بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی موسڵمانان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
(ذَلِكَ وَمَنْ يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِنْ تَقْوَى الْقُلُوبِ)
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی موسڵمانانی جیهان بەگشتی و موسڵمانانی خۆشەویستی کوردستان بە تایبەتی دەکەین، خوای گەورە تاعەت و خواپەرستی هەموو لایەک قەبوڵ بفەرموێ و جەژنیش بکاتە مایەی خێرو خۆشی و نەمانی نەخۆشی و ناخۆشی لەسەر کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی.
جەژنی قوربان یەکێکە لە دروشمە گەورەکانی ئیسلام و تەعبیرە لە ئەنجامدانی فەریزەی حەج و قوربانيدان و دەربڕینی خۆشی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازەو نیەتخێری و ئاشتبوونەوەو برایەتی، بۆیە دەبێ هەمووان بەو پەڕی رێزەوە لەو دروشمە گەورەی ئیسلام بڕوانین و بیکەینە وێستگەی ئاشبوونەوەی پتری نیشتمانی و هەماهەنگی و یەکریزی نێو ماڵی کوردو لایەنەکان.
ئومێد دەکەین ئەم جەژنە ببێتە مایەی شادی و خۆشی و ئاشتی و تەبایی زیاترو لاپەڕەیەکی تازە بێت بۆ وەلانانی ناکۆکی و یەکخستنەوەی ریزەکانی نێو ماڵی کوردو لێک نزیکی لایەنەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی و هاوڵاتیان.
جارێکی تر پیرۆزبایی لە موسڵمانان و بەتایبەتی زانایانی بەرێزی ئایینی دەکەین، خوای گەورە هەموو لایەک سەلامەت بکات.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
19ی7ی2021 |