لەسەر چەند پرسێکی یاسایی و کۆمەڵایەتی یەکێتی زانایان و لێژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە

ئەمرۆ 7ی7ی2021 بە سەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان شاندێکی باڵای یەکێتی زانایان بە مەبەستی گفتوگۆی چەند پرسێکی پەیوەست و کۆمەڵایەتی و یاسایی سەردانی لێژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.


سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای سوپاس و خۆشحاڵی دەربڕین باسی لە بابەتی دەستوورو پێگەی ئایینی ئیسلام و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کردو هیوای خواست پسپۆڕانی یاسایی بە دیراسەیەکی وردو واقعی ئەم پرسە لەبەرچاو بگرن و کاری لەسەر بکەن، هەروەها ئاماژە بە گرنگی یاسا لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێ کردنی یاساکان لەهەرێمی کوردستان بەتایبەت یاسای باری کەسی کرد، بە پێیەی کێشەکان لەهەڵکشان دان و لەرووی کۆمەڵایەتیەوە ئاریشەی زۆر بۆ کۆمەڵگە دروست بووەو پێویستی بە چارەسەرو دەرچەی گونجاو هەیە لە دۆخی ئێستاداو یەکێتی زانایان لەروانگەی پەرۆشیەوە دەیەوێ رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە.


دواتر بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا راو سەرنجی وردو واقعیانەیان لەبارەی کەم و کوڕی ناو یاسایەکە خستەروو، کە پێویستی بە هەوڵ و هیممەتی هەموولایەکە بۆ گەیشتن بە چارەسەر.


دواتر بەرێز د. بژار خالد سەرۆکی لێژنەی کاروباری یاسایی و برادەرانی بەژدار بوو، وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنان و سوپاسی هەڵوێست و خەمخۆری یەکێتی زانایان بۆ ئەم پرسەو رێگەچارەی کەمکردنەوەی گرفتە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان، باسیان لە گرنگی دەرچوواندنی یاساکان بە پێی دۆخی کۆمەڵگەو لەبەر چاوگرتنی تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی کردەوەو ئەو هەوڵ و دەستپێشخەرییەی یەکێتی زانایانیان بە گرنگ و گەورە وەسف کردو ئاماژەشیان بەوەدا کە بۆچوون و رای یەکێتی زانایان بەلای ئەوانەی جێی بەهەند وەرگرتن.


شایەنی باسە دەنیشتنەکە گفتوگۆی تێروتەسەلی لەبارەی بڕگەو بابەتەکانی ئەم پرسە کردو هەردوولا جەختیان لە زیاتر هەماهەنگی و پاڵپشتی یەکترو دیارکردنی میکانیزمی هەنگاوی کردەیی لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی گرفتە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان کردەوە.