۆشی دهربرِین و شیرینی و گولاَو پژاندن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌ندێك لهلاپهرِه پرشنگداره‌كانی ژیانی پیرۆزی ئهوكهسایهتییه گه‌وره‌یه، وێرِای ئه‌وه‌یش، له زۆرلاوه گوێبیستی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێك سروود و شیعری ئایینی و پێداگوتن ده‌بین، له گه‌ڵ تێركردنی هه‌ندێك كه‌س، كه بۆنه و یاده‌كه، ده‌قۆزنه‌وه بۆ هه‌ڵته‌كاندنی گیرفانی زه‌نگینه‌كان و پرِكردنی گه‌ده و گیرفانی خۆیان، گه‌رچی به‌زۆری ئه‌وانه‌ی له نێو بازارِدا، شه‌كراوی مه‌ولوود دهگێرِن، هه‌مان ئه‌و دوكاندار و بازرگان و مهللاكانهن، كه سه‌رجه‌م هه‌ژارانی شاره‌كه له ده‌ست گرانجانی و به‌زه‌یی نه‌هاتنه‌وه‌یان، به هاوولاَتیاندا ده‌ناڵێنن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه بۆنه‌كه ئه‌مساڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی وه‌رگرت و بایه‌خێكی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك شایانی پێ درا له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و به‌شێك له ده‌زگاكانی راگهیاندنمانهوه، لێره‌وه به پێویستی ده‌زانم، هه‌ندێك لایه‌نی جوانی كه‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)وه‌بیر خوێنه‌ره بهرِێزهكانی رۆژنامه‌كه، بێنمه‌وه، كه هیوادارم ئه‌وانه له ئاكاریاندا ره‌نگ بداته‌وه، پشتیوان به‌خوا به پله‌ی یه‌كه‌میش، په‌نا ده‌به‌مه بهردهقهكانی قورئان.
سه‌رده‌می له دایكبوونی
به‌رله‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)چاوی به‌دنیا هه‌ڵبێنێ، وه‌ك ده‌قه‌كانی قورئان و سه‌رچاوه مێژووییه جێگه متمانه‌كان، ئاماژه‌ی بۆده‌كه‌ن، ئهوسهروبهنده، داده‌نرێت بهتاریكترین سه‌رده‌می مێژووی ژیانی مرۆڤایه‌تی، كه قورئان له‌باره‌یه‌وه ده‌فه‌رموێت:
(له‌ده‌ره‌نجام و ئاكامی ئاكارو كاری ناهه‌مواری مرۆڤه‌كان، به‌دكاری و خراپی سه‌ر زه‌وی و نێودهریای گرتبووه‌وه، تا ببێته هۆكاری به‌خۆداهاتنه‌وه‌و گهرِانهوهیان بۆلای خوا)(1).
ئاهه‌نگی مه‌ولوود
لهگهرِانهوهیهكی دووربینانهماندا بۆ مێژووی ئیسلام راستی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه له‌سه‌رده‌مانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و یارانیشیدا، سالاَنه ئه‌و یاده نه‌كراوه‌ته‌وه، بهلاَم ئهمرِۆ، كه ئێمه ده‌بینین له‌سه‌رانسه‌ری جیهانی ئیسلامی‌دا، بایه‌خێكی زۆر به یادی له دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)ده‌درێت و دهگهرِێینهوه بۆ فه‌توا و گوتاری زانایانی كۆن و هاوچه‌رخ و دووربینی كردن له فه‌توادا، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه، وێرِای ئه‌وه‌ی كه ئایین به پێویستی نهگێرِاوه، ئه‌گه‌ر به میانرِهوییانه و به‌ده‌ر له زێدهرِۆیی بێت له پێداگوتن و پێداهه‌ڵدانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، ده‌چێته نێو قاڵبی كاره رێگه‌پێدراو(موباح)ـه‌كانه‌وه و بوارێكی باشه دهرِهخسێت بۆ برِواداران و پسپۆرِ و شاره‌زایان، كه تیایدا ئاورِدانهوه له ژیاننامه‌ی بكه‌ن و ئاكاره جوانه‌كانی وه‌بیر خه‌ڵكی بێننه‌وه، قورئانیش له زۆر جێگه‌دا باسی لهوهكردووین، بۆ كه وه‌بیرهێنانه‌وه، چه‌ند به‌سووده بۆبرِواداران و ده‌فه‌رموێت:
(وه‌بیر خه‌ڵكی بێنه‌ره‌وه چونكه وه‌بیرهێنانه‌وه سوود ده‌گه‌یه‌نێت به برِواداران)(2).
ئه‌وه‌یشمان له یاد بێت كه باشترین شێوه‌ی دهربرِینی خۆشه‌ویستی بۆپێغهمبهر(د.خ)، شوێنكه‌وتنی سوننهتهكانێتی، كه قورئان ده‌فه‌رموێت:
(پێیان بڵێ: ئه‌گه‌ر ئێوه خواتان خۆشده‌وێت شوێن من بكه‌ون خوایش ئێوه‌ی خۆشده‌وێت)(3).
ئه‌گه‌ر گه‌لانی دنیا جارێك پێویست بێت له‌سه‌ریان له بۆنه پیرۆزه‌كاندا په‌یمان تازه‌بكه‌نه‌وه بۆ زیاتر خزمه‌تكردن به دۆزه رِهواكانیان، له‌سه‌ر ئێمه‌ی كورد، سه‌دان بار پێویست تره و ده‌بێ ئه‌و بۆنه تایبه‌تییانه به هه‌ل بزانین، بۆ زیاتركردنی دڵسۆزیمان بۆ خوا و خاك و خه‌ڵكی و به‌كرده‌وه به دیاری بخه‌ین، كه ئێمه نه‌ته‌وه‌ی خۆمان ده‌وێت و پشتیوانی ده‌كه‌ین له حكوومه‌ته‌كه‌ی، ههرلێرهیشهوه داوا ده‌كه‌م له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی له كوردستان، كه یادكردنه‌وه‌كانی مه‌ولوود بخه‌نه ژێر كۆنترِۆڵی خۆیان و نه‌هێڵن كه‌سانێكی ده‌روون نزمی خۆدۆرِ و ئه‌ڵقه له گوێی بیانی، سۆزی برِواداران و كۆبوونه‌وه‌كانیان له مزگه‌وتان، بقۆزنه‌وه و به‌كاریان بێنن بۆ مه‌رامه سیاسیه‌كانی خۆیان و له‌و یاده‌دا له باتی باسی ئاكاره جوانه‌كانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، بكه‌ونه پرِوپاگهندهی حزبی و باسكردن له هه‌ندێك كهموكورِی، كه هیچ كارێكی مرۆڤ نییه به‌دووربێت له‌ره‌خنه و نه‌هێڵن ئه‌و كه‌س ولایه‌نانه، به‌ناوی باسكردن له كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه زمانی قینی نێو ناخیان بهگهرِبخهن لێمان، با زۆرتر باسی لایه‌نه پرِله به‌خششه‌كانی ژیانی ئهوكهسایهتییهمان بۆبكه‌ن، نه‌وه‌ك وتنه‌وه‌ی ئه‌و باسی جه‌نگانه‌ی كه له‌سایه‌ی به‌رنامه‌كانی ته‌له‌فزیۆن و فلیمه‌كانی وه‌ك ریسالهوه، خه‌ڵكی هه‌موویانی لهبهركردوون، باسمان له خۆشیی ژیان بۆبكه‌ن و هانی خه‌ڵكی بده‌ن بۆ پێشخستنی شارستانی و گه‌یشتنمان بهرِیزی خه‌ڵكی و دروست كردنی ئامێری خزمه‌تگوزاری و پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیا.
پێغه‌مبه‌ری مزگێنی و میهره‌بانی(د.خ)
خوای گه‌وره له‌چه‌ندین ئایه‌تی قورئاندا، باس له‌ئامانجه‌كانی ناردنی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)ده‌كات و پێمان ده‌فه‌رموێت:
یه‌كه‌م: (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر، ئێمه تۆمان ناردووه بۆئه‌وه‌ی:
1: گه‌واه(شایه‌ت) بیت به‌سه‌ریانه‌وه.
2: ناردومانی بۆئه‌وه‌ی مزگێنیان پێَ بده‌یت.
3: ناردومانی بۆئه‌وه‌ی بیانترسێنی له‌ئاكامی خراپكاری.
4: ناردوومانی بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بانگ بكه‌یت بۆلای خوا و له‌به‌رخوا، به‌پێی فه‌رمانی ئه‌و.
5: ناردومانی بۆئه‌وه‌ی ببیته چرای رۆشن و رێگه‌یان بۆ رۆشن بكه‌یته‌وه. دهمزگێنی بده بهبرِواداران، كهلهلایهنی خواوه به‌خشش و میهره‌بانی زۆریان بۆئامادهكراوه(4).
دووه‌م: له‌شوێنێكی دیكه‌دا ده‌فه‌رموێت:
(ئه‌ی خه‌ڵكینه، خوای گه‌وره شه‌ریعه‌تێكی بۆئێوه هه‌ڵبژاردووه و بۆی كردونه‌ته ئایین، كه وه‌ك ئه‌وه وه‌هایه كه فه‌رمانی پێ دابوو به نوح پێغه‌مبه‌ر و ئه‌وه‌ی، كه بۆمحمدمان ناردووه و ئه‌وه‌یه، كه بۆ ئیبراهیم وموسا و عیسایشمان ناردووه، ئهوفهرمانهیش بریتیه له‌وه‌ی، كه‌ده‌بێ، ئایینی خوا پیاده‌بكه‌ن و تووشی ناحه‌زی ولێكجودایی نه‌بن، كه بهرِاستی به‌لای ئه‌وكه‌سانه‌وه، كه هاوه‌ڵ بۆ خوا په‌یدا ده‌كه‌ن، ئهوبانگهی ئێوه، زۆر گه‌وره‌یه، به‌مانا، كهبانگیان ده‌كه‌ن بۆلای خوای تاكوتهنیا، به‌راستی خوای گه‌وره، ئاره‌زوو و ویستی له كێ بێت هه‌ڵی ده‌بژێرێت و بۆخۆی رێنمویی ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كهبۆلای دهگهرِێنهوه)(5).
سێیه‌م: (سه‌وگه‌ند به‌په‌روه‌ردگاری تۆ، برِوای هیچ برِوادارێك دانامه‌زرێت، تا تۆ نه‌كه‌نه دادوه‌رو سه‌رپشكی هه‌ر رێنمووییهك و رێكه‌وتنی ههرناكۆكیهكی نێوانیان، پاشانیش هێنده به‌دڵ وده‌روون بهبرِیار و دادپرسییهكهت رازی ببن، كه له‌نێو دهروونیشیاندا، له‌سه‌ر برِیارهكانت، ناره‌زایی نه‌بێت و خۆ وه‌ده‌سته‌وه بده‌ن)(6).
چواره‌م: (له‌ناوخه‌ڵكیدا، كاربهوپهیامه بكه، كه خوا ناردوویهتییهخوارهوه بۆ، كارپێكردن و دادپرسین پێی و شوێن خواست وئارهزووهكانیان نه‌كه‌ویت!، وریاى خۆت به له‌خشته‌ت نه‌به‌ن و وات لێبكه‌ن له‌هه‌ندێك له‌په‌یامه‌كانی خوا، كه‌بۆی ناردووی به‌دوورت بخه‌نه‌وه، تۆكاری خۆت ئه‌نجامبده، ئیتر ئه‌گه‌ر ئه‌وان پشتیان تێكرد، باش بزانه كه‌خوای گه‌وره، ده‌یه‌وێت له‌ئه‌نجامی تاوانكارییاندا، تۆڵه‌ی هه‌ندێ له سهرپێچێكانیان، لێ بستێنێت، كه به‌راستی زۆرینه‌ی خه‌ڵك حه‌زیان بهخراپهیه و تاوانبارن)(7).
پێغه‌مبه‌ری مامۆستا(د.خ)
پێنجه‌م: (په‌روه‌ردگاری ئێوه ئه‌وخوایه‌یه، كه له‌نێو نه‌خوێنده‌واره‌كاندا، پێغه‌مبه‌رێكی هه‌ڵبژارد، كه ئایه‌ته‌كانی خوایان بۆ ده‌خوێنێته‌وه‌و ده‌روونیان به‌رزده‌كاته‌وه و بۆیان ده‌پارێته‌وه‌و زانست و حیكمه‌تیان فێرده‌كا، گه‌رچی به‌رله‌هاتنی ئه‌و، ئه‌وان لهگومرِاییهكی زۆر دیاردا بوون)(8).
شه‌شه‌م: (بهرِاستی گه‌ر ئێوه بتانه‌وێ مامۆستای باش بۆخۆتان هه‌ڵببژێرن و لێیه‌وه فێری كاری چاك ببن، پێغه‌مبه‌ری خوا(د.خ)، بۆئه‌وانه مامۆستایه كه بیرلهرازیكردنی خوا‌و دابینكردنی خۆشیی رۆژی دوایی ده‌كه‌نه‌وه و زۆر یادی خوا ده‌كه‌نه‌وه)(9).
ئه‌ركی سه‌رشانمان له‌ئاست پێغه‌مبه‌ر(د.خ)
1: خۆشه‌ویستی بۆی.
2: ملكه‌چی بۆفهرمانهكانی.
3: شوێنكه‌وتنی سوننه‌ته‌كانی.
4: رازیبوون به‌شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی.
5: رێنماییكردنی خه‌ڵك بۆكارهجوانهكانی و ئایینه‌كه‌ی.
6: خزمه‌تكردن بهئایینهكهی.
7: زۆر سهلاَواتدان له‌سه‌ری.
8: خۆشه‌ویستی بۆئالوبهیت و خانه‌واده‌كه‌ی.
9: بایه‌خدان به شێوازی په‌روه‌رده‌كردنی بۆمنداڵ و خێزان.
10: ده‌ستپاكی و ئه‌مانه‌تپارێزی.
11: لێبووردن و میهره‌بانی.
12: راستگۆیی.
13: خۆپاراستن له‌قسه‌ی پاشمله.
14: خۆپاراستن له دوورِوویی.
15: خۆ به‌كه‌مزانین و ته‌وازوع و رووخۆشی.
16: رێزگرتن له‌دراوسێ.
17: خۆنه‌ویستی.
18: سوپاسگوزاری بۆخوا و پاشان هه‌ركه‌س كهچاكهی له‌گه‌ڵ كردی.
19: وابه‌سته‌بوون به‌نیشتمانه‌وه.
20: ئیخلاسكردن له‌په‌رستش و كاره‌كاندا.
موعجیزه‌كانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)
ناكرێ مرۆڤ باس له ژیانی پێغهمبهربكات و (د.خ)له‌هه‌مان كاتیش‌دا باسی، كه‌مێك له موجیزه گه‌ردوونییه‌كانی نه‌كات، ئه‌و موجیزانهی، كه گه‌لێك زۆربوون و زۆریش باسكردنیان باوه لهنێوموسڵمانانی جیهاندا، به‌تایبه‌تی له‌م سه‌رو به‌ندی مه‌ولید خوێندنه‌وه‌دا، به‌زۆری باسیان لێده‌كرێت، كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تایشه‌وه ئه‌وه‌ده‌ڵێم: پێویسته لهوهئاگاداربین، كه هه‌رگیز، له‌لایه‌ن زانایانه‌وه، باسكردن له موجیزهكانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) نه‌كراوه‌ته كۆڵه‌كه و بنه‌ما بۆ به‌هێزكردنی بانگكردنی خه‌ڵكی بۆ شوێنكه‌وتنی ئایینی ئیسلام!، ته‌نانه‌ت یاره‌كانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و دوای ئه‌وانیش(تابیعین)به‌كه‌می نه‌بوایه، باسیان له موجیزهكان، نه‌ده‌كرد و بۆ بانگه‌كه‌یان، پشتیان پێنهدهبهستن، بهلاَم له دوای ئه‌وانه‌وه، خه‌ڵكی كه‌وتنه بایه‌خ پێدان و ده‌ماو ده‌م باسكردن و گێرِانهوهیان، كه زۆر به‌داخه‌وه، لهوگێرِانهوه و نووسینانهیشیدا، موجیزهكانیش كه‌وتوونه‌ته ژێر ته‌وژمی كهمو زیاد كردن. دروستكردنی به‌ناو فه‌رمووده‌ی ده‌ست هه‌ڵبه‌ست، ئه‌وانیشی گرتۆته‌وه، كه له‌ئه‌نجامدا، وه‌ك كلتوور ده‌یان موجیزه‌ی نارِهوا و نادروستیش هاتنه گێرِانه و باسكردن، سه‌رباری ئه‌وه‌یش، بابه‌تی كه‌رامه‌تی پیاوچاكان و دروستكردنی سه‌دان و هه‌زاران ئه‌فسانه هاته نێو كلتووری گه‌لانی موسڵمانه‌وه، به‌تایبه‌تی، ئه‌و نه‌ته‌وه و گه‌لانه‌ی، كه عه‌ره‌به‌كان پێمان ده‌ڵێن: (عه‌جه‌م)، ئیتر ئه‌م ده‌روازه‌ی(كه‌رامه‌ت)ـــه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رباد وبێ سنووری وه‌ها، والاَ و له‌سه‌ر پشت كرایه‌وه، كه ده‌یان ساڵ و سه‌دان نووسین و چالاكی و كۆرِو سیمینار و كتێب و توێژینه‌وه‌ی ده‌وێت، بۆ ههلاَ وێرد كردنی راست له درۆ و پاك له‌پیس!، جه‌نابی شێخ موحممه‌د ره‌شید ریزای ره‌حمه‌تی، ده‌ڵێ: (نیشانه گه‌وره‌كانی پێغه‌مبه‌رایه‌تی، موحممه‌د(د.خ) زۆر بهرفرهترن لهموجیزهكان، بۆ وێنه: ئه‌و مزگێنییانهی كه هه‌ر پێغه‌مبه‌رێك، له‌باره‌ی هاتنی ئه‌مه‌وه، به‌نه‌ته‌وه‌ی خۆیداوه، له‌ژماردن نایه‌ن و پێیشیان ناگوترێت: موجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌نێو كتێبخانه‌ی فاتیكاندا، ئینجیلێكی تێدایه، كه به‌خه‌تی حیمهیهری نووسراوه و زۆریش به‌ر له‌هاتنی پێغه‌مبه‌ره(د.خ)و تیایدا هاتووه: من مزگێنی ئه‌وه‌تان ده‌ده‌مێ، كه پێغه‌مبه‌رێك له‌دوای من دێت و ناوی ئه‌حمه‌د ده‌بێت) گه‌وره‌ترین موجیزهیشی، كه قورئانه هه‌رخۆی ده‌یان موجیزه‌ی گه‌وره‌ی له‌خۆ گرتووه)ده‌بێ ئه‌وه‌یشمان له‌یاد بێت كه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌راوردێك بكه‌ین له‌نێوان موجیزهكانی ئه‌و و موجیزهكانی پێغه‌مبه‌رانی تردا، ئه‌وانه‌ی ئه‌و به‌دووداچوونی زۆرتریان له‌سه‌ر كراوه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن پسپۆرِ و شاره‌زایانی بواری فه‌رمووده و ژیاننامه‌ی خۆیدا، لێره‌وه وه‌ك بابه‌تێكی ئایینی و بۆ شاره‌زایی بوون، چه‌ند نموونه‌یه‌كی موجیزهكانیتان بۆ دینمهوه:
موجیزه‌ی دووكوتكردنی مانگ
دوو كتێبه سه‌حیحه‌كه‌ی بوخاری و موسلیم، وه‌ك ده‌یان سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی به‌رده‌ستی برِواداران، باسمان له‌وه بۆ ده‌كه‌ن، كه له‌سه‌ره‌تای هاتنی پێغه‌مبه‌ردا(د.خ)نه‌یاره‌كانی داوای ئه‌وه‌ی لێده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و راست ده‌كات له‌لایه‌ن خواوه هاتووه، با شتێكی وه‌هایان نیشان بدات، كه به‌ڵگه‌ی گه‌وره‌یی و راستێتی ئه‌و بێت، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وان مكورِییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كرد، كه ده‌بێ ئهوموجیزهیه، رووداوێكی گه‌ردوونی(كه‌ونی)بێت، نه‌ك خوێندنه‌وه‌ی قورئان و باسكردنی وه‌ها، كه ئه‌وان لێی به ئاگانه‌بن، ئیتر پێغه‌مبه‌ریش(د.خ)به‌ئه‌نگوشتی شایه‌تمانی ئاماژه بۆ مانگ ده‌كات و وه‌به‌ر چاوی خۆیانه‌وه ده‌بینن دووكوت ده‌بێت، ئه‌م ده‌قه له‌لای زانایانی فه‌رمووده‌زان پێی ده‌گوترێت: تهواتور و رای زانایان له‌سه‌ر راستییه‌كه‌ی یه‌كه، بهلاَم هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن وه‌ك پابه‌ندبوون، به‌هه‌ندێك زانستی ئه‌ستێره‌ناسییه‌وه گووتوویانه: گه‌ر بوایه و ئه‌و رووداوه راست بوایه، ده‌بوو له‌مێژووی نه‌ته‌وه و ولاَتهكاندا هه‌بوایه و تۆمار بكرایه، كه ئه‌مه‌ش مه‌رج نییه به‌هایه‌كی زۆری هه‌بێت چونكه له‌یه‌ك ئانوساتدا، له هه‌مووشوێنێكی زه‌وی، به‌یه‌ك پێوه‌ر و وه‌ك یه‌ك مانگ نابینرێت(10).
موجیزه‌ی زۆر كردنی خواردن وخواردنه‌وه
له‌زۆر جێگه‌دا، كتێبه‌كانی فه‌رمووده، باسی ئه‌وه‌یان بۆ كردووین، كه جاری وه‌ها بووه ئه‌وخواردن، یان ئه‌و ئاوه‌ی له‌به‌رده‌ست یاره‌كانی پێغه‌مبه‌ردا بووه(د.خ)كه‌م بووه و ئه‌ویش دوعای به‌سه‌ردا خوێندووه، ئیتر خوای گه‌وره فهرِی تێخستووه و زیادی كردووه، یاخود له‌نێوان په‌نجه‌كانیدا ئاوی هێناوه‌ته ده‌ره‌وه(11).
موجیزه‌ی پێشوه‌خته باسكردن له هه‌ندێك روودا و
له‌نێو هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوانه‌دا به‌زۆری باس له‌وه‌كراوه، كه پێغه‌مبه‌ر(د.خ)له قسه‌یدا شتی وه‌های باسكردووه، كه فه‌رموویه‌تی رووده‌دات، وه‌ك باسكردنی له‌وه‌ی، كه سه‌رده‌مانێك دێت خه‌ڵك ماده بێهۆشكه‌ره‌كان ده‌خۆنه‌وه و ناوی تازه‌ی لێده‌نێن!، یان نه‌خۆشی وه‌ها دێته نێو خه‌ڵك، كه پێشتر نه‌بووه، یان قه‌ڵه‌وی زۆر ده‌بێت، یان ململانێی دروستكردنی مزگه‌وتی رازاوه زۆر ده‌بێت، یان باسكردنی له‌كوشتنی عه‌ماری كورِی یاسر، یان باسكردنی له‌وه‌ی، كه رۆژێ دادێت، حه‌سه‌نی كچه‌زای، ده‌بێته خوێن خۆشكه‌ری نێوان دوولایه‌ن و ئه‌مانه‌و ده‌یان و سه‌دانی دیكه‌یش(12).
تێبینی: بۆ زیاتر شاره‌زابوون له‌م موجیزانه، بگهرِێنهوه بۆ دوو كتێبه‌ی سه‌حیحی بوخاری و سه‌حیحی موسلیم و شه‌مائیلی نه‌به‌وی، تورمزی و كتێبه‌كانی سیره و سه‌حیحه‌ی ئه‌لبانی.
دواوشه:
خوێنه‌ری بهرِێز: من وه‌ك برِوادارێك برِوای ته‌واوم به‌هه‌ر موجیزه و كه‌رامه‌تێكی راست هه‌یه، كه به‌ده‌قی قورئان، یان به فه‌رمووده‌ی دروست و گێرِانهوهی راست چهسپیبێت، بهلاَم برِوام به‌وه‌یش هه‌یه، كه: ناكرێ برِواهێنان له‌سه‌ر ئه‌وبنه‌مایه دابمه‌زرێت و خه‌ڵك داوای ئه‌وه‌یان لێبكرێت!، ته‌نانه‌ت برِوابوون بهموجیزهكانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)جیایه له‌وه‌ی، كه ئهمرِۆ باسیان بكه‌یت و داوا له‌خه‌ڵك بكه‌یت، كه‌ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وانه برِوا بهێنن، زۆر جارخوای گه‌وره، تفی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)ی كردووه به‌چاره‌سه‌ر، بۆ ئازار و بۆنهخۆشییهك، بهلاَم ئه‌مه مانای ئه‌وه‌نییه، كه‌سانێك به‌ناوی رچهڵهكهوه، بۆچاكبوونهوه و به‌ره‌كه‌ت، ئێمه تف باران بكه‌ن، موجیزه‌ی هه‌ره‌گه‌وره‌ی نهبرِاوهی پێغه‌مبه‌ر (د.خ)وه‌ك جه‌نابی مه‌حوی ده‌فه‌رموێت : (ئه‌علا موعجیزه‌ی قوربانی بم من ئایاتی قورئانه).
پهرِاوێزهكان:
(1)(به‌شێك له‌مانای ئایه‌تی 41 ی سوره‌تی روم).
(2)(به‌شێك له‌مانای ئایه‌تی 55 ی سوره‌تی زاریات).
(3)(به‌شێك له‌مانای ئایه‌تی 31 ی سوره‌تی ئالی عیمران).
(4)(به‌شێك له‌مانای ئایه‌تی 45 و 46 ی سوره‌تی ئه‌حزاب).
(5) (به‌شێك له‌مانای ئایه‌تی 13 ی سوره‌تی شورا).
(6)(به‌شێك له‌مانای ئایه‌تی 65 ی سوره‌تی نیسا).
(7)(به‌شێك له‌مانای ئایه‌تی 49 ی سوره‌تی مائیده).
(8)(به‌شێك له‌مانای ئایه‌تی 2 ی سوره‌تی جومعه).
(9)(به‌شێك له‌مانی ئایه‌تی 21 ی سوره‌تی ئه‌لئه‌حزاب).
(10)به‌شێك له‌مانای ئه‌یه‌تی144ی سوروهتی به‌قهره.
(11)به‌شێك له‌مانای ئایه‌تی 27ی سوره‌تی ئه‌لفه‌تح.
(12)به‌شێك له‌مانای ئایه‌تی 5ی سوره‌تی به‌یینه. |