ئەنجومەنی باڵای فەتوا حوکمی نەشتەرگەری جوانکاری روون دەکاتەوە

لەدوایین فەتوایدا ئەنجومەنی باڵای فەتوا حوکمی نەشتەرگەری جوانکاری بڵاوکردەوە، کە لە ئێستا خەڵکانێک ئەنجامی  دەدەن بێ گوێدانە لایەنی شەرعی و فەتوای زانایانی سەردەم.


ئەمەش دوای ئەوە هات كه‌ كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ هاوڵاتیان و توێژه‌رو پسپۆڕان و پزیشكانی بواری نه‌شته‌رگه‌ری به‌ڕێز پرسیاریان كرد له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا سه‌باره‌ت به‌ حوكمی شه‌رعی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری هه‌مه‌چه‌شنه‌، ئه‌نجومه‌نی باڵا له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ 3 ذو الحجه‌ ی 1442 كۆچی به‌رانبه‌ر 13/7/ 2021 پاش لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونی وردو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌قه‌كانی شه‌ریعه‌ت و سه‌رچاوه‌كانی فیقهی ئیسلامی به‌ گشتی و ئوسوڵ و قه‌واعیدی مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعی(ره‌حمه‌تی خوای له‌ سه‌ر بێت) به‌ تایبه‌ت ئه‌م فه‌توایه‌ی راگەیاند.


لە بەشێکی فەتواکە هاتووە: نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری دوو  جۆره‌‌: جۆری یه‌كه‌م: نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری پێویست، له‌و جۆره‌دا ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر ڕووداوێكی نه‌خوازراودا یان به‌ هه‌ر هۆكارێكی تر وه‌ك زگماك یه‌كێك له‌م ئه‌ندامانانه‌ی له‌ده‌ست دابوو یان هه‌ر نه‌یبو یان زیاتری له‌ئاسایی هه‌بوو ئه‌وا دروسته‌ نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجام بدات له‌ژێر چاودێری پزیشكی و بیانگێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌سڵی سروشتی خۆی.


جۆری دووه‌م: جوانكاری ناپێویستی نادروست، وه‌ك هه‌ر جوانكارییه‌ك كه‌ مرۆڤ بیه‌وێت له‌ هه‌ر ئه‌ندامێكی له‌شی خۆی یان بۆ غه‌یری خۆی ئه‌نجامی بدات كه‌ پێویست نه‌بێت له‌ رووی پزیشكییه‌وه‌ به‌ڵكو ته‌نها بۆ جوانكاری و چاولێكردن بێت، له‌ نموونه‌ی بچوككردنه‌وه‌ی لووت, ده‌م, گوێچكه‌, به‌رزكردنه‌وه‌ی برۆ،  كوڵم، لابردنی چرچ ولۆچی ده‌م وچاو به‌ هۆی ته‌مه‌نه‌وه‌، دانانی فیله‌ر، بۆتۆكس... هاوشێوه‌كانیان بۆ هه‌ر جێگه‌و ئه‌ندامێكی له‌ش به‌ پڕكردنه‌وه‌ یان نزم و به‌رزكردنه‌وه‌ یان ئه‌ستوركردن یان باریككردنه‌وه‌ و ..هتد.. ئه‌مانه‌ تێكڕایان حه‌رامن.


لەم لینکەی خوارەوە دەتوانن تەواوی فەتوایەکە بخوێننەوە:


http://www.zanayan.org/t_detail.php?section=2&id=26577